Site icon Zed Press

دووبارە بڕیاری داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان دەرکرایەوە

حکوومەتی خۆجێی هەولێر بڕیاری لەسەر داخستنی ١٣٨ پاڵاوگەی نایاسایی دەکرد، لەپاڵ دیاریکردنی چەند مەرج و ڕێکارێک بۆ کارکردنی مۆلیدەکانی کارەبا و بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل و ئەوەش لەکاتێکدا کە چەندین جار لەساڵانی پێشوودا، هەمان بڕیارەکان دەرکراون، بەڵام جێبەجێ نەکراون.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ڕۆژی یەکشەم، ٤ی ئابی ٢٠٢٤، ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە زاری ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، چەند بڕیارێکی پێوەست بە ژینگەی هەولێر ڕاگەیاند.

بڕیارەکان پاش هەڵمەتێکی بەرفرەوانی ناڕەزایەتی و نیگەرانیی هاووڵاتییان دێت کە لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا و پێوەست بە پیسبوونی هەوای شاری هەولێرەوە.

لەو ڕوانگەیەوە، ئومێد خۆشناو پارێزگاری شارەکە بە ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هەرێمی ڕاگەیاندووە: “بۆ پاکڕاگرتنی ژینگە و ئاووهەوای هەولێر، چەند ڕێگەیەک دەگیرێنە بەر”.

لەو چوارچێوەیەدا، بڕیار لەسەر داخستنی ١٣٨ پاڵاوگەی نایاسایی لە سنوری پارێزگای هەولێر دراوە و مۆڵەتی ١٠ ڕۆژیش بە پاڵاوگە یاساییەکان دراوە، کە مەرجەکانی ژینگەپارێزی جێبەجێ بکەن و بەپێچەوانەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت و هاوکات مۆڵەتی یەک هەفتەیش بە مۆلیدەکانی کارەبا دراوە، کە ئامێری بێدەنگککردن ببەستن و هەروەها گازی کوالێتی باش بەکاربهێنن.

ئەو بڕیارانە لەکاتێکدا دێن، کە زیاتر لە ١٠ ساڵە لە ئاستی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی سامانە سروشتییەکاندا بڕیار لەسەر داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان دراوە، بەڵام هیچ کاتێک بڕیارەکان جێبەجێ نەکراون.

هاوکات پێش زیاتر لە پێنج ساڵ و لەسەردەمی فرسەت سۆفی پارێزگاری کۆچکردووی هەولێردا، بڕیار درا کە مۆلیدەکانی کارەبا ئامێری بێدەنگککردن ببەستن، لەپاڵ چارەسەرکردنی کێشەی دووکەڵی مۆلیدەکان، بەڵام وەک دەردەکەوێت تا ئێستا بڕیارەکان جێبەجێ نەکراون و لەبری جێبەجێکردنی بڕیارەکانی پێشوو، جارێکی دیکە هەمان بڕیارەکان دووبارە دەردەکرێنەوە.

 

وەک ئەوەی حکوومەتی هەرێم ئاماژەی بۆ کردووە، ئێستا گرنگترین بڕیارەکان ئەمانەن:

 

یه‌كه‌م/ داخستنی ١٣٨ پاڵاوگەی نایاسایی لە سنووری پارێزگای هەولێر.

دووه‌م/ ئه‌و پاڵاوگانه‌ی یاسایین، ١٠ ڕۆژ مۆڵەتیان پێ دەدرێت، بۆ ئەوەی مەرجەکانی پاراستنی ژینگە جێبەجێ بکەن، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ڕێكاری یاساییان لەبه‌رانبه‌ردا ده‌گیرێته‌ به‌ر.

سێیه‌م/ كارگه‌ جۆراوجۆره‌كان، به‌ تایبه‌تی كارگه‌ی قیڕ، دەبێت گرفته‌ ژینگه‌ییه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ڕێكاری یاساییان لە به‌رامبه‌ردا ده‌گیرێته‌به‌ر.

چواره‌م/ یەک هەفتە مۆڵەت دەدرێت بەو موەلیدانەی کە تاکوو ئێستا موەلیدەکانیان نەکردووەتە بێدەنگ (کاتم صوت)، دوای ئەو هەفتەیە ڕێکاری یاساییان لە بەرانبەر دەگیرێتە بەر، هەروەها دەبێت گازی کوالێتیی باش بۆ کارپێکردنی موەلیدەکانیان بەکار بهێندرێت.

پێنجه‌م/ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسی هاتووچۆی هه‌ولێر ڕاسپێردراوە، دەست بکات بە هەڵمەتێک به‌رامبه‌ر ئەو ئۆتۆمبێلانه‌ی كه‌ دووكه‌ڵ ده‌كه‌ن و زیان به‌ ژینگه‌ ده‌گه‌یه‌نن، هەر ئۆتۆمبێلێک ژینگە پیس بکات، دەستی بەسەردا دەگیرێت.

شه‌شه‌م/ داوا لە هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، لە وێستگەی هەڵمیی خەبات، مەرجەکانی ژینگەپارێزی جێبەجێ بکەن، چونکە ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی ناوچەکەی لێ کەوتووەتەوە.

حه‌فته‌م/ سەبارەت بە پاراستنی ژینگەی شاری هەولێر و بەدواداچوون و چاودێریکردنی جێبەجێکردنی ئەو ڕێنمایی و بڕیارانە، لیژنەیەک بە سەرۆکایەتیی جێگری پارێزگار پێک هێنراوە.

 

Exit mobile version