کاسرین واڵاس
لە ئینگلیزییەوە: موحەممەد دێڤ
من کێم؟ هەموومان ئەم پرسیارە و چەندان پرسیاری تری لەم جۆرە لە خۆمان دەکەین. ئایا ناسنامەم بەهۆی (دی ئێن ئەی)ەکەمەوە بڕیاری لەسەر دراوە؟ یانیش بەرهەمی ئەو پەروەردەم کە لەسەری گەورەکراوم؟ دەتوانم بگۆڕێم و، گەر دەتوانم بگۆڕێم، تا چەندێک توانای گۆڕانم هەیە؟ هەر لە سەرەتای سەرەتاوە، فەلسەفە ئاڵنگارییەتی لەگەڵ ئەم پرسیارانە، کە پرسیارگەلێکی گرینگن لەخۆمانی بکەین بۆ بڕیاردان و چۆنییەتی مامەڵەکردنمان لەگەڵ جیهانی دەورەوبەرمان. سوکرات پێی وابوو تێگەیشتنی خود زۆر گرینگە بۆ چۆنییەتی گوزەرکردنی ژیان لەگەڵ خۆمان و دەوروبەرمان. خود-بڕیاردان پەیوەستە بەوەی تا چەندێک خۆت، کەسان و جیهانی دەوروبەرت دەناسیت. تەنانەت بناغەی فۆڕمەکانی حکوومەتیش )دیموکراسی، کۆمۆنیزم و هتد…) لەسەر چۆنییەتی تێگەیشتنمان لە خۆمان و سروشتی مرۆڤ بنیادنراوە. لەبەر ئەو هۆکارانە پرسیاری “من کێم؟” کاریگەری درێژخایەنی هەیە یانیش جێدەهێڵێت.
زۆرێک لە فەیلەسوفان، بەلایەنی کەمەوە لە ڕۆژئاوا، هەوڵیانداوە مەرجە نەگۆڕ و گرینگەکانی خودبوون دەستنیشان بکەن. تێڕوانی بەردەوامی سایکۆلۆژی خود یەکێکە لەو ڕێگا بەرفرەوانەی بۆ ئەم بابەتە دراوە، کە تێیدا خود هۆشیارە بە ئاگاداری و یادەوەری خۆی. هەندێکجار ئەو هەوڵانە خود دەخەنە نێو چوارچێوەی ئاوێتەیەک لە بیر و جەستەوە، هەروەک چۆن ڕێنێ دیکارت ئەنجامی دا، یان بە سەرەکیکردن ئاگایی. تاقیکردنەوەی بیرکردنەوەی شازادە/هەژاری جۆن لوک، کە تێیدا ئاگایی و یادوەرەییەکانی شازادەیەک بە تەواوی دەگوازرێتەوە بۆ جەستەی پینەدۆزێکەوە، جەختکردنەوە و نیشاندانی ئەو بیرۆکەیەیە کە کەسایەتی پەیوەستە بە ئاگاییەوە (کۆنچیسنس: Consciousness ). فەیلەسوفەکان چەندین تاقیکردنەوەی فیکریان کردووە، وەک گواستنەوەی کەسایەتی، دابەشکردنی مێشک و تێلەپۆرتەرەکان – بۆ تێگەیشتنێکی قوڵ و باشتر لە سایکۆلۆژی. فەیلەسوفە هاوچەرخەکانی ئانیامڵیست ڕەخنە لەو هەوڵانە دەگرن و، مشتومڕی ئەوە دەکەن خودەکان لە بنەڕەتدا پێکهاتەی بایۆلۆژی مرۆڤن. (ئەرستۆ ڕەنگە لە هەمووان زیاتر لەم هەوڵەی سایکۆلۆژی نزیکتر بێت.) هەوڵی هەریەک لە سایکۆلۆژی و ئانیامڵیست لە چوارچێوەی ‘دەفر’ێک دایە، جەستە وەک دەفرێکی ئەرکە سایکۆلۆژییەکان یان شوێنی سنووردارکردنی ئەرکە جەستەییەکان دەبینن.
هەموو ئەو هەوڵانە ڕەنگدانەوەی نیگەرانی فەیلەسوفەکانن بۆ تیشکخستنەسەر تایبەتمەندی جیاوازی یان چییەتی پێناسەی خود، ئەو شتەی کە خودێک هەڵیدەبژێرێت و هیچی تر هەروەها، کە خودێک وەک خودی پێ دەناسێتەوە، بەبێ ڕەچاوکردنی جیاوازییە کەسییەکان/تایبەتییەکان. لە ڕوانگەی سایکۆلۆژییەوە، خود بریتییە لە ئاگایی کەسی. لە ڕوانگەی ئانیامڵیستەوە، خودێک بەرهەمی زیندەییەکانی مرۆڤ یان ئاژەڵە. ئەمەش گەیاندووینی بە چییەتییەکی یەک ڕەهەندی و ڕوانگەیەکی سادەی پێناسەی خودەوە، لە دەرەوەی کۆمەڵ، کەلتوور و تایبەتمەندییە کەسییەکان کە لەهەمان کاتیشدا تایبەتمەندی خودەکانن و، بەشێوەیەکی ڕۆتینی خەڵک وەک ناوەندی شوناسی کەسی دەیبینن. هەروەک چۆن تاکەکان یادگاری تایبەتی و خودهۆشیاری جیاوازیان هەیە، دەکرێت پەیوەندی کۆمەڵایەتی و پاشخانی کەلتووری و کەسایەتی جیاوازیان هەبێت. ئەوانەی کە باسمان کردن هەریەکە و تایبەتمەندی گۆڕاو و جیاوازیان هەیە، بەڵام بەقەد بایۆلۆژی و یادەوەری و خودهۆشیاری گرینگن بۆ خودبوون.
