پرسی کوردبوون و نەبوونی ئێزدییەکان
بەبۆنەی دەیەمین ساڵڕۆژی جینۆسایدییان
لە حوزەیرانی ئەمساڵدا ١٨٢ پەرلەمانتاری عارەب، زۆرینەی شیعە، واژۆیەکییان بۆ پڕۆژەی بەفەرمی ناسینی ئێزدییەکانییان وەک نەتەوەیەکی جیاواز کۆکردەوە. ئەگەر ئەنجوومەنی باڵای ڕۆحانی ئێزدی نەهاتبایە سەرخەت، ئەم پڕۆژە یاسایە بەئاسانی تێدەپەڕێندرا.
هاوتەریب لەگەڵ ئەم هەوڵە نەزۆکەدا، عارەبە شیعەکان بە وردی و سیستەماتیکی کار بۆ دابڕینی کوردی فەیلی لە جەستەی نەتەوەی دایک دەکەن .
عارەبە شیعەکان، تا ئێستا لە جیاکردنەوەی کوردی شەبەکدا سەرکەوتوو بوون.
شەبەکەکان تێکەڵەیەکن لە کۆمەڵێک عەشیرەتی ڕەسەنی کوردی، لەوانەش زەنگەنە، باجەلان، ڕۆژبەیانی، داودە، لەک، ئۆمەربل و زراری و بەزاراوەی گۆرانی دەئاخفێن، ئێستا خۆیان بە جیاواز لە کورد دەناسێنن.
شەش سەدەیە هەوڵی دابڕینی ئێزدییەکان شکست دێنێت
ڕیشەی هەوڵی دابڕینی کوردی ئێزدی لە کوردی موسوڵمان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٤٥١ و بۆ سەردەمی سوڵتان محەمەدی دووەمی تورکەکان.
لەو ساڵەدا سوڵتانی تورکەکان لەسەر بنەمای یاسای میللەت بۆ ئیدارەدان و حوکمڕانیکردنی نەتەوە ژێردەستەکان، لەوانەش کورد ڕێکخست.
یاساکە، نەتەوەکانی ژێردەستی تورکەکانی لەسەر بنەمای ئایین، نەک نەتەوە ڕێکخست. بەگوێرەی یاساکە نەتەوە ژێردەستەکان دابەشکران بۆ سەر سێ میللەت: موسوڵمان، کریستیان و جوو.
واتە تەنها پەیڕەوانی ئایینە ئیبڕاهیمییەکان وەک نەتەوە ناسێنران.
یاسای میللەت کۆمەڵگەی کوردی لەبەریەک هەڵوەشاند
هەرچەندە، بەهۆی سیستەمی میرنشینی، یاسای میللەت، کەمتر لە کوردستان کاری پێدەکرا، بەڵام لە ساڵی ١٨٣٩دا و لەچوارچێوەی یاسای تەنزیماتی تورکە عوسمانییەکاندا، کە لەبنەڕەتدا بۆ سەپاندنی حوکمی ناوەندی و ڕاستەوخۆی تورکەکان بۆسەر کوردستان و نەتەوەکانی تر بوو، یاسای میللەت بەسەر کوردستانیشدا سەپێنرا.
یەکەم لێکەوتەی ئەو سیستەمە ڕووخاندنی میرنشینەکان بوو؛
لەماوەی ١٥ ساڵدا سەرجەم میرنشینەکانی کوردستان ڕووخێنران و تورکەکان ڕاستەوخۆ حوکمی کوردستانییان کرد. ئەمەش زەمینەی ڕەخساند سیستەمی میللەت بەسەر کوردستاندا بسەپێنرێت. واتە یەکەم گورز بەر کۆی نەتەوەی کورد کەوت.
دووەم لێکەوتەی ئەم سیستەمە جیاکردنەوەی کوردانی کریستیان، یان تەیاری و نەستۆرییەکان بوو لە نەتەوەی کورد.
وەک پێشتر ئاماژەم پێدا، سیستەمی میللەت ناسنامەی نەتەوەیی سڕییەوە و هاوشێوەی نەتەوە ژێردەستەکانی تر، کوردیشی لەسەر بنەمای موسوڵمان و جوو و کریستیان دابەش کرد.
