Site icon Zed Press

زێدەدەرهێنان و فرۆشی نه‌وت لە عێراق بە هۆکاری خراپتربوونی قەیرانی ئاو دادەنرێت

Zed Press زێدپرێس ژینگه‌ زێدەدەرهێنان و فرۆشی نه‌وت لە عێراق بە هۆکاری خراپتربوونی قەیرانی ئاو دادەنرێت پیسبوونی ژینگەیی بەهۆی سووتاندنی گازی دەرهێنراو

زێدپرێس

پیسبوونی ژینگەیی بەهۆی سووتاندنی گازی دەرهێنراو لەکاتی دەرهێنانی نەوت یەکێکی دیکەیە لە کێشە سەرەکییەکان لە باشووری وشک و دەوڵەمەند بە نەوت

کۆمپانیا نەوتییەکانی ڕۆژئاوا قەیرانی ئاو بەرەو خراپتر دەبەن و هۆکارن بۆ پیسبوونی ژینگەی عێراق، لە کاتێکدا لە هەوڵدان بۆ قازانجکردن لە زیادبوونی نرخی نەوت دوای هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکڕانیا.

کەمی ئاو بووەتە هۆی کۆچکردنی هەزاران و زیادکردنی ناسەقامگیری، ئێستا عێراق پێنجەم  لاوازترین وڵاته‌ بەرانبەر بە قەیرانی کەشوهەوا

 

بەگوێرەی شارەزایانی نێودەوڵەتی، کەمی ئاو بووەتە هۆی کۆچکردنی هەزاران و زیادکردنی ناسەقامگیری، ئێستایش عێراق لەڕووی لاوازییەوە بەرانبەر بە قەیرانی کەشوهەوا بە پێنجەم وڵات دادەنرێت لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان. لە باشووری وشک و دەوڵەمەند بە نەوتی عێراق، ئەو زۆنگاوانەی کە سەرچاوەی ئاوی کۆمەڵگەکان بوون ئێستا کەناڵی قوڕاوین.

مەهدی موتیری ٥٧ ساڵ، تەواوی ژیانی وەک ماسیگر کاری کردووە. بۆ چەندین ساڵ، مەهدی و هاوسەرەکەی لە کاتی خۆرئاوابوون سەرقاڵی ڕاوەماسی دەبوون لە تۆڕە زۆنگاوییەکانی ئەلخوڕەدا، چەند کیلۆمەترێک لە باکووری بەسڕە. بەرهەمی ڕاوەکەیان کەم بوو، بەڵام خۆراکی پێویستی بۆ خێزانێکی حەوت کەسی دابین دەکرد.

ساڵی ڕابردوو شتەکان گۆڕان. ئێستا، لە لوتکەی وەرزێکی باراناویشدا، بەلەمەکەی مەهدی لەناو قوڕدا بەجێهێڵدراوە.

“هۆکارەکەی ئەو وێستگە ئاوییەیە کە کۆمپانیا ئیتاڵییەکە دروستی کردووە: پێویستیان بە ئاوە بۆ کێڵگە نەوتییەکانیان،” مەهدی ئەمەی گوت، لە کاتێکدا ئاماژەی بۆ دووکەڵێکی ڕەش دەکرد کە لە کێڵگە نەوتییەکەی زوبەیر بەرز دەبوویەوە.

بۆ هەر بەرمیلێک لە نەوت، زیاد لە سێ بەرمیل ئاو دەخرێتە ژێر ئەرزەوە. لە کاتێکیشدا بڕی هەناردەکردنی نەوت لە زیادبووندایە، ئاستی ئاو بە بڕێکی بەرچاو لە عێراقدا کەمی کردووە.

 

بۆ ئەوەی نەوت دەربهێنن، کۆمپانیاکان بڕێکی زۆر لە ئاو دەخەنە ناو زەوییەوە. بۆ هەر بەرمیلێک لە نەوت –کە زۆریان دەنێردرێن بۆ ئەوروپا- زیاد لە سێ بەرمیل ئاو دەخرێتە ژێر ئەرزەوە. لە کاتێکیشدا بڕی هەناردەکردنی نەوت لە زیادبووندایە، ئاستی ئاو بە بڕێکی بەرچاو لە عێراقدا کەمی کردووە.