بە ئاشنابوون بە کاریگەری ئەو هۆکارانە، بەشێک لە فەیلەسوفان لە دژی ئەم ڕەوتە کەمکەرەوانەن و بانگەشەی كەرخێکیان کردووە کە ئاڵۆزی و فرەڕەهەندی تاکەکان بناسێنێت و ڕوونی بکاتەوە. تۆڕی خودڕوانین لەم ڕەوتەوە سەریهەڵداوە. کە لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەم دەستیپێکرد و تاکوو ئێستاش بەردەوامە، فەیلەسوفەکان دەستیان کرد بە هەنگاونان بەرەو تێگەیشتنێکی فرەوانتر لە تاکەکان (خود). بەشێک لە فەیلەسوفان پێشنیازی ڕوانگەی گێڕەڕەوە و ئەنترۆپۆلۆژییان کردووە بۆ تێگەیشن لە تاکەکان. فەیلەسوفە كۆمەڵایەتی و فێمێنیسیتەکان گفتوگۆی ڕوانگە پەیوەندییەکان (تیۆری) دەکەن کە یەکگرتنە کۆمەڵایەتییەکان و پەیوەندی و بە یەکتر گەیشتنەکانی (داننان بەوەی هەموو کەس خاوەنی ئەزموونێکی تایبەت بەخۆیەتی) تاک ڕووندەکەنەوە. بەگوێرەی دیدگای پەیوەندییەکان، شوناس و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دوو بنەڕەتی گرینگن بۆ تێگەیشن لە کێیەتی تاکەکان.
شوناسە کۆمەڵایەتییەکان تایبەتمەندی تاکەکانن بەهۆی ئەندامبوونیانەوە لە کۆمەڵگەکاندا، وەك: نێوەخۆیی، پیشەگەری، نەتەوەیی، ئایینی، ڕامیاری، یانیش لە پۆلێنە کۆمەڵایەتییەکان، وەک: نەژاد، ڕەگەز، چین، لایەنگری سیاسی یانیش پەیوەندیی نێوان کە دوو کەس، هەروەک: هاوسەر، خوشک و برا، باوان، هاوڕی، هاوسێ. ئەم دیدگایانە ئەوە دەگەیەنن کە تەنیا پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی وەک جەستە و یادگە یانیش ئاگایی بە تەنیا و بە جیا گرینگ نین بۆ زانینی کێیەتی کەسێك، بەڵکو خودی پەیوەندییەکان گرینگن. ئەوەی فەیلەسوفەکان بانگەشەی بۆ دەکەن زانستی “ڕوانگەی 4E”ـە – کە مەبەست لێی زانستی بەرجەستەکراو، چەسپاو، چالاک و درێژکراوە – کە ئەمانەش هەنگاوێکن بۆ ڕوانینێکی پەیوەندیدار و کەمتر “داخراو” بۆ خود. ڕوانگە پەیوەندیدارەکان ئاماژەیەکن بۆ گۆڕینی ڕێبازی پارادایم لە ڕیبازێکی کەم و تەسککەرەوە بۆ ڕێبازێک کە هەوڵی تێگەیشتنی ئاڵۆزی و ئاڵۆسکاوی تاکەکان بدات. تۆڕی خودڕوانین زیاتر پەرە بەو ڕەوتی بیرکردنەوە دەدات کە دەڵێت خود تەنیا پەیوەندیدار نییە بە ژیانی کۆمەڵایەتییەوە، بەڵکو پەیوەندیدارە بە پەیوەندیی جەستەیی، جینایەتی، دەروونی، هەست و سۆزداری و بۆماوەیی کە هەموویان بەیەکەوە تۆڕی خودێک پێکدەهێنن. تەنانەت خود یان تاکیش بەپێی کات دەگۆڕێت، تایبەتمەندی و سیفەت لەدەست دەدات و بەدەست دەهێنێت بەهۆی شوێن و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە نوێیەکانەوە، گەرچی هەروەک خودی ئەو تاکەش بەردەوام دەبێت و ژیان ڕادەگوزەرێنێت.
چۆن خۆت دەناسیتەوە؟ دەکرێت زۆر ڕووی تایبەتی خۆتت هەبێت و بەرەنگاری کەمبوونەوە یانیش چەقبەستوویی ببیتەوە وەک هەر یەکێکیان. بەڵام ڕەنگە شوناسی خۆت لەڕێگای کەلەپوور، نەتەوە، نەژاد و ئایین بناسێنیت و بدۆزیتەوە: ئەو شوناسانەی کە زۆرجار لە سیاسەتی شوناسەکاندا دیارن. ڕەنگە بەهەمان شێوە شوناسی خۆت لە ڕێگای تایبەتمەندی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و کەسییەکانی ترەوە بناسێنیت و بدۆزیتەوە – ‘من خوشکی ماریم.’ ‘من یەکێکم لە ئاشقانی میوزیک.’ ‘من ڕاوێژکاری تێزی ئێمیڵیم.’ ‘من خەڵکی شیکاگۆم.’ یانیش ڕەنگە لەڕێگای تایبەتمەندی کەسایەتییەوە شوناسی خۆت بناسێنیت: ‘من کەسێکی کۆمەڵایەتیم و کراوەم.’؛ یانیش لەڕێگای پابەندبوونتەوە بە شتێک: ‘من گرینگی بە ژینگە دەدەم.’ ‘من ڕاستگۆم.’ یانیش لەڕێگای بەراوردکارییەوە: ‘من کەڵەگەتترینی (باڵابەرز) خێزانەکەمانم.’؛ یانیش لەڕێگای لایەنگری و باوەڕی سیاسییەوە: ‘من کەسێکی ئازادم.’؛ یانیش بەشێوەیەکی کاتی: ‘من ئەو کەسەم کە لە خوار هۆڵەکەی تۆوە ژیاوم لە کۆلێژ،’ یان ‘ساڵی داهاتوو هاوسەرگیری دەکەم.’ هەندێک لەوانە زۆر گرینگرتن لەوانیتر، هەندێکیان بۆ ماوەیەکی زۆر کورت بەردەوامییان هەیە. مەبەستەکە ئەوەیە کە کێیەتی تۆ لە هەریەک لە شوناسەکانت ئاڵۆزترە. ڕوانین لە تاکەکن (خودەکان) وەک تۆڕێک ڕێگایەکە بۆ چەمکسازی ئەو ئاڵۆزی و هەڕەمەکی بوونە.
