له ئه‌ڵمانییه‌وه: به‌کر عه‌لی
یه‌كه‌م: مرۆڤ وه‌ک خۆفێرکهرێکی گه‌وره.
“ئێمه چه‌ندێک مه‌زن ده‌توانین بیربکه‌ینه‌وه؟” بوکمینستهر فیولهر.
هه‌ڵبه‌ت میتافۆرهکانیش چاره‌نووسی خۆیان هه‌یه. کاتێک بوکمینستهر فوله‌ر Buckminster Fuller له ١٩٦٩دا، ڕێنماییه ناوداره‌که‌ی بۆ ئیش پێکردنی زه‌وی وه‌ک که‌شتییه‌کی بۆشایی بڵاوکرده‌وه، ئه‌و بۆچوونه بوێرانه و بگره یۆتۆپییانهی ڕاگه‌یاند، که‌وا له ناو سیسته‌مه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا کاتی ئه‌وه هاتووه شاره‌زایی به‌ڕێوه‌بردن له سیاسیهتکاران و له داراییکاران بسه‌ندرێته‌وه و ڕاده‌ستی دیزاینسازهکان، ئه‌ندازیاره‌کان و هونه‌رمه‌نده‌کان بکرێت. بۆچوونه‌که ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌و ده‌ستنیشانکردنه‌ی که پێی وایه لایه‌ندارانی ده‌سته‌ی یه‌که‌م، (واته سیاسه‌تکاران، وه‌رگێڕ) وه‌ک هه‌موو شاره‌زا تایبه‌تکاره‌کانی تر، ته‌نیا و ته‌نیا له‌ڕێی کونێکی بچکۆلانه‌وه ته‌ماشای ڕاستییه‌کان ده‌که‌ن، کونێک که جگه له‌بینینی بڕگه‌یه‌کی دیمه‌نه‌که شتێکی زیاتریان پێ نادات. له‌کاتێکدا که‌چی ده‌سته‌ی دووه‌م به‌هۆی دیدی هەمەگیرییانهوه و سه‌روکاریان له‌گه‌ڵ گشتێتیدا، پانۆرامای ڕاستییه‌کانیان له وێنه‌یه‌کی گشتیدا داهێناوه. ئه‌مه‌ش ئه‌وه بوو کاتێک دروشمه ڕۆمانتیکییه‌که‌ی: فانتازی له ده‌سه‌ڵاتدا” ئه‌تڵه‌نتیکی تێپه‌ڕاند و له‌پاڵ که‌ناره‌کاندا وه‌کو بانگه‌وازێک کرایه “دیزاین له ده‌سه‌ڵاتدا”.
بوێری بڵاوکراوه‌که‌ی بوکمینستهر فیولهر، که دواتر کرایه بیبل (کتێبی پیرۆز)ی (دژهکولتور) له‌وه‌دا ده‌رنه‌که‌وت که سووکایه‌تی به گه‌وره و زل و مه‌زنه دیاره‌کانی دنیا ده‌کرد، که ئه‌و پێی وابوو “ئه‌وانه ئه‌مڕۆ ته‌نیا ده‌رکه‌وته‌ی زه‌به‌لاحن و هیچیتر”. به‌ڵکو له‌و پێناسکردنه نوێ زه‌به‌لاح و دروسته‌دا بوو که بۆ هه‌ساره‌ی زه‌وی کردوومانه: هه‌ر له‌م چرکه ڕهخنهییهشهوهیه که نه‌ده‌شیا ئه‌م سه‌رزه‌مینه باشه دێرینه درێژتر له قه‌باره‌یه‌کی سروشت پیشان بدرێت، به‌ڵکو به شتێکی ده‌ستکردی Artifizium قه‌به‌ی ناسروشتی بخرێته ڕوو. واته چیتر زه‌وی وەک بناغه نەما، به‌ڵکو بونیادنهرێکه، و چیتر بنه‌مایه‌کی جێگیر نییه، به‌ڵکو ته‌نێکی بزێوه.
ئه‌گه‌ر زه‌وی که‌شتییه‌کی ناوبۆشایی بێت، ئه‌وا ده‌بێت سه‌رنشینه‌کانی به‌ڕاستی به‌ر له‌هه‌ر شتێک په‌رۆشی بۆ پاراستنی پهیوهندگیرییه زیندووه‌کانی نێو ناوه‌وه‌ی ئه‌م ته‌نه بزۆکه پیشان بده‌ن.
