Site icon Zed Press

توێژینەوەیەکی زانستی پیسبوون و کوالێتی هەوای شاری هەولێر دیاری دەکات

تیمێکی توێژەران، ئەنجامە بەراییەکانی توێژینەوەیەکی مەیدانی و زانستییان بۆ پێوانەکردنی کوالێتی هەوای شاری هەولێر ڕاگەیاند و دەڵێن، کوالێتی هەوای شارەکە لە نێوان باش و مامناوەندە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

تیمەکە لە توێژەران دابان دەباغ، توانا حەمید و سایە دلاوەر پێکهاتوون. لەماوەی ١٠ ڕۆژ و لەلایەن پێنج تیمەوە، داتاکانی پێوەست بە پێوانەکردنی کوالێتی هەوا بە بەردەوامی و لە سێ کاتی جیاوازدا تۆمارکراون.

ئەنجامە بەراییەکانی توێژینەوەکە، بەگشتی ژینگەی شارەکە لە نێوان باش و مامناوەند پۆلێن دەکات. توێژەرەکان دەڵێن، ژینگە مامناوەندەکەی کوالێتی هەوا دەشێت کاریگەری لەسەرخۆ و دوورمەودا دروست بکات لەسەر دانیشتووانی شارەکە.

توێژینەوەکە بەو ئەنجامە گەیشتووە، کە گەڕەکەکانی نزیک لە پاڵاوگە نایاساییەکان و هەردوو پیشەسازی باشوور و باکوور، کاریگەرییەکی خراپیان لەسەر ژینگە و کوالێتی هەوای شارەکە دروست کردووە. لەو ڕوانگەیەوە توێژەرەکان پێشنیاز دەکەن، ناوچەیی سەوزایی وەک پشتێنە بەکاربهێندرێت بۆ ڕێگریکردن لە گواستنەوەی پاشماوەی دەرچوو لە چالاکییەکانی ئەو ناوچانە بۆ ناو شارەکە و وەک دەڵێن: “دەکرێت بۆ ئەم مەبەستە پشت بە ئاڕاستەی جوڵەی با ببەسترێت و پشتێنە سەوزەکان لەسەر ئەو بنەمایە دروست بکرێن”.

هەر لە ئەنجامی توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە، کوالێتی هەوای شارەکە بەگوێرەی کاتەکانی بەیانی و ئێوارە دەگۆڕێت، کاتەکانی بەیانی کوالێتی هەوا خاوێنترە لەکاتی ئێوارە (لە نێوان کاتژمێر ٣:٠٠ تا ٦:٠٠ی ئێوارە)،  ( وێنەی ژمارە ١). ئەم ئەنجامەش نیشاندەری ئەوەیە کە “شارەکە لەڕووی جوڵەی هەواوە دووچاری قەتیسبوونێکی زۆر بووەتەوە کە بەدرێژایی ڕۆژ چالاکییەکانی مرۆڤ تیایدا وادەکات بڕی ئەو پێکهاتە ڕەقانە لە هەوادا زیاد بکەن و بەهۆی نەبوونی جوڵەی (با)ی پێویستیش ئەو ڕێژە زۆرە لە هەوادا دەمێنێتەوە و قەتیس دەبێت تا وا دەکات لەکاتەکانی ئێوارە بڕەکەی زیاتر بێت”، وەک ئەوەی توێژەرەکان دەیڵێن.

 

لەخوارەوە، ڕاپۆرتی ئەنجامە بەراییەکانی توێژینەوەکە، کە لەلایەن توێژەرانەوە ئامادەکراوە:

 

ئەنجامی سەرەتایی دەربارەی توێژینەوەیەکی مەیدانیمان بۆ هەڵسەنگاندنی کوالێتی هەوا لەشاری هەولێر

ئەم توێژینەوەیە بەو ئامانجە ئەنجامدراوە کە لەسەر بنەمایەکی زانستی و بە پشتبەستن بە داتای ڕۆژ و ڕاست قسە لەسەر کوالێتی هەوای شار هەولێر بکەین، چونکە لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردوو ببووە بابەتی ڕۆژی نێو سۆشیال میدیا و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن.