با نموونەیەکی فێرکاری وەربگرین. وایدابنێ لیندسی: هاوسەرە، دایکە، ڕۆماننووسە، قسەکەرێکی ئینگلیزییە، کاسۆلیکییەکی ئیرلەندییە، فێمینیستە، پڕۆفیسۆری فەلسەفەیە، شۆفێری ئۆتۆمبێلە، زیندەوەرێکی سایکۆبایۆلۆژییە، کەسێکی داخراوە، کەسێکە لە بەرزتری دەترسێت، چەپەیە، هەڵگری نەخۆشی هایتینگتۆنە، دانیشتووی شاری نیویۆرکە. ئەمە کۆمەڵەیەکی تەواو و بێ نەنگی نییە، بەڵکو تەنیا چەند هەڵبژاردنێکی تایبەتمەندی و شوناسەکانە. تایبەتمەندی یاخود پەیوەندیدارن بۆ دروستکردنی تۆڕێک لە سیفەتەکان. لیندسی تۆڕێکی گشتگیرە، کۆمەڵەیەکە لە تایبەتمەندی یان سیفەت کە بە یەکترەوە گرێدراون و پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە. کەسایەتی گشتی کەسێک پێکدێت لە پەیوەندی نموونەیی سیفەتە تایبەتەکانی پەیوەندی، سایکۆبایۆلۆژی، کۆمەڵایەتی، سیاسی، کەلتووری، زمانەوانی و بەرجەستەیی.
وێنەی ١ خوارەوە لەسەر تاقیکردنەوەیەک بنەمای گرتووە بۆ نیشاندانی تۆڕە ژینگەییەکان )ئیکۆلیژییەکان؛ گرێیەکان سیفەتەکان نیشان دەدەن و، هێڵەکانیش پەیوەندی نێوان سیفەتەکانن (بەبێ دیاریکردنی جۆرییەتی پەیوەندییەکە(.
ئێمە دەستبەجێ سەرنجی ئاڵۆزی پەیوەندیداری سیفەتەکانی لیندسی دەدەین. هەروەها دەتوانین ببینین کە هەندێک سیفەت پێدەچێت بەشێوەی کۆکراوە بن لەنێو گرووپێکدا، کە هەندێک سیفەت زیاتر پەیوەندیدارن بە چەند سیفەتێکی دیاریکراوەوە. هەروەک چۆن جەستە تۆڕێکی زۆر ڕیکخراو و ئاڵۆزی پێڕەوی ئەندامی و گەردیلەییە، بەهەمان شێوە خودیش تۆڕێکی ڕیکخراوە. سیفەتی تاکەکان (خودەکان) دەکرێ ڕێکبخرێن لە ڕێگای پۆلێنکردن (کۆکردنەوەی بەشێوەی کۆمەڵ) و ناوەندەکانەوە، هەروەک پۆلێنی جەستە، پۆلێنی خێزان، پۆلێنی کۆمەڵایەتی. دەکرێ چەند پۆلێنکردنێکی تریش هەبن، بەڵام هێشتنەوەی لە چەند پۆلێنێکی کەمدا گرینگە بۆ نیشاندانی بیرۆکەکە. نزیکبوونەوەی دووەم، وێنەی ٢ لە خوارەوە، بیرۆکەی پۆلێنکردنەکە نیشان دەدات.
وێنەی ١ و ٢ (هەردووک وێنە لە کتێبی تۆڕی خود لەلایەن کاسرین واڵاس) سادەکردنەوەی جەستە، کەسایەتی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە کە خودی لێ پێکدێت. سیفەتەکان دەکرێ لە نزیکەوە پۆلێن بکرێن، هەروەها دەکرێت پۆلێنی کۆمەڵەی خۆیان ببڕن و لەگەڵ سیفەتەکانی ناوەند یاخود پۆلێنی کۆمەڵەی تر یەکترببڕن. بۆ وێنە، سیفەتێکی جینایەتی – هەڵگری نەخۆشی هانتینگتۆن ( HDلە وێنەی ١ و 2) – پەیوەستە بە بایۆلۆژی، خێزان و سیفەتە کۆمەڵایەتییەکان. گەر حاڵەتی هەڵگرە زانراو بێت، ئەوا پەیوەندی دەروونی و کۆمەڵایەتی هەیە لەگەڵ هەڵگرانی دیکەی هاوشێوە و کۆمەڵگا پزیشکییەکاندا. پۆلێنەکان یاخوود تۆڕە لاوەکییەکان دابڕاو نین، یانیش ناوەندی تەواو داخراو نین و، دەکریت دووبارە بخرێنە کۆمەڵەوە لەگەڵ گەشەکردنی خود یاخود تاکەکە.