ئه‌و میتافۆره‌ی بوکمینستهر فیولهر که له‌باره‌ی زه‌به‌لاحی و قهبهییهوه ده‌دوێت له ماوه‌ی که‌متر له نیو سه‌ده‌دا خۆی خزانده ناو هۆشیاری هه‌مووانه‌وه. له هه‌مانکاتیشدا ئه‌و هه‌ڕه‌شه تونده‌ی دۆخه‌که دیاری ده‌کات که له‌سه‌ر ڕووی که‌شتی بۆشایی زه‌وی ده‌کرێت، هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک که وایکرد، ئه‌مه له‌دوای ئه‌و پێشه‌کییه که‌م قه‌ناعه‌ت پێهێنهرانهی له ((کیۆتۆ)) و ده‌یان لووتکه‌ی تری که‌شوهه‌وادا هاتنه ئاراوه، له‌م ڕۆژانه‌دا بۆ یه‌که‌مین جار کۆبوونه‌وه‌یه‌کی ته‌واوی کاریگه‌رانه‌ی سیاسه‌تکاران و نوێنه‌ره‌کانی دانوستاندن ساز بدرێت، له‌پێناوی ئه‌وه‌ی تاڕاده‌یه‌ک به‌هه‌نده‌وه له‌سه‌ر کاری ڕێکخستنی که‌شوهه‌وا له‌سه‌ر ڕووی زه‌وی وه‌ک که‌شتییه‌کی ناو بۆشایی ڕاوێژ بکه‌ن. له‌م که‌ین و به‌ینه‌شدا ئه‌وه تێگه‌یشتین که‌وا قسه له‌باره‌ی زه‌وی وه‌ک که‌شتییه‌کی بۆشایی مانای ئه‌وه نییه لادانه بۆ ناو بێ قه‌ید و مه‌رجێکی شیعری که، که‌ماسی چه‌مکێکی ورد بگه‌یه‌نێت. چونکه ئه‌م میتافۆره لێره‌دا به‌رجه‌سته‌ی باڵاترین فۆرمی چه‌مکه‌که ده‌کات. ههقیقهتهکهشی له‌ناو خۆگونجاندنی پهنهانییهکهیدا بۆ ناو دۆخه ڕاسته‌قینه‌که خۆی ئاشکرا ده‌کات. به‌ڵام ئه‌گه‌ر زه‌وی که‌شتییه‌کی ناوبۆشایی بێت، ئه‌وا ده‌بێت سه‌رنشینه‌کانی به‌ڕاستی به‌ر له‌هه‌ر شتێک په‌رۆشی بۆ پاراستنی پهیوهندگیرییه زیندووه‌کانی نێو ناوه‌وه‌ی ئه‌م ته‌نه بزۆکه پیشان بده‌ن. له‌م ڕووه‌وه تهکنهلۆژیسازهکانی که‌شتی بۆشایی باس له سیسته‌می پشتیوانیکردنی ژیان Life Support System ده‌که‌ن، که‌وا له‌سه‌ر ڕووی وێستگه‌ی بۆشاییه‌که‌دا ده‌بێت کایه‌ی ژیان Biosphaerی نه‌گۆڕه لاساییکراوهکان کۆنترۆڵ بکرێت.
له‌ڕاستیدا که‌شتی بۆشایی زه‌وی، نه بۆ باری ناکاو و نه بۆ باری ئاساییش چ ده‌روازه‌یه‌کی چوونه ده‌ره‌وه شک نابات.
له‌به‌رئه‌مه‌یه کاری ڕێکخستنی ئه‌تمۆسفێر له ئێستا به‌دواوه ده‌بێته یه‌که‌مین پێوه‌ری هونه‌ری به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌رکه داواکراوه‌که له پێناوی که‌شتییه ته‌واوه‌که‌ی بۆشاییدا، که زه‌وییه. لێره‌دا ئه‌مه مایه‌ی ڕامانه: ئه‌گه‌ر له‌ناو ئه‌م کەشتییەدا ماسکه‌کانی ئۆکسجین ئۆتۆماتیکییانه له ڕووپۆشی کابینه‌کان ههڵنهماڵدرێت، ئه‌وا ده‌بێت “حاڵه‌تێکی چاوه‌ڕواننه‌کراو”ی که‌مبوونه‌وه‌ی هه‌وا بێته ئاراوه. دیاره بێهوودهشه بگوترێت که‌وا هێڵه کاکێشانەکانی سه‌رزه‌وی له‌باری ناکاودا به‌ره‌و ده‌روازه‌ی چوونه ده‌ره‌وه ڕێ ده‌که‌ن. چونکه له‌ڕاستیدا که‌شتی بۆشایی زه‌وی، نه بۆ باری ناکاو و نه بۆ باری ئاساییش چ ده‌روازه‌یه‌کی چوونه ده‌ره‌وه شک نابات. ئه‌وه‌شی هێڵه کاکێشانییەکانی سه‌رزه‌وی سه‌روکاری له‌گه‌ڵدا هه‌یه، ئه‌وه شتێکی جیاوازه له‌و خه‌واندنه موگناتیسییه هێمنه‌ی له‌ناو فڕۆکه‌دا بۆ گه‌شتیارێک ده‌کرێت که ترسی له فڕین هه‌یه؟ له‌ڕاستیدا ده‌بێت ترسی میوانه‌کانی سه‌ر ڕووی که‌شتی بۆشایی زه‌وی به هۆکاری به‌رچاوتر و کۆنکرێتیتر هێور بکرێته‌وه. هه‌ڵبه‌ت لێره‌دا چاره‌سه‌ری داواکراو بریتییه له ڕێکاره ته‌کنیکییه‌کان و زانینه وهرچهرخێنهرهکان.
بوکمینستهر فیولهر تا ئێستا گرنگترین هه‌لومه‌رجی بۆ نیشته‌جێبوونی مرۆڤ له‌سه‌ر ڕووی که‌شتی بۆشایی زه‌وی زۆر به‌وردی دیاریکردووه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه گه‌شتیاره‌کان ڕێنمایی به‌کارهێنانه‌کانیان پێ نه‌گه‌یه‌نراوه، ڕه‌نگه له‌به‌رئه‌وه بێت چونکه ئه‌وان ده‌بوو خۆیان به نهێنی بارودۆخی خۆیان زانی بێت. له‌ڕاستیشدا هێنده‌ی ئێمه زانیاریمان لایه ئه‌وه‌یه نزیکه‌ی دوو ملیۆن ساڵێک ده‌بێت که مرۆڤ نیشته‌جێی سه‌ر زه‌وییه. به‌ڵام ((بۆ ته‌نیا جارێکیش به‌وه‌یان نه‌زانیوه که‌وا ئه‌وان له‌سه‌ر ڕووی که‌شتییه‌کن.))