ئەو کۆمپانیا ئیتاڵییەی مەهدی ئاماژەی پێدا کۆمپانیای ئینی فرەنەتەوەیی نەوت و گازە، لە ساڵی ٢٠٠٩ تاوەکوو ئێستا لە عێراق ئیش دەکات. ئەو زانیارییانەی لەڕێی وێنەی مانگەدەستکردەکانەوە وەرگیراون، پیشانی دەدەن چۆن بەنداوێکی بچووکی دروستکراو لەلایەن ئینییەوە کە ئاو لە نۆکەندی بەسڕەوە ئاڕاستەی وێستگە ئاوییەکەیان دەکات، لە ساڵی ڕابردووەوە ڕێگر بووە لە هاتنی ئاو بۆ ئەو ناوچەیەی مەهدی ماسی لێدەگرت.

وێستگەیەکی نزیکی تر کە لەلایەن کۆمپانیا نەوتییەکانەوە بەکاردەهێنرێت، لەوانەش، بریتش پەترۆلیەم و ئێکسۆن مۆبیڵ، سەرچاوەی ٢٥٪ ئاوی بەکارهاتووی ڕۆژانەی هەرێمێکی نزیکە ٥ ملیۆن کەسە.

وێستگەی قەڕمەت عەلی، پێنج کیلۆمەتر لە باشووری وێستگەی ئینی، لە لایەن ڕێکخراوی کارپێکەری ڕومەیلە کاری پێ دەکرێت، ئەو ڕێکخراوەش پێکهاتووە لە بریتش پەترۆلیەم، پێترۆچاینا و کۆمپانیای نەوتی باشوور لە عێراق. ئاوی وێستگەکە ڕاستەوخۆ لە نۆکەندی عەبد عەبدوڵاوە دێت، ئەو نۆکەندەش ئاوی سازگار لە ڕووبارێک وەردەگرێت و دەڕژێت بۆ ناو شەتڵعەرەب، ئەو ڕووبارەی لە یەکگرتنی دیجلە و فوڕات پێکدێت و سەرچاوەی سەرەکی ئاوی بەسڕەیە.

لە لێدوانێکدا ئینی گوتی ئاوی سازگار لەلایەن کۆمپانیاکەوە بەکارنایەت. چونکە ئاوی نۆکەندەکان سوێر و پیسن، بۆیە بۆ شتی تر سوودیان نییە. بەڵام گاردیان لە وێنەی مانگەدەستکردەکان و ئەرزییەکان بینیوییەتی چۆن ئەو ئاوەی لە نۆکەندەکانەوە دەڕژێتە وێستگەکانی قەڕمەت عەلی و ئەلخوڕەی کارلەسەرکراوی کۆمپانیای ئینی چەند کیلۆمەترێک لە باشووریانەوە دەردەچێت و دەچێتە ناو وێستگەیەکی پاککردنەوەی ئاوی حکوومی کە سەرچاوەی ئاوی ٣٥٪ خەڵکی بەسڕایە.

ئەگەر ڕێگەچارەیەک نەدۆزرێتەوە ئەوا، پێویستی ئاو بۆ پڕۆسەی نەوت لە پێشبڕکێدا دەبێت لەگەڵ پێویستی بۆ کشتوکاڵ و ژیانی ڕۆژانە.

 

قەیرانی ئاو لە عێراقدا بە باشی تۆمارکراوە. لە ٢٠١٢، بەڕێوەبەرایەتی زانیاریی وزەی ویلایەتە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەداوە ئاوی پێویست بۆ پڕۆسەی نەوت لە عێراقدا ١٠ هێندە زیاد دەکات. ئەگەر ڕێگەچارەیەک نەدۆزرێتەوە ئەوا، “دەبێت ئاوی ژێرزەوی دەربهێنرێت، بەمەش پێویستی ئاو بۆ پڕۆسەی نەوت لە پێشبڕکێدا دەبێت لەگەڵ پێویستی بۆ کشتوکاڵ و ژیانی ڕۆژانە.”