دەکرێت هەندێکجار ئەزموونێکی شكاوی هەبێت، لەکاتێکدا ئەوانی تر شوناسێکی وەک تەعبیری (پێناسەی) تەواوی شوناسەکانی وەردەگرن
هەندێک سیفەت دەکرێت زاڵتر بن بەسەر ئەوانی تر. هاوسەر بوون دەکرێت پەیوەندییەکی مکووڕانەی هەبێت بە کێیەتی لیندسیەوە، لەکاتێکدا پوور بوون بەشیوەیەکی لاواز پەیوەندیدارە بە کێیەتی لیندسیەوە. هەندێک سیفەت دەکرێت لە هەندێک باردا بەرچاوتربن بەراورد بەوانی تر. لە گەڕەکەکەی لیندسیدا، دایباب بوون ڕەنگە بەرچاوتر و گرینگتر بێت بەراورد بە فەیلەسووف بوون، لەکاتێکدا لە زانکۆکاندا فەیلەسووف بوون زیاتر بەرچاو و ناسراوترە.
لیندسی دەتوانێت ئەزموونێکی تەواوی لە فرەڕوویی و پەیوەندیداری تۆڕی ناسنامەکانی یانیش شوناسەکانی هەبێت. دەکرێت هەندیکجار ئەزموونێکی شکاوی هەبێت، لەکتێکدا ئەوانیتر شوناسێکی وەک تەعبیری (پێناسەی) تەواوی شوناسەکانی وەردەگرن (لە شتێکەوە بڕیاری تەواوی کەسایەتی لەسەر بدەن (Judge:جەج). -وەرگێڕ). لە چوارچێوەی فەرمانبەریدا وێنەکە بێنە بەرچاوت، پلەی بەرز نەکراوەتەوە، مووچەیەکی کەمتر وەردەگرێت یانیش لە کارێک وەرنەگیراوە بەهۆی ڕەگەزەکەیەوە. جیاکاری کاتێک کە شوناسێک – نەژاد، ڕەگەز، نەتەوە – دەبێتە ڕێگایەک بۆ پێناسەکردنی کەسێک لەلایەن کەسانی ترەوە، لەم سۆنگەیەوە ڕەنگە خۆی بە کەم سەیرکراو یانیش کاڵاکراو بێتە بەرچاو. ئەوە نیشاندانی سیفەتێکە لە چوارچێوەیەکی ناشایستە و هەڕەمەکی و نادادپەروەرانە.
ڕەنگە لیندسی هەست بە کێشمەکێش و تەنگەژە بکات لە نێوان شوناسەکانی خۆیدا. ڕەنگە نەیەوێت بە هیچ شوناسێکەوە بخرێتە بیرتەسکی و کەمکردنەوەوە یاخود ببەسترێتەوە. ڕەنگە وای بە پێویست بزانێت خۆی لە هەندێک شوناس بدزێتەوە، دایمرکێنێتەوە یاخود دایپۆشێت و لیێ ڕابکات، لەگەڵ هەست و بیروباوەڕە پەیوەندیدارەکانیشییەوە. ڕەنگە وا هەست بکات کە هەندێک لەوانە پێویست نین بە کێیەتی ڕاستی ئەوەوە. بەڵام گەرچی هەندێکیان کەم بایەختربن لەوانیتر، هەندێکیشیان پەیوەندییەکی بەهێزیان هەبێت بە کێیەتی و شوناسی ئەوەوە، هێشتا بەچەند شێوەیەک بە کێیەتی لیندسییەوە بەیەکەوە بەستراون.
وێنەی 1 و 2ی سەرەوە تۆڕی خود نیشان دەدات، لیندسی، لە چەند کاتێکی جیاوازدا، با بڵێین لە منداڵییەوە تاوەکوو بەهاری تەمەنی و گەورە بوون. ئەی گۆڕانکاری و هەڕەمەکی خود چی؟ ئەی قۆناغەکانی تری ژیانی لیندسی؟ لیندسی لە تەمەنی پێنج ساڵیدا هاوسەر یان دایک نییە و، قۆناغەکانی داهاتووی لیندسی ڕەنگە سیفەت و پەیوەندی جیاوازیش لەخۆ بگرن: ڕەنگە جیاببێتەوە یانیش پیشەکەی بگۆڕێت یانیش بچێتە ژێرباری گۆڕینی شوناسی ڕەگەزییەوە. خودی تۆڕی خودیش بەهەمان شێوە پڕۆسەیەکە.
ڕەنگە تۆزێک نامۆ بێت کە یەکەمجار وەک پڕۆسەیەک بیر لەخۆت بکەیتەوە. ڕەنگە پێتوابێت پڕۆسەکان تەنیا زنجیرەیەکن لە ڕووداوەکان و، خودی خۆشت خۆت لەوە پێ جەوهەری و گەورەتر بزانیت. ڕەنگە خۆت وەک بوونێکی جیاواز لە پەیوەندییەکان ببینیت، ئەو گۆڕانکارییە بەسەر ناوکی شتێکی نەگۆڕدا ڕوودەدەن کە ئەویش تۆیت. لە هاوەڵییەکی باشدا دەبیت گەر ئەوە بکەیت. بە گەڕانەوەمان بۆ ئەرستۆ کە بانگەشەی جیاوازی نێوان ماددە و تایبەتمەندییەکانی دەکات دەزانین مێژوویەکی دوور و درێژ هەیە لە فەلسەفەدا، جیاوازی نێوان ماددە و پەیوەندییەکانی و، جیاوازی نێوان بوونییەت و ڕووداوەکان.