به‌و ڕاده‌یه‌ی که گه‌شتیاره‌کان ده‌ست ده‌که‌ن به درکاندنی نهێنی بارودۆخه‌که به هه‌مان ڕاده به‌خشنده‌یی نه‌زانین له‌ڕێی سیسته‌مه‌که‌وه به‌ره‌و که‌مبوونه‌وه مل دەنێت،
با به ده‌ربڕینێکی تر بڵێین: به ڕاشکاوی جه‌خت له‌وه ده‌که‌ینه‌وه که‌وا مرۆڤ له ڕابردوودا به ڕاده‌یه‌کی زۆر له خۆئاراستهکردندا بێ‌ئاگا بووه، ئه‌مه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ی سیسته‌مه‌که له‌سه‌ر به‌خشنده‌یی ئاستێکی به‌رزی نه‌زانین و بێئاگایی مرۆڤ دامه‌زرا بوو. به‌ڵام به‌و ڕاده‌یه‌ی که چۆن گه‌شتیاره‌کان ده‌ست ده‌که‌ن به درکاندنی نهێنی بارودۆخه‌که و به ئامرازی ته‌کنیکی ده‌سه‌ڵات ده‌ست ده‌گرن به‌سه‌ر ده‌وروبه‌ر و ژینگه‌دا، به هه‌مان ڕاده به‌خشنده‌یی نه‌زانین له‌ڕێی سیسته‌مه‌که‌وه به‌ره‌و که‌مبوونه‌وه مل دەنێت، تا ده‌گاته پنتێک که تێیدا فۆرمه دیریکراوهکانی نه‌زانین له‌گه‌ڵ نیشته‌جێبوونی گه‌شتیاره‌کان له‌سه‌ر ڕووه‌ی که‌شتییه‌که‌دا چیتر له ئه‌ستۆ ناگیرێت.
له‌ناو – جیهاندا- بوون „In-der-Welt-Sein“ ی مرۆڤ که فه‌لسه‌فه‌ی سه‌ده‌ی ٢٠ له‌باره‌یه‌وه دواوه خۆی وه‌ک له‌سه‌ر – ڕوونشین – بوون An- Bord-Sein. ی گالیسکه‌یه‌کی گه‌ردوونی ئاشکرا ده‌کات که ئه‌و گالیسکه‌یه شیاوی ئه‌وه‌یه دووچاری په‌ککه‌وتن بێته‌وه. له تێڕوانینی ههنووکهشهوه ئه‌وه ده‌بینرێت که‌وا مێژووی بیرکردنه‌وه له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ساره‌یه خۆی وه‌ک ئه‌زموونێکی زانینخوازی ئامانجدار سه‌لماندووه، که له ڕه‌وتی خۆیدا ده‌بوو هه‌قیقه‌تی بارودۆخی جیهان بهێنێته به‌ر ڕووناکی و ئاشکرای بکات.
هه‌موو ئاینه جیهانییه‌کان دیلی تێگه‌یشتنێکی سهرووگهردوونین، که پێیان وایه فریادره‌س له‌سه‌روو زه‌مینه‌وه دێته سه‌ر زه‌وی و مرۆڤایه‌تی ڕزگار ده‌کات،
ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ڕوونشینی که‌شتی بۆشایی زه‌وی بوێرێت خزمه‌تی تێگه‌یشتنه تایبه‌ته‌که‌ی خۆی بکات، ئه‌وه زوو یان دره‌نگ لێپرسینه‌وه‌ی خۆی له‌سه‌ر ئه‌و ڕاستییه هه‌ڵده‌چنێت که‌وا ئێمه‌ی مرۆڤ خۆفێرکه‌ر و خۆپهروهردهکهر Autodidaktenی ئه‌م که‌شتی بۆشاییهین. لێره‌وه‌یه چه‌مکی دروست بۆ پیناسکردنی هه‌بوونی مرۆیی conditio humana بریتییه له: خۆفێرکهری ژیان و مردن. خۆفێرکه‌ر ئه‌و که‌سه‌یه که ده‌بێت به‌بێ هیچ فێرکه‌رێک وانه‌ی سه‌لمێنراو فێر بێت. جگه له‌مه‌ش من پێموایه، له‌به‌ر ئه‌مه‌یه گه‌ڕانه‌وه بۆ میراتی ئاینی له‌م مه‌سه‌لانه‌دا هیچ کۆمه‌کێکمان ناکات، چونکه به‌بێ هیچ ههڵاوردکردنێک هه‌موو ئاینه جیهانییه‌کان دیلی تێگه‌یشتنێکی سهرووگهردوونین، ((که پێیان وایه فریادره‌س له‌سه‌روو زه‌مینه‌وه دێته سه‌ر زه‌وی و مرۆڤایه‌تی ڕزگار ده‌کات، وه‌رگێڕ))، ته‌نانه‌ت خودی یه‌سوع نه‌یتوانی له‌ڕێی ههڵکشانهکهیهوه بۆ ئاسمان به‌شدارییه‌کی ئه‌وتۆی نووسینه‌وه‌ی ڕێنماییه‌کانی به‌کاربردنی که‌شتی بۆشایی زه‌وی بکات که شیاوی باسکردن بێت.
