Site icon Zed Press

عێراق؛ هەزاران حەوزی نایاسایی بەخێوکردنی ماسی هەڕەشە لە سامانی ئاو دەکەن

ئەمڕۆ سێشەم، وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، تێکدانی زیاتر لە دوو هەزار و ١٠٠ حەوزی نایاسایی بەخێوکردنی ماسی، تەنیا لە باکووری بەغدا ڕاگەیاند. چیرۆکی تێکدان و لابردنی حەوزە نایاساییەکانی بەخێوکردنی ماسی لە عێراق، مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە. پاڵپشت بە ڕاگەیەندراوە فەرمییەکانی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو، تەنیا لە دوو ساڵی ڕابردوودا، هەزاران حەوزی نایاسایی لەسەرتاسەری عێراق تێکدراون، بەڵام وەک لە ڕاگەیەندراوەکانی ئەو ڕۆژانەدا دەردەکەوێت، حەوزە نایاساییەکان تەواو نابن.

 

پێش چەند ڕۆژێک، وەزارەتەکە ڕایگەیاند، ٩٠٪ی حەوزە نایاساییەکانی بەخێوکردنی ماسی لە ناوچەی ڕەزوانییەی بەغدا لابردراون.

 

ڕاگەیەندراوەکە، لە زاری تەها ئەلمەحاوی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق دەڵێ: “٤٠٠ حەوزی نایاسایی لە ناوچەی ڕەزوانییە هەن و زۆرینەیان لابردراون. هەڵمەتی لابردنی ئەوانی دیکەیش بەردەوام دەبێت”.

 

بەرپرسانی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، جەخت لەوە دەکەنەوە، کە حەوزە نایاساییەکانی بەخێوکردنی ماسی هۆکاری سەرەکیین لە بەفیڕۆدانی ئاو و جگەلەوەیش ڕێگرن لە گەیشتنی بڕی ئاوی پێویست بۆ پارێزگاکانی باشووری عێراق.

 

پێش دوو ساڵ، وەزارەتەکە ، تێکدانی زیاتر لە دوو هەزار و ٩٦٥ حەوزی نایاسایی بەخێوکردنی ماسیی لە سەرتاسەری عێراق ڕاگەیاند.

وەزارەتەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە سەرەتای حوزەیرانی ٢٠٢٣ بڵاویکردەوە، جەختی لە تێکدانی دوو هەزار و ٢١٢ حەوزی نایاسایی لەسەر ڕووباری دیجلە و ٧٥٣ حەوزی دیکەی نایاسایی لە سەر ڕووباری فوڕات کردەوە.

 

پاڵپشت بە هەڵمەتەکانی وەزارەتەکە و ڕاگەیەندراوەکانی، وا دەردەکەوێت ئەو حەوزە نایاساییانە، بە هەزارانن و لەبن نایەن.

 

ئێستا، کە وەزارەتەکە تێکدانی زیاتر لە دوو هەزار و ١٠٠ حەوزی لە باکووری بەغدا ڕاگەیاندووە، لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤یشدا، ڕایگەیاندبوو: ٧٦٥ حەوزی نایاسایی بەخێوکردنی ماسییان لە باکووری بەغدا تێکداوە.

 

لە ١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٤یشدا، وەزارەتەکە ڕایگەیاند: ٥٥٠ حەوزی نایاساییان لە باشووری بەغدا پڕکردووەتەوە و لەناوبردووە.

ئەوکات بەرپرسانی وەزارەتەکە دووپاتیان لەوە کردبووەوە، حەوزەکانیان پڕ کردووەتەوە، بۆ ئەوەی دڵنیاببنەوە کە جارێکی دیکە بەکارناهێنرێنەوە.

 

لە ٦ی حوزەیرانی ئەمساڵ، گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو، تێکدانی ٨٠٪ی حەوزە نایاساییەکانی ڕاگەیاند، ئەوەش لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی تۆکمەی نیشتمانی، کە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕاستەوخۆ خۆی سەرپەرشتی دەکات.

گوتەبێژەکە گوتی، لەچوارچێوەی ئەو هەڵمەتەدا، سوود لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای مۆدێرنی چاودێریکردن وەرگیراوە، لەناویاندا مانگی دەستکرد و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ئەوەش بەمەبەستی دەستنیشانکردنی زیادەڕۆییەکان.

 

بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، بە تێکدان و هەڵگرتنی حەوزە نایاساییەکانی بەخێوکردنی ماسی، لە هەر چرکەیەدا نزیکەی ٥٠ مەتر سێجا ئاو پاشەکەوت دەکرێت، کە ئەو بڕە ئاوە پێشتر بەهۆی زیادەڕۆییەکانەوە بەفیڕۆچووە.

 

Exit mobile version