بەهەرحاڵ، بیرۆکەی ئەوەی خود تۆڕێکە لەگەڵ پڕۆسەیەک زۆر لەوە لۆژیکیترە بیرت بۆی بچێت. ماددە پارادایامتیکەکان، وەک جەستە، چەند پێڕەوێکن لە تۆڕەکان کە لە پڕۆسەیەکی نەگۆڕدان گەرچی ناتوانین لە ئاستی ماکڕۆشدا بیانبینین: خانەکان جێگرەوەن، قژ و نینۆک گەشە دەکەن، خواردن هەرس دەکرێت، تا جەستەش زیندوو بێت پڕۆسەی خانەیی و گەردیلەیی بەردەوام دەبن. ئاگایی یانیش ڕژمێکی ئاگایی لە گۆڕانێکی هەمیشەیی خێرا دایە. مەزاجی یان هەڵوێستی دەروونی ڕەنگە بگۆڕین لە دەربڕین و ڕوودان دا. ئەوانە جێگیر و نەگۆڕ نین، تەنانەت کە تا ڕادەیەکیش جێگیرن لە خود یان تاکێکدا. سیفەت یان تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتییەکان پەرەدەستێنن. بۆ وێنە، نموونەی لیندسی، وەک کچ گەشە دەکات و دەگۆڕێت. لیندسی وەک دایک تەنیا بە سیفەتەکانی ئێستایەوە پەیوەست نییە، بەڵکو بە سیفەتەکانی پێشووتریشییەوە پەیوەستە، پەیوەندیدارە بەوەی کچێنی چۆن ئەزموون کردووە. زۆر ئەزموون و پەیوەندی ڕابردوو ئێستای ئەویان لێ درووستکردووە. ڕەنگە باوەڕ و ڕەفتاری نوێ وەدەستبهێنرێن و کۆنەکانیش پێداچوونەوەیان بۆ بکرێن. بەردەوامییش بوونی هەیە، چونکە سیفەتەکان هەموویان بە هەنگاوێک ناگۆڕدرێن و ڕەنگە هەندێکیشیان هەر گۆڕانیان بەسەردا نەیەت. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، دەکرێت لە ئەنجامدا بڵێین، خود ئەو مانایەیە کە چۆن خودێک بە گشتی لەهەرکاتێکدا بێت دەرئەنجامی کەڵەکەبوونی چۆن بوون و چۆنییەتی خود پێشخستنیەتی.
لەنگەرگرتن و گۆڕانکاری، هاوشێوەیی و گۆڕان: کەڵەکەبوونی تۆڕ بریتییە لە هەردووکیان نەک، هیچیان
لەباتی بینین خود وەک مادەیەکی بنەڕەتی و نەگۆڕاو کە توانای وەرگرتن و لەدەستدانی تایبەتمەندی هەیە، پارادایمێکی گۆڕاو دروست دەکەین بۆ ئەوەی خود وەک پڕۆسەیەک سەیر بکەین، وەک تۆڕێکی کەڵەکەبوو بە گۆڕانی یەکگرتوو و پەیوەست بەیەک لێی دەڕوانین. تۆڕێکی کەڵەکەبوو پێکهاتە و ڕێکخستی خۆی هەیە، هەروەک زۆرێک لە پڕۆسە سروشتییەکان کە بەئەنجام دەگەن، جا چی پەرەسەندنە بایۆلۆژییەکان یان کردە فیزیکییەکان یانیش کۆمەڵایەتییەکان بێت. ئەو بەردەوامی و پێکهاتەیە وەک قۆناغێکی تێکەڵبوون و نەخشەکێشانی خود لەگەڵ یەکتر بێنە بەرچاوت. بۆ لیندسی، خوشک و برایەتی لە لیندسی تەمەن شەش ساڵ تا مردنی خوشک و براکانی تێکەڵ بەیەک دەبن؛ هاوسەربوون لە لیندسی تەمەن سی ساڵ تا کۆتایی هاوسەرگیرییەکە تێکەڵ بەیەک دەبن. هەروەها ئەگەر خوشک و براکانی بمرن، یانیش هاوسەرگیرییەکەی کۆتایی پێ بێت، خوشک و برایەتی و هاوسەرێتی هێشتا وەک سیفاتێک دەمێننەوە لە ڕابردووی لیندسی – ڕابردوویەک کە موڵکی خۆیەتی و پێکهاتەی تۆڕی کەڵەکەبوونی بۆ لە قالب دەدات.
گەر تاک یانیش خود بریتی بێت لە مێژووەکەی، بەو واتایە دێت کە ناکرێت زۆر گۆڕانکاری بەسەردا بێت؟ ئەی چی دەربارەی ئەو کەسەی دەیەوێت لە کۆتوبەندی ڕابردووی ئازاد بێت، یانیش لە بارودۆخی ڕۆژگاری ئەمڕۆی ڕزگار بێت؟ کەسێک کە کۆچی غەریبی کردووە یانیش لە خێزان و هاوڕێکانی ڕایکردووە بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی سپی لە ژیان یانیش کەسێک کە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی بەسەردا دێت، ڕێگری ناکات یان کۆتایی بەوە ناهێنێت بەوەی کە ئەوان کێ بوونە.