ئه‌م تێڕامانانه گرێمان ده‌ده‌نه‌وه به مه‌سه‌له‌ی په‌یوه‌ندی نێوان بوون و زانین: زانست له جه‌وهه‌ردا دواکه‌وتووه به‌سه‌ر واقیعدا، واته ده‌شێت بڵێین زانست له‌بنه‌ڕه‌تدا دره‌نگ ده‌گات. له‌ڕووی ئه‌مه‌شدا ئه‌م پرسیاره خۆی قووت ده‌کاته‌وه، ئایا ده‌بێت به‌هۆی دواکه‌وتنی زانسته‌وه ئه‌وه‌ش بێت به‌دوایدا که‌وا سه‌باره‌ت به گرفته ئاینده‌ییه‌کانی خۆشمان به‌شێوه‌یه‌کی پێویست ئه‌و هه‌ر دره‌نگ هات بێت؟ خۆشبه‌ختانه ئێمه له دۆخێکداین که بتوانین نه‌رێی ئه‌م پرسیاره بکه‌ینه‌وه. چونکه ژیرییه‌کی پێشبینیزان prognostische Intelligenz پێم وایه هه‌موو وشه ئاڵمانییه‌کان بخهینە ناو „“هه‌یه که خۆی به‌ته‌واوه‌تی له‌نێو که‌لێنی نێوان ((دره‌نگ)) و ((زۆردرهنگ))دا کارا ده‌کات. ئه‌م ژیرییه‌ش ئه‌وه‌یه که پێویسته هه‌ر لێره‌دا و هه‌ر له ئه‌مڕۆدا بهێنرێتە گۆ. له‌کاتێکدا ئه‌م یاسایه بۆ به‌شێکی گه‌وره‌ی فێربوونی مرۆڤایه‌تی له‌کاردا بووه که‌وا مرۆ ته‌نیا ((له‌ڕێی زیانه‌کانیه‌وه زیره‌ک ده‌بێت))، ئه‌وا عه‌قڵی پێشهاتزان و نوقڵانهلێدهر ده‌بێت بیه‌وێت زیره‌ک بێت، به‌رله‌وه‌ی که زیانه‌کان ده‌ربکه‌ون. واته ببێته نوێگهرێک له‌ناو مێژووی فێربووندا. بۆ ئه‌وه‌شی بچینه ناو لۆگیکی پرۆسێسی فیربوونی له‌و جۆره‌وه، ئه‌وا هه‌بوونی ڕه‌خنه‌یه‌ک له عه‌قڵی داهاتووبینی prophetische Vernunft پێویسته. ئه‌مه‌ش نابێت له‌و پارادۆکسه بنه‌ماییه‌ی داهاتووبینه بێسوود و بێچاره‌یه بتۆقێت: که‌وا ئه‌و، ئه‌گه‌ر سه‌رکه‌وتوو بوو، دوواتر ex post وه‌کو ئاژێرێکی زیاده ده‌بینرێت، چونکه هه‌روه‌ها به‌هۆی ئه‌وه‌ی ((له نێواندا ده‌رده‌که‌وێت))، ((ئاماژه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌دا به عه‌قڵی نێوان دره‌نگ و زۆردرهنگ باسکرا. وه‌رگێڕ))، ئه‌وا ئه‌وه‌ی که ئه‌و نوقڵانه و ئاگاداری لهبارهوهدابوو شیاوی ڕوودانی نییه. ڕوواڵه‌ته‌کانی ڕه‌خنه‌یه‌کی له‌و جۆره‌ش Jean Pierre Dupuy له لێکۆڵێنهوهیهکدا به‌ناوی Pour un catastrophismuse eclaire پیشانیداوه. به‌م پێیه ته‌نیا دواڕۆژبینهکان Apokalyptiker ده‌توانن سیاسه‌تێکی عه‌قڵانی بۆ ئاینده پیاده بکه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ی ته‌نیا ئه‌وان شته ((خراپه‌که)) وه‌ک ده‌رفه‌تێکی ڕاستی ده‌بینن.
ئێستا سه‌رده‌مێک ده‌ستی پێکردووه که ئاغاکانی جیهان چیتر وڵاته‌کانی خۆیان به‌شیان ناکات، به‌ڵکو ده‌بێت هه‌ژموون و ده‌سه‌ڵاتیان تا دوورترین کونجی دنیا په‌ل بهاوێژێت.