سەرەڕای ئاگادارکردنەوەکان، زۆر کەم ئەنجامدراوە. لە ٢٠١٨، قەیرانێکی دژوار و کاتی ئاو لە بەسڕە بووە هۆکاری ڕۆیشتنی ١١٨٠٠٠ کەس بۆ نەخۆشخانەکان و خۆپیشاندانی توندوتیژی لێکەوتەوە. خۆپیشاندەران مۆلۆتۆڤیان لە باڵەخانە حکوومییەکان دەگرت و گوایە هێزەکانی ئاسایشیش بە فیشەک وەڵامیان داونەتەوە، سەرەنجام، بووەتە هۆی مردنی لانیکەم پێنج کەس.

ڕۆبەرت میڵس، بەڕێوەبەری قەمەڕ ئینێرجی، کە دەزگەیەکی ڕاوێژی سەربەخۆیە، هەروەها نووسەری ڕاپۆرتێکی ساڵی ٢٠١٨ لەسەر پێویستییەکانی زیادکردنی ئاوی ژێرزەوی لە عێراق، گوتی “بەگشتی، بڕی ئاوی پێویست بۆ خستنە ناو ئەرز زۆر نییە، بەڵام ئەمە کێشەیەکی گەورە لەو ناوچانەی ئاوی زۆریان تێدا بەکاردەهێنرێت، دروست دەکات. لە بەسڕە، کە کێشەی گەورەی ئاوی هەیە، پێویستە کۆمپانیاکان ڕێگەچارەی دیکە بدۆزنەوە لەبری بەکارهێنانی ئاوی سازگار.”

وەزارەتی نەوت بودجەی پێویستی نییە، کۆمپانیاکانی نەوتیش نایانەوێت پارە بۆ دروستکردنی پڕۆژەیەک بۆ بەکارهێنانی ئاوی دەریا بدەن.

 

ڕێگەچارەی دیکە بوونیان هەن. لە سعوودیە، هاوسێی عێراق و خاوەنی کێشەی ئاوی هاوشێوە، و سێیەم گەورەترین یەدەگی نەوتی جیهان، ئاو لە دەریاوە وەردەگرێت بۆ خستنە ناو ئەرز. لە عێراقدا، زیاد لە دەیەیەکە گفتوگۆ لەسەر دروستکردنی پڕۆژەیەک بۆ بەکارهێنانی ئاوی دەریا دەکرێت، بەڵام تاوەکوو ئێستا هیچ نەکراوە، میڵس لەم بارەیەوە گوتی، “وەزارەتی نەوت بودجەی پێویستی نییە، کۆمپانیاکانی نەوتیش نایانەوێت پارەی بۆ بدەن.”

لە ٢٠٠٩ تاکوو ٢٠١٩، عێراق بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی زیاتر لە دوو هێند زیاد کردووە، بەڵام هەناردەکردنی نەوت تەنیا لەدوای هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکڕانیا لە ساڵی ٢٠٢٢ زیادی کردووە. لەم ساڵەدا، ڕێژەی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ ئەوروپا بە نزیکەی ٤٠٪ زیادی کرد.

ساڵی ڕابردوو، کۆمپانیاکانی نەوت و گاز قازانجی بێوێنەیان تۆمار کرد. ئینی ١٧.٩ بلیۆن پاوەندی قازانج کرد، دوو هێندەی ٢٠٢١، لە کاتێکدا بریتش پەترۆلیەم، ئێکسۆن و تۆتەڵ ئینێرجی بە هەمان شێوە لەم ساڵەدا ڕیکۆردی زۆرترین قازانجی خۆیان تۆمار کرد.

هەرچۆنێک بێت، عێراق گەشەکردنێکی هاوشێوەی بەخۆیەوە نەدیوە. “پێوانە گەشەیییەکانی عێراق هاوشێوەی وڵاتە داهات-کەمەکانە،” بانکی جیهانی لە ڕاپۆرتێکی ساڵی ٢٠٢٢ ئاماژەی پێداوە.