لە ڕاستیدا، ئەزموونەکانی هەڵگەڕانەوە یاخود گۆڕان هی خودی ئەو کەسەیە، ئەو کەسەی کە هەڵدەگەڕێتەوە، دەگۆڕێت، کۆچ دەکات. بەهەمان شێوە، وێنای ئەزموونی پەشیمانی و وازهێنان بکە. شتێکت کردووە کە ئێستا لێی پەشیمانیت، شتێک کە هەرگیز نایکەیتەوە، شتێک کە پێتوایە دەربڕینێکی تۆ بووە کە زۆر جیاوازترە لە ئێستات. هێشتاکەش، پەشیمانی ئەوکاتە مانا دەدات کە کەسێک بوویتە لە ڕابردوودا بە چەند شێوازێک ڕەفتارت کردووە. ئەوکاتەی هەستی پەشیمانی دەچێژیت، دەستبەرداری خۆت دەبیت و پۆزشی بۆ دەهێنیتەوە، دان بەوەدا دەنێیت خودت بەردەوام دەگۆڕێت لە چاو ڕابردوو و ئەنجامدەری کردەوەکاندا. لەنگەرگرتن و گۆڕانکاری، بەردەوامی و ئازادی، هاوشێوەیی و گۆڕان: کەڵەکەبوونی تۆڕ بریتییە لە هەردووکیان نەک، هیچیان.
گۆڕانکاری دەکرێت بەسەر خودێکدا بێت یانیش بە ویستەکی هەڵبژێردرێت. دەکرێ ئەرێنی یان نەرێنی بێت. دەکرێ ئازادی بێت یان کەمکەرەوە قڵپکەر بێت. با نموونەیەکی گۆڕانکاری وەربگرین. لیندسی دەچێتە ژێر باری گۆڕینی ڕەگەزی و، دەبێت بە پاوڵ. پاوڵ لە بەرجەستەکردنی کەسایەتی لیندسی، ئەو خودەی کە ئەزموونی ناتەبایی نێوان ڕەگەزی دیاریکراوی (پاوڵ) و هەستی خودناسین خۆیدا کردووە، هەرچەندە پاوڵ ڕەنگە ڕابردووی وەک لیندسی بەلاوە پەسەندتر بێت بۆ ئەوەی ببێتە ڕەهەندێکی ناگشتی خۆی. تۆڕە کەڵەکەبووەکە ئێستا بە پاوڵ ناسراوە و کۆمەڵێک سیفەتی بایۆلۆژی، جینایەتی، خێزانی، دەروونی هێڵاوەتەوە کە پێشووتر هی لیندسی بوون و، بە پاشخانی لیندسی بوون لە قالب دەدرێت. یاخود نموونەی کۆچبەرەکە بێنە بەرچاوت. کۆچەرەکە ناتوانێت لەو ڕاستییە ڕابکات و بەرجەستەی ئەو خودەی نەکات کە پێشووتر دانیشتوو و هاوڵاتی وڵاتیکی تر بووە.
تۆڕی خود شایەن و قابیل بە گۆڕانکارییە گەرچی بەردەوام لە نەخشەکێشانی قۆناغێکی نوێی خودە. هەندێک سیفەت و تایبەتمەندی بە شێوازی نوێ پەیوەندیدار دەبن. هەندێکیان ڕەنگە چیتر پەیوەندیدار نەبن بە ئێستاوە، بەڵام هەر وەک بەشێک لە ڕابردووی خود یان تاکەکەدا دەمێنێتەوە. هیچ ڕێگایەکی دیاریکراو نییە بۆ خود. خود تۆڕێکی کەڵەکەبووە، مێژووەکەی بەردەوامە، هەتا ئەگەر زۆر بەشی ئەو مێژووەشی بەرەوپێشچوونی خودەکە ڕەت بکەنەوە یان شێوازی پەیوەستی بە مێژووەکەی بگۆڕێت. داننان بەوەی خود تۆڕێکی کەڵەکەبووە یارمەتیمان دەدات تێبگەین بۆچی گۆڕانکاری ڕەگ و ڕیشەیی لە خودێکدا، بە مانای وشە بریتی نییە لە خودێکی جیاواز.
ئێستاش وێنای گۆڕانێک بکە کە بەسەر کەسێکدا هاتووە نەوەک بە ئارەزوو و ویستەکی ڕوویدابێت: بۆ وێنە، بۆ باوانێک کە تووشی نەخۆشی ئەلزەهایمەر (نەخۆشی لەبیرچوونەوە) بوونە. ئەوان هێشتا باوانن، هاووڵاتیین، هاوسەرن، پڕۆفیسۆری پێشوون. هێشتا بەشێکن لە مێژووی خۆیان؛ هێشتا هەمان ئەو کەسەن کە کەوتوونەتە ژێر باری ئەو گۆڕانە لاوازکەرە. هەمان شت ڕاستە بۆ کەسێک کە ئەزموونی گۆڕانکارییەکی جەستەیی بەرچاو دەکات، کەسێک وەک کریستۆفەر ڕیڤی ئەکتەر کە دوای ڕووداوێک چوار ئەندامی جەستەی تووشی شەلەلی بوون، یانیش وەک ستیفن هاوکینگی زانای فیزیا کە تواناکانی بەهۆی نەخۆشی کارپێکەرە دەمارییەکانەوە (ئەی ئێڵ سی) تەواو تێکچوو. هەریەکەیان هێشتاکە باوان، هاووڵاتی، هاوسەر، ئەکتەر/زانا و وەرزشکارێکی پێشوو بوونە. باوانێک کە تووشی لەبیرکردنی یادەوەری یاخود خەڵەفان و، توانای دەروونی و مەعریفی دەبێت، ژێرکۆمەڵەی تۆڕەکەی کەمتر بایەخدار دەبێت. کەسێک کە تووشی نەخۆشی شەلەلی یان کارپێکەرە دەمارییەکان بووە ئەوا دووچاری لەدەستدانی توانا جەستەییەکان دەبێتەوە، جەستەیەکی کەم بایەخی دەبێت. هەریەکەیان پەلدەکێشن بۆ گۆڕانی تایبەتمەندی و سیفەتە کۆمەڵایەتییەکان و بەندە بە هاوکاری دەوروبەری بۆ ئەوەی خۆیان وەک خود یان تاک بهێڵنەوە.