به‌ر له هه‌ر شت ئه‌مڕۆ زیره‌ک بوون واتا: تێگه‌یشتن له‌وه‌ی که، ده‌ربڕینخوازی جووڵه‌یی kinetische Expressionismus سه‌ده‌ی ڕابردوو، ئه‌گه‌ر نه‌توانرا کۆتایی پێ بهێنرێت، ئه‌وا ده‌بێت به شێوه‌یه‌کی ڕادیکاڵ ڕاست بکرێته‌وه. مه‌به‌ستیشم له ده‌سته‌واژه‌ی ده‌ربڕینی جووڵه‌یی له‌وه‌یه که‌وا شێوازی هه‌بوون Daseiensstilی مۆدێرنه به‌هۆی ئاسان به‌ده‌ستکه‌وتنی ماده سووته‌مه‌نییه وزه به‌خشه‌کانه‌وه ئاسان بۆته‌وه. له‌وکاته‌وه‌ی ئه‌م ماده‌یه به‌کرده‌وه چۆته به‌رده‌ستی هه‌مووانه‌وه، ئێمه وه‌ها ژیان به‌ڕێ ده‌که‌ین وه‌ک ئه‌وه‌ی پرۆمیتیۆس بۆ جاری دووه‌م ئاگری دۆزیبێته‌وه. مانای ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه، ئه‌گه‌ر ئێمه جه‌خت له‌وه بکه‌ینه‌وه که‌وا ئاگره‌که‌ی جاری دووه‌م ته‌نیا مۆتۆڕهکانمان ناخاته کار، به‌ڵکو له‌ناو مۆتیڤه‌کانی ههبوونماندا و له‌ناو چه‌مکه بنهڕهتییهکانماندا بۆ ئازادی ده‌سووتێت. پێناچێت چیتر ئێمه بتوانین ئازادییه‌ک بۆ خۆمان وێنا بکه‌ین، ئه‌گه‌ر ئه‌و ئازادییه هه‌میشه مه‌ترسی په‌له‌کردن و ڕیسیکۆی خێراکردن نه‌گرێته‌خۆ. واته ئازادی له به‌رده‌وامی جووڵه‌دا بۆ ئامانج و بۆ شوێنه دووره‌کان، ئازادی لهزێدهڕهویکردن و له بهفیڕۆداندا، تا دواجار ده‌گاته ئازادی له ته‌قینه‌وه‌دا و له خۆله‌ناوبردندا. ئێمه گوێمان لێیه ((ده‌ربڕینی جووڵه‌یی)) ده‌دوێت، کاتێک گوێته‌ی لاو له نامه‌که‌یدا ((زریان و شڵه‌ژان)) ساڵی ١٧٧٦ بۆ Lavatar ده‌نووسێت: “ئێستا من به ته‌واوه‌تی بارکراومهته ناو به‌له‌مێک که به‌سه‌ر شه‌پۆڵی جیهاندا دههاژوورێت و سوورم له‌سه‌رئه‌وه‌ی: یاخود بدۆزمه‌وه و ده‌ستکه‌وتم هه‌بێت و شه‌ڕ بکه‌م و شکست بهێنم، و یان له‌گه‌ڵ ته‌واوی باره‌که‌دا له هه‌وادا بته‌قمه‌وه”. گوێمان لێیه کاتێک نیتچه له ((ئه‌مه‌یه مرۆڤ))دا ڕایگه‌یاندووه: “من مرۆڤ نیم، من دینامیتم”. به‌کرده‌وه‌ش له‌وێدا ده‌یبینین چه‌ندێک کارایه کاتێک Phileas Fogg پاڵه‌وانی گه‌شته‌که‌ی تەموزes Vernes ((گه‌شتێک له هه‌شتا ڕۆژدا به ده‌وری جیهاندا))، له دووا به‌شی سووڕانهوهکهیدا به‌ده‌وری زه‌ویدا به‌ناو ڕاڕه‌وه‌کانی ئه‌تڵه‌نتیکدا، له گه‌ڕانه‌وه‌یدا لهنیۆرکهوه بۆ ئینگلستان له که‌مبوونه‌وه‌ی خهڵوزهکهیدا به‌وه ده‌ستی پێ‌کرد که خه‌ڵوزی ناو که‌شتییه‌که‌ی خۆی به‌کاربه‌رێت تاوه‌کو کوره‌ی سووتاندنی ئه‌م ماشێنه ههڵمییهی پێ گه‌رم بکات. دیاره ژولیس ڤێرنهس به‌م که‌شتییه خۆسووتێنهرهی فیلیاس فۆگ میتافۆرێکی جیهانی بۆ سه‌رده‌می پیشه‌سازی دۆزییه‌وه که بریتییه له: هێنانی خۆبهسهرچاوهکردنێکی سامناکی Die fatale Selbstreferentalitaet ئامرازێکی هاتووچۆ که بناغه‌که‌ی خۆی جۆش ده‌دات. لێره‌دا پێویسته تا شاعیری ڕۆمانتیکی زوووهخت نۆڤالیس Novalis و دیده ڕه‌خنه‌ییه‌که‌ی سه‌باره‌ت به‌و ((ئاشه‌ی خۆی ده‌هاڕێت)) بگه‌ڕێینه‌وه، تاوه‌کو وێنه‌یه‌کی چڕی هاوشێوه بۆ وه‌سفکردنی هه‌نووکه‌ی شێوازی ژیان modus vivendi بدۆزینه‌وه. به‌ڵام دهرچوونخوازی یاخود ده‌ربڕینخوازی جووڵه‌یی kinetischer Expressionismus ئاماژه‌یه‌کی هه‌میشه ئاماده‌بووه، کاتێکیش شاژنی ئینگلستان ئه‌لیزابێتی یه‌که‌م له‌سه‌ده‌ی شانزه‌دا ده‌سته باڵاده‌سته‌که‌ی نایه سه‌ر گۆی زه‌وی، بۆ ئه‌وه‌بوو که پیشانی بدات ئیدی ئێستا سه‌رده‌مێک ده‌ستی پێکردووه که ئاغاکانی جیهان چیتر وڵاته‌کانی خۆیان به‌شیان ناکات، به‌ڵکو ده‌بێت هه‌ژموون و ده‌سه‌ڵاتیان تا دوورترین کونجی دنیا په‌ل بهاوێژێت. ئه‌و کاته‌ش ده‌ربڕینخوازی ده‌بێته دیارده‌یه‌کی سیاسی ئه‌گه‌ر ئه‌و خوده‌ی Subjekt ده‌خوازێت خۆی بهێنێته دی هه‌موو کاڵاکانی گشت جیهان بۆ خولیای خۆی و بۆ به‌کارخستنی خۆی داوا بکات. ئه‌مه‌ش به‌لای فۆڕمه نوێکانی ژیانی بنه‌ما پێکهێنه‌ره‌کانی گه‌شه‌کردنه‌وه هیچ ناگه‌یه‌نێت جگه له: دهرچوونخوازی و ده‌ربڕینخوازی جووڵه‌یی له چالاکیدا.