دابڕینی کریستیانە تەیاری و نەستۆرییەکان لەجەستەی نەتەوەی کورد لەوساوە دەست پێدەکات. بەهاوکاری تەبشیرییەکانی ڕۆژئاوا، جیاوازی ئایینی لە کریستیانییەوە گۆڕدرا بۆ ئاشوری و سریانی و کلدانی.
سێیەم لێکەوتەی سیستەمی میللەت بەناکوردکردنی کوردانی موسوڵمان بوو
سیستەمی میللەت هەر کوردە کریستیانەکانی لەجەستەی کورد دانەبڕی، بەڵکو کوردی موسوڵمانیشی لە ناسنامەی کوردی و کوردستانی نامۆ کرد.
گەنگەشەی تورکە لاوەکان لەسەردەمی ئیتیحاد و تەرەقیدا کە کوردیش هەر تورکن، یان کورد و تورک یەک نەتەوەن بێبنەما نەبوو.
ئەم ئارگۆمێنتەی کە کوردیش هەر تورکە لەسەر بنەمای ناسنامەی ئایینی، لە کاتی یەکلاکردنەوەی چارەنووسی باشووری کوردستان (ویلایەتی مووسڵ) بەهێزترین ئارگومێنتی تورکەکان بوو.
هەر لەسەر بنەمای ئەوەی کوردیش هەر تورکن مادام هەردووکییان موسوڵمانن، زییا گۆکلابی کورد، تیۆری تورکبوونی کورد دادەڕێژێت و ئەم تیۆرە لە سەد ساڵی ڕابردوودا ببووە ئایدیۆلۆژیای فەرمی دەوڵەتی تورک.
لەسەدەی ڕابردوودا و لە باکووری کوردستاندا ناسنامەی موسوڵمانبوونی کورد هاوتا بووە لەگەڵ بەتورکبوونی کورد. ئەمە بێ هەڵاواردن بۆ هەردوو سەردەمی ئەتاتورکیزم و ئەردۆغانیزم ڕاستە.
هەتا ئێستاش ملیۆنان کوردی باکوور لەسەر بنەمای موسوڵمانبوون کێشەیان لەگەڵ تورکبووندا نییە و لە زاهیردا موسوڵمان بوون و لە دەرەنجامیشدا تورکبوون ناسنامەی سەرەکییانە و سیستەمی داگیرکاری تورکی لەکوردستان لەسەر ئەو بنەمایە وەستاوە.
ئەم “ناکوردبوونە”ش بۆ کوردە موسوڵمانەکانی باشوور، ئەوانەی لەژێر کاریگەری گرووپە فیرقەییەکاندان ڕاستە. بۆ دەیان هەزار کوردی فریقەیی باشوور، بەتایبەتی فیرقەی ئیخوانی، فەلەستین قەزییەی میحوەرییە و وەک ئەبوبەکر هەڵەدنی، کادیری ئەو فیرقەیە بە ڕەخنەوە دەڵێت، دۆزی کورد بۆ فیرقەی ئەوان هیچ بایەخێکی نییە. ئەمەش لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەپەیوەست بەکوشتنی هەنییە و خیتابی شەهیدی ئۆممەت، بەڕاشکاوی بینیمان.
یاسای میللەت سەرەتای دۆزەخ و فەرمانی ئێزدییەکان
یاسای میللەت ئێزدییەکانی نەگرتەوە، چونکە لە ئایینە ئیبراهیمییەکان هەژمار ناکرێت. ئەمەش دەروازەی دۆزەخ و کوشتاری بۆ ئێزدییەکان کردەوە. لەسای سیستەمی دەوڵەتدا، کریستیان و جوو جۆرێک لە ئۆتۆنۆمییان هەبوو و پارێزراو بوون (هەرچەندە دواتر زۆربەیان جینۆساید و دەربەدەرکران، لەوانەش ئەرمەنی و نەستۆری و تەیارییەکان). بەڵام ئێزدییەکان هیچ پارێزبەندییەکییان نەبوو. دابڕین و پۆلێنکردنی ئێزدییەکان وەک “شەیتانپەرەست” لێرەوە سەرچاوە دەگرێت.