هەندێکجار خەڵک دەڵێن کە کەسێک تووشی نەخۆشی لەبیرچوونەوە بووە و خۆی یان دەوروبەری ناناسێتەوە، ئەوا لەڕاستیدا هەمان کەسی پێشووتر نییە، یانیش هەر بە کەس دانانرێت. ئەوەش ڕەنگدانەوەی ئەو دیدگا سایکۆلۆژییەیە کە بانگەشەی ئەوە دەکات تاکەکان لە بنەڕەتدا هۆشیار و بەئاگان. بەڵام ڕوانگەی خود و تاک وەک تۆڕێک ڕوانگەیەکی جیاوازترە. یەکپارچەیی خود گەورە و فرەوانترە لە یادەوەری و هۆشیاری کەسی. ڕەنگە کەسێکی “کەم بایەخ” بوو، هێشتا زۆرێک لە سیفەتەکانی خۆی مابن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕەنگە بەتایبەتی مێژووی ئەو تاکەی پێکهێنابێت.
ئەفلاتوون زۆر لەپێش فرۆیدەوە ئاماژەی بەوەدا خودناسین بە ئەستەمی بەدەست دەهێنرێت و کاتییە (قابیلی گۆڕانە)
“Gloria Still” (2017)لەلایەن کیمیازانی کەنەدی فرانسواس بەیلیس لەبارەی نەخۆشی ئەلزەهایمەری دایکی ڕەنگدانەوەی ئەم دیدگایەیە. لە کاتی سەردانیکردنی دایکی، بەیلیس هەوڵی هێشتنەوەی تەندروستی خودی گلۆریا دەدات کاتێک گلۆریا توانای جارانی نامێنێت و ناتوانێت چیتر خۆی ئەم ئەرکە بگرێتە ئەستۆ. گەرچی هێشتا ئەو خودی خۆیەتی. ئایا ئەوە بەو واتایە دێت کە خودناسین گرینگ نییە؟ بێگومان نەخێر. کەمبوونەوەی توانستەکانی گلۆریا بچووکبوونەوەیەکە لە خودی خۆیدا و، ڕەنگە لە چەند ڕوویەکەوە ئەو وەشانە بێت کە کەسێک تووشی کەمبوونەوەی توانستەکانی دەبێت لەکاتی چوونە تەمەنەوە. هەروەها لێرەدا وانەیەک بۆ هەموو تاکێک هەیە فێریبین: هیچ کەسێکمان بە تەواوەتی لەگەڵ خودی خۆمان ڕاشکاو و ڕاستگۆ نین. ئەمە بیرۆکەیەکی نوێ نییە؛ تەنانەت ئەفلاتوونیش، زۆر لەپێش فرۆیدەوە ئاماژەی بەوەداوە کە ئارەزووی ناخودئاگا هەن و، ئەو خودناسینە بە ئەستەم بەدەست دەهێنرێت و کاتییە (قابیلی گۆڕانە). کرداری لەخۆپرسین و دۆزینەوەی خود بەدرێژایی ژیان بەردەوامە، چونکە ئێمە شوناسێکی جێگیر و نەگۆڕمان نییە: شوناسمان جۆراوجۆر و ئاڵۆز و ناجێگیرە.
ئەمەش واتای ئەوە دەگەیەنێت کە كەسانی تریش بە تەواوەتی ئێمە ناناسن. کاتێک خەڵک هەوڵدەدەن شوناسی کەسێک وەک تایبەتمەندییەکی تایبەت چارەسەر بکەن، دەکرێ پەلکێشی هەڵە تێگەیشتن و چەقبەستوویی و هەڵاوێرکردنیان بکات. پێدەچێت ڕەوانبێژی ئێستامان ئەوەمان بە دروستی بۆ بکات – خەڵک لە پۆلێنە بەرتەسکەکانەوە گیر بکات: ‘سپی پێست’، ‘ڕەش پێست’، ‘کریستیان’، موسڵمان، ‘کۆنەپەرست’، ‘ پێشکەوتوو’. بەڵام خود زۆر لەوە ئاڵۆزتر و دەوڵەمەندترە (بەرفرەوان). لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە خۆمان وەک تۆڕێک دابنێین ڕێگایەکی بەپیت و بەرفرەوانە بۆ تێگەیشتن لە ئاڵۆزییمان. ڕەنگە بتوانێت یارمەتیدەریش بێت لە شکاندنی ئەو جیاکارییە سەختە و کەمکردنەوەی ئەو چەقبەستووییەی کە ئێستا باڵیکێشاوە بەسەر ڕەوانبێژی کەلتووری و ڕامیاری و هەروەها، پەیوەندییەکی بەبڕشت بەرهەمبهێنێت. ڕەنگە ئێمە بە بێخەوشی لەخۆمان و ئەوانی تر تێنەگەین، بەڵام عادەتەن بۆچوونمان لەسەر شوناسی یەکتر هەیە. لەبری ئەوەی شوناسە زۆرەکانمان وەک ڕێگایەکی جیاکاری لە یەکتر بەکاربهێنین، پێویستە لەسەرمان وەک بنەمایەکی پەیوەندی و تێگەیشتن بەکاربهێنین، تەنانەت ئەگەر بەشەکی و سنوورداریش بێت. لیندسی خانمە فەیلەسووفێکی سپی پێستە. شوناسی وەک فەیلەسووفێک هاوبەشە لەگەڵ فەیلەسووفەکانی تر (پیاو، ژن، سپی پێست و ئەوانەشی کە سپی پێست نین). لەهەمان کاتدا، ڕەنگە شوناسێک هاوبەش بکات وەک فەیلەسووفێکی ژن لەگەڵ ژنە فەیلەسووفەکانی تر کە ئەزموونەکانی فەیلەسووفبوونیان بە ژنبوون ڕەچاوکرابێت و لە خامە درابێت. هەندێکجار بەشێک لەو پەیوەندییەمان لە بەشێکی تر سەختترن، بۆ نموونە کاتێک هەندێک شوناس لەڕێی ئایدۆلۆژییەوە ڕەتدەکرێنەوە، یانیش هێندە جیاواز دەردەکەون کە پەیوەندی ناتوانێت بە سەرکەوتووانە بەردەوامی پێ بدات. بەڵام ناسنامە (شوناس) زۆرەکانی تۆڕی خود بنەمایەک بۆ زەمینەی هاوبەش دابین دەکەن.