دووه‌م: زه‌وی وه‌ک ئه‌ستێره‌یه‌کی ساده.
“ئێمه ئه‌رکێکمان له‌سه‌ره: بانگکراوین بۆ گه‌شه‌پێدانی زه‌وی.” نۆڤالیس”.
ده‌ربڕینخوازی مۆدێرن له‌سه‌ر ئه‌و بۆچوونه هه‌ڵچنراوه که به‌لای مرۆگه‌لی سه‌رده‌می زووه‌وه هێنده ڕوون و ئاشکرا بوو به‌شێوه‌یه‌ک که نه‌ده‌بوو ڕاسته‌وخۆ و به‌زه‌قی له‌ڕووی پراکتیکیه‌وه هه‌رگیز جارێکی‌تر دابڕێژرێته‌وه. به‌لای ئه‌وانه‌وه سروشت بریتی بووه له تێڕامانێکی ناکۆتا و به‌مه‌ش بووبووه ئه‌و ده‌رکه‌وته ده‌ره‌کییه‌ی که بێڕاده و بێ‌سنوور باری خراوه‌ته سه‌ر، به‌ڕاده‌یه‌ک هه‌موو خاڵیکردنه‌وه‌یه‌کی مرۆیی هه‌ڵلووشی بوو، هه‌موو لێدهرهێنانێکیشی فه‌رامۆش کردبوو. هه‌تا دوێنێش ئه‌م بیرۆکه هه‌ڕه‌مه‌کییه‌ی بۆ سروشت هه‌بوو مێژووی مرۆڤایه‌تی پێناسە ده‌کرد، بگره تاوه‌کو ئه‌مڕۆش هێشتا هاوچهرخانێکی بێ‌شومار هه‌ن ناتوانن و ناشیانه‌وێت وێنای ئه‌وه بکه‌ن که له‌م پنته‌دا ده‌شێت بیرگۆڕینمان شتێکی زه‌رور بێت. ئه‌م شه‌مه‌نده‌فه‌ره بهڕهڵابووه خێرایه‌ی شێوازی ژیانی ناو شارستانییه ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌ی بۆ سه‌لماندین که‌وا: فه‌رامۆشکردن و گوێپێنه‌دانی سروشت له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی جووڵه‌ی مرۆڤ ته‌نیا وه‌همێک بوو که هه‌ر بۆ سه‌رده‌می نەزانین و جه‌هل Ignoranz ده‌گونجا.
سنوورێک هه‌یه بۆ ده‌ربڕین، سنوورێک هه‌یه بۆ ده‌رچوون و بڵاوبوونه‌وه، سنوورێک هه‌یه بۆ به‌خشنده‌یی له نه‌زانیندا و له‌به‌رئه‌وه‌شی ئه‌م جۆره سنوورانه هه‌ن، ته‌نانه‌ت گه‌ر ئێمه نه‌شزانین له کوێدا به‌ته‌واوه‌تی ده‌بێت ئه‌و سنوورانه بکێشرێن، ئه‌وا ئه‌و بیرۆکه دێرینه دیاره‌ی بۆ سروشت هه‌یه وه‌ک ههڵلووشترین دیارده‌ی ((ده‌ره‌کی)) له‌جێی خۆی ده‌له‌قێت.
ده‌بینین ئێمه به جارێک ناچار ده‌بین ئه‌و بۆچوونه دیاره ناسروشتییه قبوڵ بکه‌ین، که پێیوایه ته‌واوی کایه‌ی گۆی زه‌وی له‌ڕێی کرده‌وه‌کانی مرۆڤه‌وه گۆڕاوه بۆ دیارده‌یه‌کی تاقانه‌ی گه‌وره‌ی ههناوگهیی Interieur . بوکمینستهر فیولهر ویستوویه‌تی به‌رپرسیارێتی ئه‌م وه‌رچه‌رخانه لهقێنهره بخاته نێو ده‌ستی ئه‌و دیزاینسازانهوه، که داوای شێوازێکی بیرکردنه‌وه‌ی “هه‌مه‌لایه‌نی komprehnsive” ” و پێشبینیکاری antizipatorische یان لێ ده‌کات. بیرکردنه‌وه‌یه‌کی له‌و جۆره‌ش ده‌بێت “پلاندانانی جیهان” له‌ناو “سیسته‌می هه‌مه‌کییانه‌ی کۆمیونیکاسیۆنی مرۆیی‌دا” له‌سه‌رزه‌وی وه‌ک که‌شتییه‌کی ناو بۆشایی ئاسمان ئاسان بکات.