ئەمەش لە دوو سەدەی ڕابردوودا دەروازە بۆ هەموو کردەیەکی ڕەگەزپەرەستی و دوژمنکارانە لە دژیان دەکاتەوە.
هەرچەندە، شەرەفخانی بەدلیسی، لە شەرەفنامەکەیدا (١٥٩٦)دا نووسیوییەتی، چەمکی شەیتانپەرەست بۆ ئێزدییەکان بەکاردێنێت، بەڵام وەک کورد دەیانناسێنێت و لە کوردی موسوڵمان جیایان ناکاتەوە. لەبەرئەوەی هێشتا یاسای میللەتی تورکەکان لە کوردستان کاری پێ نەدەکرا.
کوشتاری ئێزدییەکان لە ساڵی ١٩٣٥، لەلایەن سوپای قەوارەی عێراقییەوە و جینۆسایدی ٢٠١٤ش لەلایەن عارەبی سووننەی سەر بە فیرقەی داعشەوە درێژکراوەی هەمان پۆلێکردنن کە لە سیستەمی میللەت سەر دەگرێت.
بەناکوردکردنی کوردی ئێزدی وەک سیاسەتی مەرکەزی عێراق و ئەرمەنستان
ئەرمەنستان
لەسەردەمی سۆڤییەتدا و تا ساڵی ١٩٨٩ کوردی موسوڵمان و ئێزدی لە مامەڵەی دەوڵەتی سۆڤییەتدا، لەوانەش لە سەرژمێرییەکاندا، لەیەک جیانەکراونەتەوە. لەگەڵ سەرەتاکانی سەربەخۆیی ئەرمەنستان، ئەرمەنییەکان سیاسەتی دابڕانی کوردی موسوڵمان و ئێزدی کرایە سیاسەتی سەرەکی ئەرمەنییەکان.
قەوارەی عێڕاق
لە سەرژمێرییەکانی پەیوەست بە یەکلاکردنەوەی ویلایەتی مووسڵ، کە هەریەک لە تورکەکان و ئینگلیزەکان بۆ کۆمەڵەی گەلانییان ئامادەکردبوو، ئێزدی بە کورد هەژمار نەکرابوون، واتە نە تورکەکان و نە ئینگلیزەکان ئێزدییان بەکورد هەژمار نەکردبوو.
تورکەکان لە ڕوانگەی سیاسەتی میللەتەوە و پێداگرییان لەوەی کە تورک و کورد یەک ئایینییان هەیە و بۆیە یەک نەتەوەن، واتە کوردیش هەر تورکە و هەر لەسەر ئەو بنەمایەش مامەڵەیان لەگەڵ ژمارە و ڕێژەی کورد دەکرد. بۆ ئەو مەبەستەش دەبووایە ئێزدی لەکورد داببڕن.
ئینگلیزەکانیش بۆ بەتاڵکردنەوەی ئارگومێنتی تورکەکان و بۆ ئەوەی ڕێژەی ناکوردەکان، واتە ناتورکەکان، لە ویلایەتی مووسڵ زیاد بکەن، ئێزدییەکانیان لەکورد دابڕی.
دەوڵەتی دەستکردی عێراق، هەر لەدوای دامەزراندنییەوە و لەهەموو سەرژمێرییەکانییاندا، ئێزدییان بەجیا لە کورد هەژمار کردووە. بەڵام، لە سەرژمێری گشتی ساڵی ١٩٧٧دا و لەسەردەم داگیرکاری بەعسدا، ئەم جیاکارییە چووە قۆناغێکی مەترسیدارەوە. لەم سەرژمێرییەدا ناسنامەی عارەبی بەسەر ئێزدییەکاندا سەپێنرا.
لەو سەرژمێرییەدا هەر ئێزدییەکان نەبوون، کاکەیی و کوردە کریستیانەکان و عەشیرەتەکانی شەبەک و گەرگەری و کیکانی و پاڵانی و ساڵەیی و گێژ و شێخبزەینیش بە عارەب هەژمار کران.