 

شێوازی ئەنجامدانی توێژینەوەکە:

لەبەر ئەوەی ئامانجی سەرەکی توێژینەوەکە بریتییە لە دەستنیشانکردنی جیاوازی شوێن و کات بۆ بەشێک لە پێکهاتە هەڵواسراوەکانی ناو بەرگە هەوا کە وەک ئاماژەیەک بەکاردەهێنرێن بۆ پێوانەکردنی کوالێتی هەوا  لەناو شاری هەولێر. بۆ ئەم مەبەستە کوالێتی هەوای شارەکە تۆمارکراوە لە لایەن پێنج تیمی توێژەرەوە بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ و بە بەردەوامیش لە سێ کاتی جیاوازدا داتاکان تۆمارکراون، بەم جۆرەی خوارە:

 

بەیانیان؛ لە کاتژمێر ٩:٠٠ی بەیانی بۆ ١٢:٠٠٩ی نیوەڕۆ

نیوەڕۆ؛ لە کاتژمێر ١٢:٠٠ی بۆ ٣:٠٠ی نیوەڕۆ

ئێوارە؛ لە کاتژمێر ٣:٠٠ بۆ ٦:٠٠ی ئێوارە

 

داتاکان لە ١٥٠ شوێنی جیاجیای ناو شاری هەولێر تۆمارکراون و لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا سێ جار دووبارە کراونەتەوە. بە ڕەچاوکردنی هاوسەنگی لە دۆخی پلەی گەرمی و خێرایی و ئاڕاستەی با لە کاتەکان و شوێنەکانی تۆمارکردندا.

 

جگە لەوەش پێوستە بگوترێت، ئامانجێکی دیکەی توێژینەوەکە بریتییە لە دەستنیشانکردنی جیاوازی شوێن و کات بۆ ئاماژەکانی کوالێتی هەوا لە نێوان کاتەکانی شەووڕۆژدا. بۆیە ئێستا تیمەکان خەریکی کۆکردنەوەی داتای کاتی شەوانن ( لێرەدا ئەنجامی داتایی شەوان ئاماژەی پێنادرێت، بەڵکو لەداهاتوودا لەتوێژینەوەیەکی پوخت و لەگۆڤارێکی باوەڕپێکراوی زانستی بڵاوییان دەکەینەوە).

 

ئەنجامی بەرایی توێژینەوەکە:

 

هەڵواسراوە ڕەقەکان کە تیرەکەیان لە ٢.٥ مایکرۆ میتەر بچووکترە (نەخشەی ژمارە ١)

وەک لە نەخشەکەدا دەردەکەوێت کە بەشێوەیەکی گشتی شارەکە کەوتووەتە ژێر کاریگەری ئاستی مامناوەند لە ڕووی بڵاوبوونەوەی ئەو دەنکۆڵە ڕەقانەی کە تیرەکەیان لە ٢.٥ مایکرۆمیتەر کەمترە.

 

تێبینی ١ :

ئەم گەڕەکانەی خوارەوە کەوتوونەتە نێو زۆنی سور یاخود (ناتەندروست بۆ ئەو کەسانەی کە دۆخی تەندروستیان هەستیارە)؛

 

گەڕەکەکان پێکدێن لە:

پیشەسازی باشوور

قەتەوی

مامزاوە

ڕاستی

ڕۆشنبیری

فەرمانبەران

کارێزان

شارەوانی

حەسارۆک

منارە

گوڵان

بێتواتەی نوێ

سەفین

پیشەسازی باکوور

گوندی ئیتاڵی دوو

بەحرکە

گوندی پیرداود

تۆپزاوە

 

تێبینی ٢ :

ناوچەی پارکی گەورەی شار (پارکی شەهید سامی عەبدولڕەحمان) کاریگەرییەکی گەورەی ئەرێنی دروست کردووە لەسەر ناوچەکانی دەوروبەری، کە وەک دەردەکەوێت گەڕەکی دریم ستی و چواردەوری کەوتوونەتە نێو زۆنی سەوز یاخود (باش) کە ئەوەش بەواتای ئەوە دێت بڕی ئەو پێکهاتە هەڵواسراوە ڕەقە لە ئاستی ستانداردی جیهانیدایە بۆ ژینگەیەکی گونجاو.