که‌شناسی له‌م چرکه‌ساته‌دا مۆدێلێکی پێشنیازکراومان بۆ ئه‌و ((ههناوگه)) گلۆباله پێشکه‌ش ده‌کات، که بریتییه له: به‌رده‌وامبوونی دینامیکییانه‌ی ئه‌و ڕووپۆشه گازییه‌ی زه‌وی
چل ساڵ پاش بڵاوکردنه‌وه‌ی مانیفێسته‌که‌ی بوکمینستهر فیولهر ئه‌وه ده‌ره‌نجام ده‌که‌ین که‌وا دیزاینسازهکان که‌متر له که‌شناسه‌کان Meteorologen خه‌می پیاده‌کردنی ئه‌م بیرۆکه نوێیه‌ی جیهانی ((گه‌وره ههناوگه)) Makro-Interieursیه‌یان هه‌بووه. ئیدی ئێستا به‌لامانه‌وه ڕوونه که‌وا: دیزاین نا، به‌ڵکو که‌شناسی گه‌یشتۆته سه‌ر ده‌سه‌ڵات. ئه‌و له‌ڕووی سیاسی و ئابوورییه‌وه خۆی سه‌پاندووه، چونکه که‌شناسی له‌م چرکه‌ساته‌دا مۆدێلێکی پێشنیازکراومان بۆ ئه‌و ((ههناوگه)) گلۆباله پێشکه‌ش ده‌کات، که بریتییه له: به‌رده‌وامبوونی دینامیکییانه‌ی ئه‌و ڕووپۆشه گازییه‌ی زه‌وی، که هه‌ر له‌ڕۆژگاری سروشتناسه گریکه‌کانه‌وه پێی ده‌گوترێت ئه‌تمۆسفێر Atmosphaer وه‌رگێڕانه وشهییهکهشی بریتییه له: گۆی ته‌ماوی Dunstkugel .
له‌و کاته‌وه‌ی زاناکانی که‌شناسی سه‌لماندوویانه که‌وا ئه‌تمۆسفێره‌کان یاده‌وه‌ری خۆیان هه‌یه، ئه‌وا چیتر گفتوگۆکردنهکان له‌باره‌ی که‌شه‌وه وتووێژی بێ‌زیان نین. واته ئه‌و هێشتا ئه‌و دووکه‌ڵه‌ی له‌یاد نه‌کردووه که له دووکه‌ڵکێشی شۆڕشی پیشه‌سازی زووه‌وه دێته‌ده‌رێ، بگره هیچ شتێکی ئه‌وه‌ش له‌یاد ناکات که له وێستگه خهڵوزینهکانی وڵاته پێشکه‌وتووه‌کانه‌وه و له ده‌زگای گه‌رمکه‌ره‌وه‌ی شاره زله‌کانه‌وه و له فڕۆکه‌کانه‌وه و له پاپۆڕه‌کانه‌وه و له ئۆتۆمبێلی خۆشگوزه‌رانه‌کانه‌وه و له ته‌قه‌کردنێکی زۆری چه‌کی ئه‌و هه‌موو له‌شکرانه‌ی کیشوه‌ره‌کانه‌وه ده‌رده‌چێت، ئه‌گه‌رچی عاده‌ته‌ن نیوه‌ی ئه‌وانه به ئۆکیانوس و به بیۆسفێرهکانهوه گرێدراون.
بێگومان، ئه‌وه هه‌ر زه‌وییه که شوێنه‌وار و پاشماوه‌ی مه‌سه‌له مرۆییه شایسته‌کانیش ده‌پارێزێت. هه‌ر له‌م ڕۆژانه‌دا له باکوری ئه‌ڵمانیادا ئه‌و ناڵه قوڕینه دۆزرایه‌وه که گوزه‌رکردنی ئه‌سپسواره ڕۆمییه‌کان به‌وێدا ده‌سه‌لمێنن. به ئاماده‌بوونی ئه‌و ناڵی ئه‌سپه ڕۆمییانه، خاکی ئه‌ڵمانیا نه سارد ده‌بێت و نه گه‌رمیش. به‌ڵکو به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌تمۆسفێری زه‌وی جێگایه‌کی هه‌ستیاری پاراستنی پاشماوه‌کان و گلدانه‌وه‌ی پاشه‌ڕۆکانهDeponieraum: . ئه‌و مه‌یلی ئه‌وه‌شمان پیشان ده‌دات که به گه‌رمییه‌وه وه‌ڵامی ده‌رچوونه هاوچه‌رخ و ڕابردووه‌کان بداته‌وه. ئه‌گه‌ر کهشناسهکانیش ڕاستی بدرکێنن ئه‌وا ئه‌و گۆڕانه چاوه‌ڕوانکراوه‌ی به‌سه‌ر که‌شدا دێت له‌زۆر کونجی ئه‌م دنیایه‌دا ئه‌و په‌یوه‌ندییه به‌رپا ده‌کات که له‌گه‌ڵ هه‌بوونی مرۆڤدا، به‌وجۆره‌ی ئێمه ده‌یناسین. هه‌ڵناکات.
به‌و جۆره ده‌بینین که‌شناسه‌کان ڕۆڵی ڕیفۆرمسازهکان ده‌بینن.
