Site icon Zed Press

ماڵی وەفایی دەستپێشخەرییەک بۆ بوژاندنەوەی کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ ڕادەگەیەنێت

ماڵی وەفایی لە هەولێر، بە پێشکەشکردنی سەرجەم بەرهەمە چاپکراوەکانی خۆی، دەستپێشخەرییەک بۆ بوژاندنەوەی کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ ڕادەگەیەنێت.

 

ئەمڕۆ چوارشەم، ١٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، ماڵی وەفایی، کە ناوەندێکی چاپ و بڵاوکردنەوەیە لە شاری هەولێر، دەستپێشخەرییەکی بۆ بوژاندنەوەی کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ ڕاگەیاند.

 

ناوەندەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە بەهۆی  شەپۆلی بارانبارین و دروستبوونی لافاو، جگە لە قوربانی گیانی، زیانێکی گەورەی بە ژێرخانی دامەزراوەکانی قەزای چەمچەماڵ گەیاند، لەناویشیاندا کتێبخانەی گشتی چەمچەماڵ، کە بەهۆی لافاوەکەوە زۆرێک لە کتێب و سەرچاوەکانی کتێبخانەکە لەناو ئاوی باران و لافاودا لەناوچوون

 

لەو ڕوانگەیەوە دەڵێ: “ئێمە لە ماڵی وەفایی، وێڕای دەربڕینی هاوخەمی بۆ لەدەستدانی دوو لە هاونیشتمانییانی شارەکە، وەک بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی و بەشداریمان لە بزاڤی ڕۆشنبیری و ئەدەبی لە کوردستاندا، سەرجەم بەرهەمە چاپکراوەکانی ناوەندەکەمان پێشکەش بە کتێبخانەی گشتی چەمچەماڵ دەکەین و هیوادارین بتوانین کەلێنێک لەو زیانە پڕ بکەینەوە کە بەر کتێبخانەکە کەوتووە”.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا ماڵی وەفایی، داوای لە سەرجەم ناوەندەکانی چاپ و بڵاوکردنەوە لە هەرێمی کوردستان و دەرەوەی کوردستان کردووە، “بە پێشکەشکردنی بەرهەمەکانیان، بەشداری لە بوژاندنەوەی کتێبخانەی گشتی چەمچەماڵ بکەن. هاوکات، داوایش لە نووسەران و ڕۆشنبیران دەکەین، ئەگەر بە تاکە یەک کتێبیش بێت بەشداربن لەو هەڵمەتە نیشتمانی و ئەخلاقییەدا” و ئامادەیی خۆیشیان دەربڕیوە کە “هەر نووسەر و ناوەندێکیش دەیەوێت بەرهەمەکانی بە کتێبخانەی گشتی چەمچەماڵ ببەخشێت، ئێمە لە ماڵی وەفایی، هاوکار دەبین لە گەیاندنی کتێب و سەرچاوەکان بە کتێبخانەی گشتی چەمچەماڵ”.
Exit mobile version