 

هەڵواسراوە ڕەقەکان کە تیرەکەیان لە ١٠ مایکرۆمیتەر بچووکترە (نەخشەی ژمارە ٢)

بەشێوەیەکی گشتی نزیکەی ٦٥٪ی گەڕەکەکانی شارەکە کەوتوونەتە نێو زۆنی سەوز یاخود زۆنی (گونجاو).

بەشەکەی تریان کە ٣٥٪ی شارەکە پێک دەهێنن، کەوتوونەتە ژێر کاریگەری ئاستی مامناوەند لە ڕووی بڵاوبوونەوەی ئەو دەنکۆڵە ڕەقانەوە.

 

تێبینی ١ :

بەگشتی ناوچەکانی زۆنی مامناوەند زیاتر درێژ دەبنەوە بۆ ئەو گەڕەکانەی کە کەوتوونەتە باکوور و باکووری خۆرهەڵاتی شارەکە.

 

تێبینی ٢:

دووبارە ناوچەی پیشەسازی باشوور و قەتەوی و مامزاوە کەوتوونەتە نێو زۆنی سوور ( ناتەندروست بۆ ئەو کەسانەی کە دۆخی تەندروستیان هەستیارە).

 

گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆن

بەپێی نەخشەی ژمارە ٣ دەردەکەوێت کە بەشێکی زۆری ٨٥٪ی گەڕەکەکانی شارەکە کەوتوونەتە نێو زۆنی گونجاو لەڕووی ئاستی گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆن، جگە لە گەڕەکەکانی سەنتەری شار، گەڕەکەکانی ئازادی، شۆڕش، بەختیاری، سەلاحەدین و کوێستان نەبێت کە کەوتوونەتە نێو زۆنی مامناوەند.

تێبینی ١ : ئەگەر تەماشای نەخشەی ژمارە ٣ بکەین دەردەکەوێت کەوا  بەشێک لە گەڕەکەکانی نزیک لە پارکی گەورە و پارکی شاندەر کەوتوونەتە نێو زۆنی مامناوەند. چەند هۆکارێک دەکرێت ئاماژەی پێبدرێت بۆ ئەم ئەنجامە، لەوانە چڕی چالاکی مرۆڤ لە ناوچەکە، بەو پێیەی ئەو گەڕەکانەی نزیک ئەو پارکانە گەڕەکی کۆنی شارن و ژمارەی دانیشتوان تیایاندا بەرزە (بۆ نمونە گەڕەکی نیشتمان).

 

جگە لەوەش هۆکاری دیکەی ژینگەیی هەن، بۆ نمونە هەڵگەڕانەوەی گەرمی و قەتیسبوونی بەتایبەت لە وەرزی هاوین وادەکات کە گازە دەردراوەکان لە ئەنجامی چالاکی مرۆڤ قەتیس بن و بمێننەوە. ئەم دیاردەیەش زیاتر لەو شوێنانە ڕوودەدات کە بڕی شێ تیایاندا بەرزترە لە ناوچەکانی دەوروبەری (پێشتر توێژینەوەمان لەسەر بابەتی گەرمی هەڵگەڕاوە کردووە لەسەر شاری هەولێر).

 

ئەم ئەنجامە بەراییانە چیمان پێ دەڵێن؛

 

 

 

 

تێبینی (بێگومان ئەمە دیاردەیەکی ئاساییە کە چالاکییەکانی مرۆڤ لە کاتەکانی بەیانیاندا کەمترە و وردە وردە زیاد دەکات، بەڵام بۆ کوالێتی هەوا دەبێت لێکدانەوەی هەموو هۆکارەکان بکرێت).

 

 

 

 

Exit mobile version