لە ئینگلزییەوە: شکۆ شێرکۆ
سەرنجی کۆڕسەکە تەنیا لەسەر زمانی کوردی نییە، بەڵکوو بابەتەکانی کولتوور، مێژوو و ڕامیاری تایبەت بە کوردەکان لەخۆ دەگرێت.
هارڤارد ئەحمەد محەمەدپووری کۆمەڵناس و پڕۆفیسۆر لە زانکۆی بێنتڵی، وەک مامۆستای کۆڕسەکە بانگهێشت کرد. ئەحمەد لەدایکبووی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. ئەو ئاماژەی بەو ملیۆنان کەسە دا، کە بە زمانی کوردی قسە دەکەن و گوتی، “چۆن دەتوانین باسی کۆنسێپتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەین و قسە لەسەر زمانی کوردی نەکەین، یان وانەی زمانەکە نەڵێینەوە؟ خۆشحاڵم بەو ئامانجە گەیشتین، لە کۆتاییدا بەلانی کەم کۆڕسێکی بنەڕەتیمان لەسەر زمانی کوردی هەیە.”
دوای هەوڵ و داواکاری لە خوێندکارانەوە، فاکەڵتی هونەر و زانستەکان دەرفەتی خوێندنی کۆڕسەکەی پێشکەش کرد.
جانان ئیرانبۆمی، سەرۆکی یەکێتیی خوێندکارانی ئێران لە بەشی خوێندنی باڵای زانکۆی هونەر و زانستەکانی هارڤارد، هەروەها بەرپرسی بەشی بەشداریکردن و داکۆکی خوێندکاران لە ئەنجوومەنی خوێندنی باڵای هارڤارد، لە کۆڕسە کوردییەکە خوێندکارە.
جانان گوتی “سەرسام بووە” کاتێک زانیوییەتی زانکۆکە کۆڕسی کوردی پێشکەش نەکردووە و داوای لە بەشی (شارستانییەت و زمانەکانی ڕۆژهەڵاتی نزیک) کردووە “کەیسێک دروست بکەن گرنگی کۆڕسەکە پیشان بدات.”
“یەک لەو ڕاستییانەی لەو کۆڕسە کوردییەی ئێستامان ئەزموونی دەکەیت، درککردنە بەوەی وانەکە تەنیا سەبارەت بە فێربوونی زمانەکە نییە،” درێژەی بە قسەکانی دا، “زۆر جیاوازە لەگەڵ ئەو کۆڕسانەی زمان کە پێشتر وەرمگرتوون، بە تایبەت بەهۆی ئەوەی دەچیتە ناواخنی کولتوورەکە و لە هەمان کاتیشدا کۆڕسەکە پشت ئەستوورە بە بنەما توێژینەوەیی و زانستییەکان.”
خوێندکارێکی دی پۆلەکە، دەلال حەسەنی ٢٦ ساڵان، کە لە هەمان کاتدا بەشدار بووە لە هێنانەدی کۆڕسەکە، گوتی، “دەمویست لە پۆلدا فێری زمانی کوردی ببم، لە شوێنێکی ئەکادیمییانە.” دەلال هەواڵسازێکی ڕۆژنامەی هارڤارد کریمسنیشە.
ئەویش بە هەمان شێوەی جانان، سەرەتاکانی ساڵی ڕابردوو، هەمان داواکاری پێشکەشی بەشی شارستانییەت و زمانەکانی ڕۆژهەڵاتی نزیک کرد. سەبارەت بە بەشەکە گوتی، “ئەوان زۆریش پاڵپشت بوون، تەنانەت بە جۆشوخرۆشەوە لە بیرۆکەی کۆڕسەکەیان دەڕوانی.”
دەلال گوتی پێکەوە لەگەڵ بەشەکە کاریان کردووە بۆ ئەوەی پڕۆفیسۆرێک بۆ کۆڕسەکە بدۆزنەوە. “بۆ خۆم، هەستم بە جۆرێک لە پەلەپەل دەکرد، چونکە نەمدەویست درەنگتر بکەوم لە فێربوونی زمانەکە،” دەلال گوتی، “پێم وایە ئەگەر یەکێک پاشخانێکی کوردی نەبێت، یان بەڕاستی هەست بە ئاسۆیە فرەوانەکەی کێشەکە نەکات، هێندە هەست بە ئەولەوییەتبوونی ناکات.”
دەلال گوتیشی هیوای بەوە هەیە بەرەنجام بەشەکە بڕوانامە و پێزانینی باڵای زمانی کوردی پێشکەش بکات. “خۆشحاڵ دەبم دەستپێشخەری هارڤارد ببینم لە پاراستنی زمانی کوردی و بەرزڕاگرتنی کولتوور و مێژووی کوردی، چونکە زۆر کەس لەبارەیانەوە نازانن. ڕام وایە دەبێت ئەوە بگۆڕێت.”
ئەحمەد محەمەدپوور گوتی هیوادارە هارڤارد بەردەوام بێت لە پێشکەشکردنی ئەو کۆڕسە بۆ وەرزی داهاتووش، لەپاڵیشیدا بژاردەی فێربوونێکی چڕتری زمانەکە بەردەست بخات. بۆ هاندانی خوێندکارانی زیاتر بۆ فێربوونی کوردی، هیوای وایە کوردی ببێتە یەکێک لە داواکارییە مەرجییەکان بۆ ئەوانەی لەسەر کۆڕسەکانی پێوەست بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخوێنن لە هارڤارد.
ئەگەر داهاتووی بەرنامەکە هەر شتێک بێت، ئەحمەد داهێنان و پێشکەشکردنی کۆڕسەکەی بە “مێژوویی” ناوبرد. گوتیشی، “زانکۆی هارڤارد بۆ یەکەمین جار خەندەی خستە سەر لێوانی ملیۆنان کورد، چونکە یەکەمجارە زمانی کوردی پێشکەش دەکەن.”
ڕاپۆرتەکە لە لایەن نووسەرانی دەستەی کریمسن، ئێلیس دی. هاوکنز و کریستینا ئێم. ستراکن، نووسراوە. لە ماڵپەڕی (هارڤارد کریمسن)ی سەربەخۆی بەڕێوەبردراو لە لایەن خوێندکاران، بڵاوکراوەتەوە.