کاکەییەکانی لێدەربچێت، تا ئێستاش لەناو عەشیرەتەکانی وەک شێخبزێنی و گەرگەری و ساڵەیی خەڵکانێک هەن کە خۆیان بە عارەب لەقەڵەم دەدەن، وەک چۆن هەندێک ئێزدی لە بنەماڵەی بەگەکان خۆیان بە عارەب لەقەڵەم دەدەن.
هەوڵی جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان لە ٢٠١٤دا و هەوڵی حوزەیرانی پارلەمانتارە عارەبەکانی پەرلەمانی قەوارەی عێراق و یاسای سەرژمێری ساڵی ١٩٧٧ی بەعس لەگەڵ سیستەمی میللەتی تورکەکان تەواوکاری یەکترین. لە هەموو ئەمانەدا خودی کورد وەک نەتەوە ئامانجە، نەک تەنها ئێزدییەکان. وەک هەر نەتەوەیەکی تر، کوردیش بێ گرووپە کەلتووری و دینی و مەزهەبییە جۆراوجۆرەکان، پلەبەندی نەتەوەیی لەدەست دەدات و دەبێتە گرووپ و کەمینەیەکی ئەتنیکی، کە لەدواڕۆژدا نەک هەر ناتوانێت وەک نەتەوەیەک پێداگری لەسەر مافی چارەنووس و سەربەخۆیی بکات، بەڵکو وەک گرووپێکی ئەتنیکیش توانای مانەوەی نامێنێت.
ئێزدییەکان و نیگەرانییان
ئەوەی کە پەیوەستە بە سایکۆلۆژیا و جیهانبینی خودی ئێزدییەکانەوە دەکرێت بڵێین، کە ئێزدییەکان کێشەیان لەگەڵ کوردبووندا نییە، کێشەیان لەگەڵ ئەو میراتە فاشیستە قێزەونە هەیە کە لە یاسای میللەتی تورکەکانەوە ماوەتەوە، میراتێک کە ناتوانێت زامنی ناسنامە ئایینییە جیاوازەکان لەناو قەوارەی نەتەوەیەکدا بکات.
داگیرکەر لە هەریەک لە ڕۆژئاوا و باکووری کوردستان نەیتوانییوە یاری بە ناسنامەی کوردی ئێزدی بکەن، وەک چۆن قەوارەی عێراق دەیکات. هۆکارەکەیشی سادەیە، تەڤگەری باکوور و ڕۆژئاڤا، کوردی ئێزدی وەک خۆیان قەبوڵدەکەن و هاوتای کوردی موسوڵمانن.
بەواتایەکی تر، ئەو خودنامۆیی و خۆجیاکردنەوەیەی کە لەناو بەشێک لە کوردی ئێزدیدا هەیە هێندەی پەرچەکردارە بۆ ئەو بەدێوەزمەکردن و تەکفیر و ڕەگەزپەرستی و ڕەتکردنەوەی ئەوی تری کوردی ناموسوڵمان، لەوانەش ئێزدییەکان لەلایەن کوردی موسوڵمانەوە، هێندە بژاردەیەکی خوازراوی ئێزدییەکان نییە. کە ئەمە لە کەیسی دوعا و زەمینەخۆشکردن بۆ جینۆسایدی شنگال بە ئاشکرا دەردەکەوێت.
دواجار، سەرەڕای فاشیزمی سیستەمی میللەت کە تا ئێستاش ئاسەوارەکانی ماوە و سەرەڕای برینە قوڵەکانی شنگال، هێشتا خوێنی دەروێشی عەڤدی و مەحموود ئێزدی ئەفسانەیی و شیخ حوسێنی بابەشێخ لەجەستەی زۆربەی ئێزدییەکاندایە و ئەمەش لە هەڵوێستی مەردانەی ئەنجوومەنی باڵای ڕۆحانییەتی ئێزدی لە حوزەیرانی ئەمساڵدا بە ئاشکرا بینیمان.