بەهەرحاڵ تۆڕی خود چۆن بەشداری دەکات لە بەرژەوەندییە پراکتیکی و بژێوییەکاندا؟ یەکێک لە بەشدارییە گرینگەکان بە هەستمانەوە، هەستی کۆنتڕۆڵکردنی ژیانی خۆمانە، هەستی خۆئاڕاستەکردن. ڕەنگە نیگەرانی ئەوەبیت کە زۆرییەتی تۆڕی خود مانای ئەوە بێت بڕیارەکانمان لە سۆنگەی هۆکاری ترەوە بدرێت و نەتوانین خودی خۆمان بڕیار بدەین. ئەو بیرۆکەیە دەکرێت ئەوە بێت کە ئازادی و بڕیاری چارەنووسین لە تایبەتمەندییەکی پاکەوە دەستپێبکات، لەگەڵ تاک یان خودێک کە هیچ تایبەتمەندییەکی نییە، یان پەیوەندی کۆمەڵایەتی و ئارەزوو یاخود توانستێکی نییە کە پێشوەختە بڕیاری لەسەر بدات. بەڵام خودێکی لەم جۆرە دووچاری نشستی سەرچاوە دەبێت لە ئاڕاستکردنی خۆی. تاکێکی لەم جۆرە تووشی زەبر دەبێت لەلایەن هێزە دەرەکییەکانەوە، نەوەک هەست بە تواناکانی خۆی بکات و خودی خۆی بژاردەکانی بەردەستی هەڵبژێرێت. ئەمەش دەبێت بە هەڕەمەکی بوون، نەوەک بڕیاری چارەنووسین لەلایەن خۆیەوە بدات. لە بەرنبەردا، لەباتی سنووردارکردنی خود، تۆڕەکە فرە شوناس و ناسنامەیی وەک سەرچاوەیەک بەکاردەهێنێت بۆ تاکێک کە چالاک و ژیرانە ئاڕاستەی خۆی و بژاردەی هەڵبژاردنەکانی بەردەمی دەکات. لیندسی ڕەنگە بۆ ماوەیەک کار بخاتە پێش ئەرکی باوانییەتی، ڕەنگە خۆی تەرخان بکات بۆ تەواوکردنی ڕۆمانەکەی، کاری فەلسەفەش وەلاوە بنێت. هیچ شتێک ڕێگری لە تۆڕێکی خود ناکات لەوەی ئازادانە ئاڕاستەکانی ژیانی دیاری بکات یانیش ئاڕاستەی نوێ دروست بکات. بڕیاری چارەنووسین لەلایەن تاکەوە گوزارشت و دەربڕین لە خود دەکات. ڕەگ و ڕیشەکەی لە تێگەیشتنی تاکەوەیە.
تۆڕی خودەکە وەها بێنە بەرچاو کە تاکێکی دەوڵەمەندە و ئەگەری جۆراوجۆری چارەنووسینی خۆی هەیە، نەوەک ڕێگایەکی تایبەت دیاری بکات کە دەبێت تاکەکان یان خودەکان هەر بەمشێوەیە بن )واتا تۆڕی خود چەندین ئەگەر دەخاتە بەردەستی خود بۆ ئەوەی ڕێچکەی ژیانی هەڵبژێرێت، نەوەک ڕێگایەکی بەرتەسک بێت و چارەنووسمان دیاری بکات بەبێ ئیرادە و ویستی خۆمان – وەرگێڕ). ئەمە بەو مانایە نایەت کە خود بەرپرسیار نییە لەوانی تر. هەندێک بەرپرسیاریەتی ڕەنگە میراتی بن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەیان هەڵدەبژێردرێن. ئەمەش بەشێکە لە بەستێنی گوزەرکردنی ژیان لەگەڵ کەسانیتر. تاکەکان تەنیا ‘بە تۆڕ پەیوەستکراو’ نین، بۆ نموونە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، خودی تۆڕەکە خۆین. بە لەبەرچاوگرتن و ڕەچاوکردنی ئاڵۆزی و گۆڕانی تاکەکان، دەگەینە تێگەیشتنێکی باشتر لە کێیەتی خۆمان و، چۆن ژیانێکی گونجاو لەگەڵ خۆمان و خەڵکانی تر گوزەر بکەین.
سەرچاوەی ڕەسەنی وتارەکە