زۆربەی کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت لە عێراقدا هیچ ناکەن بۆ سنووردارکردنی کاریگەرییە ژینگەیییە نەرێنییەکانیان، بۆ ئەوان هەرزانترە بەردەوام بن لە پیسکردنی ژینگە،

 

وەلید ئەلهیمداد، سەرۆکی ڕێکخراوی ژینگەیی باشووری عێراق، گوتی، “پێچەوانەی ئەو وڵاتانەی کاریان تێدا دەکەن، زۆربەی کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت لە عێراقدا هیچ ناکەن بۆ سنووردارکردنی کاریگەرییە ژینگەیییە نەرێنییەکانیان، بۆ ئەوان هەرزانترە بەردەوام بن لە پیسکردنی ژینگە،” بەڕێوەبەرایەتییەکەی بەرپرسیارە لە پشکنینی کێڵگە نەوتییەکان و سزادانیان لە ئەگەری زیانە ژینگەیییەکان.

لە بەڵگەنامەیەکی بینراو لەلایەن گاردیان، ئینی و بریتش پەترۆلیەم لەو کۆمپانیانەن کە سزای ماددی دراون. بەڵام بە گوتەی وەلید، زۆرینەی باجەکان نەدراون.

سووتاندنی گاز –ئەو گازەی کە دەسووتێندرێ لە کاتی دەرهێنانی نەوت- بە هەمان شێوە کێشەیەکی گەورەیە. لە ٢٠١٨، ئەو گازەی لە مەودای ٧٠کم بە دەوری بەسڕەدا سووتێنراوە، زیاتر بووە لە بڕی گازی سووتێندراوی سعوودیە، چین، کەنەدا و هیندستان بەیەکەوە.

زانیاری بانکی جیهانی پیشانی دەدات، ساڵی پار تەنیا لە زوبەیر ٢.٥ بلیۆن مەتر سێجا لە گاز سووتێنراوە، سەرەڕای ئەوەی لە ڕاپۆرتی ساڵانەی ئینی لە ساڵی ٢٠٢١ ئاماژە دراوە، کە کۆمپانیاکە بەرپرسە لە کەمتر لە نیوەی ئەو ژمارەیە لە تەواوی جیهان.

ئینی و بریتش پەترۆلیەم ده‌ڵێن بەرپرسیار نین لەو باجانەی لەلایەن ڕێکخراوە ژینگەیییەکەوە بەسەریاندا سەپێنراوە

 

ئینی لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەدا سەرەڕای ئەوەی ڕابەری کۆمەڵە کۆمپانیایەک دەکات کە لە کێڵگەی زوبەیر کار دەکەن، ئەو کارپێکەری یەکەم نییە و “کۆنتڕۆڵی ستراتیجی کێڵگەکەی بەدەست نییە، یان بەرپرسیارێتی سووتاندنی گاز … هەموو ئەمانە بەدەستی کۆمپانیای نەوتی بەسڕەن (کۆمپانیای ناوخۆیی عێراقی بەرپرسیاری نەوت لە باشووری وڵاتەکە).” ئینی گوتیشی بەرپرسیار نییە لەو باجانەی لەلایەن ڕێکخراوە ژینگەیییەکەوە بەسەریدا سەپێنراوە، دەبێت پارەکانیان لەلایەن کۆمپانیای نەوتی بەسڕەوە بدرێن، کە کارپێکەری کێڵگە نەوتییەکەیە.

کۆمپانیاکە ئەوەشی زیاد کرد، مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە، “ئاماژە بە هیچ بەرپرسیارێتییەک لە کاتی سووتاندنی گاز، پڕۆژەی کەمکردنەوەی سووتاندن یان قەرەبووکردنەوەی کۆمەڵگە نادەن.”

بریتش پەترۆلیەم بە هەمان شێوە گوتی بەرپرسیار نییە لەو باجانەی لە بەڵگەنامەکاندا هاتوون، هەروەها کێڵگەی باسکراو لەلایەن ڕێکخراوی کارپێکەری ڕومەیلەوە کاری پێ دەکرێت، ڕێکخراوێک کە بریتش پەترۆلیەم یەکێکە لە دروستکەرەکانی و ٤٧.٦٪ پشکەکانی هیی ئەون.

لە ئینگلیزییەوە: شکۆ شێرکۆ

Exit mobile version