Site icon Zed Press

نزیکەی تێکڕای ئاسکەکانی ناوچەی پارێزراوی مەندەلی بزر بوون

لەکۆی ٤٠٠ ئاسکی دەگمەنی عێراقی لە ناوچەی پارێزراوی مەندەلی، ٣٩٠ ئاسک بێسەروشوێنن و تەنیا ١٠ دانەیان ماونەتەوە. لایەنە بەرپرسەکان دەڵێن بەدواداچوون دەکەن، لەکاتێکدا میدیا عێراقییەکان گومانی گەورەیان لەسەر دزین و بەقاچاخبردنی ئاسکەکان دروستکردووە.

 

بەقاچاجبردنی ئاسکەکانی ناوچەی پارێزراوی مەندەلی، باسوخواسی گەرمی ناو بەشێک لە میدیاکانی عێراقییە. سەرچاوەکان جەخت دەکەنەوە کە ئەو بەقاچاخبردنەی ئاسکەکان کە لە مەندەلی ڕوویداوە، بە بەهای نیو ملیۆن دۆلاری ئەمریکی دەخەمڵێندرێت. لەکاتێکدا قایمقامی مەندەلی، ئاشکرای کرد، لەکۆی ٤٠٠ ئاسکی ناوچە پارێزراوەکە، تەنیا ١٠ ئاسک ماونەتەوە.

 

لایەنە پەیوەندارەکان وەک قایمقامیەتی مەندەلی، دووپات لە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە دەکەنەوە، بزربوونی ئەو ژمارە زۆرەی ئاسکەکان لەماوەیەکی کەمدا بۆ ئەوانیش جێگەی پرسیار و گومانە، چونکە وەک دەڵێن بزربوونی ئەو ژمارە گەورەیە، بەهۆکاری وەک گیانلەدەستدانیان، جێگەی باوەڕپێکردن نییە.

 

لەو چەند ساڵەی ڕابردوودا، حاڵەتی گیانلەدەستدانی ئاسکەکانی ناوچەی پارێزراوی مەندەلی و  ناوچە پارێزراوەکانی دیکەیش ڕوویداوە. لە ٢١ی ئابی ٢٠٢٢، ئەحمەد ئیبراهیم بەڕێوەبەری ناوچەی پارێزراوی مەندەلی ڕایگەیاند، حکوومەت پلانێکی بەپەلەی هەیە بۆ ڕزگارکردنی ئاسکەکانی ناوچەی پارێزراوی مەندەلی، دوای گیانلەدەستدانی ٤١ ئاسک لە ناوچە پارێزراوەکەدا. ئەوەش وایکرد، ٢٠ ئاسکی زیندوو بۆ ناوچەی پارێزراوی دبز لە ڕۆژهەڵاتی کەرکووک بگوازنەوە.

 

ناوچەی پارێزراوی مەندەلی، کە بەناوبانگترین ئاسکی عێراق لەخۆدەگرێت، ڕووبەری ٤٠٠ دۆنم دەگرێتەوە و بە نزیکەی ٣٠کم لە ناوەندی مەندەلییەوە دوورە. ئاسکەکە دوو جار لە ساڵێکدا دەزێت؛ لە سەرەتای نیسان و کۆتایی کانوونی دووەمدا.

 

ئەوکات، ناوچە پارێزراوەکە ٢٠٠ ئاسکی لەخۆدەگرت.

 

بە دوو مانگ پێش لێدوانەکەی ئەحمەد ئیبراهیم بەڕێوەبەری ناوچەی پارێزراوی مەندەلی، بەرپرسێکی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە میدیاکانی ڕاگەیاندبوو، بەهۆکاری دابین نەکردنی ئالیک و تەرخانکراوی پێویستی دارایی بۆ ناوچە پارێزراوەکان بەڕێژەی ٢٥٪ی ئاسکەکان لە سێ ناوچەی پارێزراودا کەم بوونەتەوە.

 

 

بەرپرسانی پەیوەندیدار ئاماژەیان بەوە کردووە، لەوەتەی ساڵی ٢٠٢٠ەوە، ئالیکی تەرخانکراو بۆ ئاسکەکانی ناوچە پارێزراوەکە لە پەنجا تۆنەوە بۆ تەنیا پێنج تۆن کەمکراوەتەوە، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ لەدەستدانی سەرچاوەکانی ئاو بەهۆی وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەوا.

 

ئاسکەکە بە ناوی “ئاسکی ڕیم”ەوە ناودەبردرێت، ئەوە ناوێکی ژنانەیە و واتای جوانی و ناسکی دەدات. ئاسکەکە بە ڕەسەنی بیابانەکانی عێراق دادەندرێت و دواتر بە ناوچەکانی دیکەی جیهاندا بڵاوبووەتەوە، وەک لیبیا، میسر و جەزائیر. لەلایەن یەکێتیی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سروشت (IUCN) بەو یەکێک لەو جۆرە ئاژەڵانە دادەندرێت کە مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە.

 

لە ئابی ساڵی ڕابردوو، میدیا عێراقییەکان لە زاری بەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە، جەختیان لەسەر برسێتی و تینوویەتی ئاسکەکان کردەوە، لەکاتێکدا وەلید محەمەد ڕەزووقی بەڕێوەبەری گشتی دیوان لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ڕایگەیاند بوو، دۆخی ناوچە پارێزراوەکان باشە و ئالیکی پێویست بۆ ئاسکەکان دابین کراوە.

 

 

Exit mobile version