سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

پارتی و یەکێتی؛ تەبایی و ناتەبایی

پارتی و یەکێتی پەیوەندییەکی زۆر ئاڵۆزیان هەبووە، لە شەڕ و  ئاشتی بگرە تاکوو هاوپەیمانی بۆ حوکمڕانی. ڕەنگە زۆرجار لای زۆر خەڵک ئەوە جێگای پرسیار بووبێت، چۆن ئەو دوو حزبە لە کاتی ناتەبایی ئەوەندە بەخراپی باسی یەکتر دەکەن و چۆن لە تەبابوون ئەوەندە مەدحی یەکتر دەکەن. هەروەها ڕەنگە پرسیاری لەوە گرنگتریش ئەوە بێت، بۆ ئەو دوو حزبە پەندیان لە مێژوو وەرنەگرتووە کە ناتەبایی ئەوان چەند زیانی بە گەلی کوردستان گەیاندووە و چۆن ماڵی خەڵکی وێران کردووە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

سەرەڕای ناتەبایی و دوژمنایەتیکردنی یەکتر، لە ڕاستییدا ئەو دوو حزبە نەیانتوانیوە بە تەواوەتی لێک داببڕێن، ئەوجا بەرژەوەندی حزبی و بەرژەوەندی کوردستان ناچاری کردبن کە لە هەندێک قۆناغ زۆر لێک نزیک و پێکەوە بن یاخود گوشاری لایەنی دەرەکی .

 

زۆر لە ئەندامان و سەرکردەکانی یەکێتی بە خۆیان یان باوک و باپیریان پاشخانی پارتیبوونیان هەیە. سەرۆک مام جەلال تاڵەبانی سکرتێری یەکێتیی نیشتمانی بەر لە جیابوونەوەی باڵی مەکتەبی سیاسی لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو، ئەندامێکی کارای مەکتەبی سیاسی پارتی و زۆر نزیک بووە لە سەرۆکی پارتی و ڕێبەری شۆڕشی کورد مستەفا بارزانی، تاڵەبانی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی پەشیمانی خۆی لە جیابوونەوە لە پارتی و مەلا مستەفا بارزانی دەربڕیبوو، بە ئەگەری زۆر ئەو پەشیمانییەی تاڵەبانی لە درککردن و پەشیمانی لەو زیانە گەورەیەی کە لەو جیابوونەوەیە بەر گەلی کوردستان کەوتووە، سەرچاوەی گرتووە. دڵنیام گەر مام جەلال لە ژیاندا مابووایە هەرگیز ڕێگەی نەدەدا نێوانی یەکێتی و پارتی بەو شێوەیە بێت و لەگەڵ تەبایی دەبوو.

 

تاڵەبانی و بارزانی هەماهەنگی تەواویان هەبوو لەسەر پرسە گرنگەکان. مام جەلال لە لایەن سەرۆک مەسعوود بارزانی پاڵپشتی تەواو کرا بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق و بە هەمان شێوە لە کاتی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم، ئەویش کەمپینێکی بێوێنەی کرد بۆ پاڵپشتی بارزانی.

 

لەکاتی دەنگدان بە کابینەی نۆیەم ئەندام پەرلەمانەکانی یەکێتی دەنگیان بە نێچیرڤان بارزانی نەدا بۆ سەرۆکایەتی هەرێم، بەڵام هەموویان دەنگیان دا بە مەسرور بارزانی بۆ سەرۆکایەتی حکوومەت، بەهەمان شێوەش ئەندامانی پارتی دەنگیان دا بە قوباد تاڵەبانی کە بکرێتە جێگری سەرۆک وەزیران.

 

ڕەنگە بۆ ماڵی مام جەلال وەرگرتنی دەسەڵاتی یەکێتی گەر ئەستەمیش نەبووایە، بەڵام بەو ئاسانییە نەدەبوو ئەگەر پاڵپشتی بارزانی و پارتیان نەبووایە. کەسانێکی زۆر هەبوون لەناو یەکێتی کە دژی بە بنەماڵەییکردنی یەکێتی بوون.

 

هەر بۆیە لەم کاتەدا پێدەچێت کەم نەبن ئەوانەی نیگەرانن لەو بارودۆخەی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەتایبەت بەو هێرشە توندەی کە دەیکەنە سەر یەکتری.

 

ئەگەر بارودۆخی ناوچەکە ئەوەندە ئاڵۆز و مەترسیدار نەبووایە، ئەگەر ئێمەی کورد خاوەن دەوڵەتی خۆمان باین، ڕەنگە ئەو شێوازە لە پرۆپاگەندەکردنە بۆ هەڵبژاردن لێکەوتەی زۆر خراپی وەکوو ئێستا نەبووایە.

 

گەلی کورد ماندووە، کێشەی مووچە و بودجە هەم خەڵک و هەم حکوومەتی ماندوو و بێهێز کردووە.

نەزهەت حالی

نووسه‌ر و سیاسه‌تڤان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئه‌مه‌ش ببینه‌
Close
Back to top button
Loading...