“کۆچی ژینگەیی لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق: هەڵسەنگاندنی دەستڕاگەیشتن بە بەڵگەنامەی مەدەنی و ناسنامە و ئاسایشی مانەوە”، ناونیشانی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ و ئاژانسی (USAID)ی ئەمریکاییە. ڕاپۆرتەکە تایبەتە بە کۆچکردن و ئاوارەبوون بەهۆی گۆڕانەکانی کەشوهەوا لە پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق.
بەگوێرەی ئامارەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ لە حوزەیرانی ٢٠١٨ەوە تا ١٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، بەدیاریکراوی ٢١ هەزار و ٧٩٨ خێزان کە دەکاتە ١٣٠ هەزار و ٧٨٨ کەس، بەهۆی وشکەساڵییەوە لە سەرانسەری ١٢ پارێزگای عێراق ئاوارە بوون. پارێزگاکانی زیقاڕ (حەوت هەزار و ٨٩٠ خێزان)، میسان (چوار هەزار و ٤٢٠ خێزان)، نەجەف (سێ هەزار و ٢٣٤ خێزان) ئەو سێ پارێزگایەن کە زۆرترین ژمارەی ئاوارەیان هەیە.
ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ کە لە سەرانسەری ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بەدواداچوون بۆ کۆچی ژینگەیی و ئاوارەبوون بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا دەکات، ئاماژەی بەوە کردووە، زۆرێک لە ئەندامانی کۆمەڵگەی گوندنشین کە بەهۆی هۆکارە ژینگەییەکانەوە لە عێراق ئاوارە دەبن، دەچنە ناوەندی شارەکانەوە، لەگەڵ کۆچبەرانی ژینگەیی کە بە شێوەیەکی گشتی دەچنە ناوچە نافەرمیترەکان وەک ناوچە کشتوکاڵییەکانی پێشوو لە پەراوێزی شار، یان لەناو شوێنە کۆن و تێکچووەکان لە ناوەندی شارەکاندا. ئەم ناوچانە بە شێوەیەکی گشتی ئەو شوێنانەن کە دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان و خانووبەرەی سەلامەت لە مەترسیدایە و بارودۆخی ژیان بە شێوەیەکی گشتی خراپترە. توێژینەوەیەک کە لەلایەن ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ لە بەسرە ئەنجامدراوە دەریخستووە، کە ئەو شوێنانەی کە ژمارەیەکی بەرچاوی کۆچبەرانی تێدایە، بە شێوەیەکی بەرچاو دەستڕاگەیشتنیان بە ئاو، کارەبا، شەقامە قیرتاوکراوەکان، ڕووناکی گشتی و خانووبەرەی ستاندارد خراپترە.
هەر بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، کۆچبەرانی ژینگەیی ڕووبەڕووی ناسەلامەتی لە خانووبەرە و سنوورداربوونی دەستڕاگەیشتن بە مافەکان دەبنەوە. سەرەڕای ئەوەش، تووشی بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتە ناوخۆییەکان و کۆمەڵگاکان دەبنەوە، کە کۆچبەرانی ژینگەیی بە چالاکییە تاوانکارییەکان و گۆڕانکارییە نەرێنییەکانی بازاڕی کارەوە دەبەستنەوە، کە دەبێتە هۆی ئالنگاریی هاوبەستی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی. زۆرجار کۆچبەرانی ژینگەیی هەست بە جیاکاری و پەراوێزخستن دەکەن، ئەمەش بەشدارە لە گرژییەکانی نێوان کۆمەڵگەی خانەخوێ و کۆچبەران.
ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ، لە لێکۆڵینەوەکانیدا سەبارەت بە بارودۆخی خێزانە ئاوارە گوندنشینەکان، بۆی دەرکەوتووە کە پێویستیان بە هاوکاری یاسایی هەیە بۆ ئەوەی بتوانن ناسنامە و بەڵگەنامەی فەرمی بەدەستبهێنن، لەوانە کارتی نیشتەجێبوون و بەڵگەنامەی خاوەندارێتی زەوی. ئەمانە کێشەی هاوشێوەی ئەو کێشانەن کە بەهۆی شەڕی داعشەوە ڕووبەڕووی خێزانە ئاوارەبووەکان دەبنەوە. ئەم کێشانە تەحەددایەکی تایبەت بۆ ئەو دایک و باوکانە دروست دەکەن کە دەیانەوێت ناسنامەی مەدەنی بۆ منداڵە تازە لەدایکبووەکانیان دەربکەن لە کاتی ئاوارەبووندا، بەو پێیەی ژمارەی ئەو منداڵانەی کە ناسنامەی فەرمییان نییە لە زیادبووندایە و ئەمەش نەوەیەکی نوێ لە منداڵان دروست دەکات کە لە کاتی ئاوارەبووندا لەدایک دەبن، و لە مافی هەبوونی هیچ جۆرە بەڵگەنامەیەکی فەرمی سوودمەند نابن.
کۆچبەرانی ژینگەیی نەک تەنیا لە داننان بە پێداویستییەکانیان، بەڵکو هەندێک جار، لە ناساندن وەک ئاوارە ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە. بە پێچەوانەی ئەو کەسانەی لە دوای ساڵی ٢٠١٤ەوە بەهۆی داگیرکاریی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش)ەوە ئاوارە بوون، کۆچبەرە ژینگەییەکان بەڵگەنامەکانیان لەدەست نەدا، هەروەها ڕووبەڕووی ئەو پرسانە نابنەوە کە پەیوەندییان بە مۆڵەتی ئەمنیەوە هەیە بۆ ئەوەی داوای بەڵگەنامە بکەن. لەکاتێکدا هێشتا گرفتی دیکە هەیە، ئاسایی ماوەی بەڵگەنامەکانیان بەسەردەچێت و ئەوان ناتوانن نوێیان بکەنەوە.
وەک ئەوەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکە جەختی لەسەر کردووەتەوە، کۆچبەرانی ژینگەیی، بەتایبەتی لە نەجەف، ڕووبەڕووی کێشەی تایبەت دەبنەوە سەبارەت بە ناساندنی فەرمی وەک ئاوارەکان لەلایەن وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانەوە و هەروەها لە دەستڕاگەیشتن بە کارتی نیشتەجێبوون. هەروەها کەمی زانیاری کۆچبەرانی ژینگەیی، بەتایبەتی ژنان، بەرەوڕووی ئیستغلالکردن و ساختەکاری دەکاتەوە.
ڕێکخراوەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا باس لەوە دەکات کە بە نەبوونی بەڵگەنامەی فەرمی مەدەنی و ناسنامە، خێزانەکان بەرەوڕووی لەدەستدانی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان دەبنەوە، لەوانەش دەرفەتی خوێندن بۆ منداڵەکانیان.
هەندێک لە خێزانە ئاوارەکان ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە لە داواکاری دەسەڵاتداران بۆ چۆڵکردنی ئەو شوێنەی کە تێیدا گیرساونەتەوە، بەو پێیەی ناوچەیەکی ئاوارەیی نافەرمییە، ئەمەش وا پێویست دەکات دەسەڵاتداران چارەسەری بەردەوام بۆ ئەو خێزانانە بدۆزنەوە و گرێبەستی کشتوکاڵیان بۆ دەستەبەر بکەن بۆ باشترکردنی دۆخی ئابوورییان.
ئەو خێزانە گوندنشینانەی کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا لە پارێزگای زیقاڕ ئاوارە بوون لە بەدەستهێنانی بەڵگەنامەی فەرمیدا ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە. ئەم بەڵگەنامە یاساییانە دەتوانن ناوی خێزانە ئاوارەکان بخەنە ناو لیستی بەشەخۆراکی مانگانەوە لەو ناوچە نوێیەی کە تێیدا نیشتەجێن.