ئه‌وان بانگه‌واز ده‌ده‌نه مرۆگه‌لی ناو نه‌ته‌وه پیشه‌سازییه‌کان و وڵاته پێگه‌ییوه‌کان له‌پێناوی وه‌رچه‌رخاندنی شێوازی ژیانیان. ئه‌وان پتر داوا ده‌که‌ن تاڕاده‌یه‌ک شارستانیه‌ت لهکاربۆناویکردن بخه‌ن و چیتر ده‌ستبه‌رداری خۆشییه گه‌وره‌کانی ئه‌و شێوازه‌ی ژیان modus vivendi ببن که له‌سه‌ر وزه‌ی به‌ردینی هه‌ڵچنراوه. ئه‌و ده‌ستپێکه‌ی ئه‌م داوا گریمانکراوه مه‌به‌ستێتی ده‌گاته قووڵاییه‌کی ئه‌وتۆ که مافی ئه‌وه‌مان ده‌داتێ دهستببهین بۆ هاوشێوه گه‌وره‌کانیشی. واته ئه‌و بیرگۆڕینهی Umdenken له مرۆڤی سه‌ده‌ی ٢١ داوا ده‌کرێت ئه‌وه‌یه هه‌روه‌کو ڕیفۆرمسازییهکهی سه‌ده‌ی ١٦ به‌رده‌وامی ده‌بێت که تیایدا ڕێساکانی هاتوچۆکردن له نێوان زه‌وی و ئاسماندا سه‌رله‌نوێ چاویان پێدا ده‌خشێنرێته‌وه. هه‌ر لێره‌دا ئه‌مه‌ش هاواره‌که‌ی یۆحهنای مه‌عمه‌دان دێنێته‌وه بیرمان که بانگه‌وازی وه‌رچه‌خانی سه‌رانسه‌رییانه‌ی ده‌کرد. ئه‌وسا ئه‌و هاواره‌ی له بیابهنهوه به‌رزده‌بۆوه پتر داوای وه‌رچه‌رخان یاخود گه‌ڕانه‌وه ((مێتانۆیا Metanoia))یه‌کی ده‌کرد که ئاکار و ئیتۆسی ئیگۆیستیه پووچه باوه‌کانی ئه‌و ڕۆژگاره بگۆڕێته‌وه به بارێکی نائاسایی ڕه‌وشتییانه‌ی دڵ و گیان. ئه‌م بانگه‌وازه‌ش ئه‌و شۆڕشه به‌رده‌وامه‌ی به‌رپاکرد که ئێمه ئه‌مڕۆ پێی ده‌ڵێین مه‌سیحایه‌تی. دواجاریش داخوازی ئهمڕۆژگارهش بۆ بیرگۆڕین سه‌رنجمان بۆ ڕامانه ورده‌که‌ی پلاتۆن له دیالۆگی سۆفیسته‌کان دا ڕادەکێشێت، که تێیدا شه‌ڕی نێوان بیردۆستهکان ((Ideenfreunden Vulgo den Idealisten)) و نێوان ماته‌ریالیسته‌کان vulgo den Materialisten له‌سه‌ر مانای (بوون) وه‌کو شه‌ڕی دێوه‌کان ده‌که‌وێته‌وه. شه‌ڕێک به‌هۆی سه‌ختی و دژواریی کێشه‌که‌وه، له‌پێناوی ئه‌وه‌ی تا ده‌نگ بۆ یه‌کێک له‌و دوو لایه‌نه بدرێت و کێشه‌که به‌لایه‌کدا ساغ بکرێته‌وه. تاوه‌کو مرۆڤ له‌ئارادا بێت هه‌ر درێژه‌ی ده‌بێت.
شه‌ڕی هه‌نووکه له‌سه‌ر که‌ش، پتر له‌پێناوی ئه‌و دهرفهتانهدایه که پرۆسێسی شارستانی به کراوه‌یی ڕاده‌گرن و بگره به‌رده‌وامبوونیشی مسۆگه‌ر ده‌که‌ن.
دیاره شه‌ڕی هه‌نووکه له‌سه‌ر که‌ش چیتر ((هه‌ژموونکردنی زه‌وی)) نه‌کردۆته ئه‌و شته‌ی که گوته‌بێژه سیاسییه‌کانی سه‌رده‌می ئیمپهریالیستی به تاسه‌وه له‌باره‌یه‌وه ده‌دواند. به‌ڵکو ئه‌م شه‌ڕه پتر له‌پێناوی ئه‌و دهرفهتانهدایه که پرۆسێسی شارستانی به کراوه‌یی ڕاده‌گرن و بگره به‌رده‌وامبوونیشی مسۆگه‌ر ده‌که‌ن. له‌پاش ئاشکراکردن و دۆزینه‌وه‌ی کولتوره‌کانی تر له‌ڕێی هاتووچۆکردنهوه بۆ شوێنه دووره‌کان له‌ماوه‌ی سه‌ده‌کانی ١٦ و ٢٠دا، ئه‌م چالاکییه بووه مایه‌ی به‌رپابوونی ئاوێته‌کردنێکی کاتییانه‌ی بکه‌ره جیهانییه‌کان به یه‌کتری له‌ڕێی ڕایه‌ڵه‌کانی بازرگانی و دیپلۆماتییه‌وه. وه‌هاش پێویست ده‌کات که ئه‌م چالاکییه پتر به‌ره‌و پێشه‌وه ببرێت تاوه‌کو کارلێکردنی پۆزه‌تیڤی پێکه‌وه‌یی کولتوره‌کان له‌ناو ده‌زگایه‌کی هاوبه‌شدا کاراتر بکات. لێره‌شدا ئێمه ئه‌و پرسیاره‌مان وه‌لاناوه، که ده‌پرسێت: ئایا مرۆڤایه‌تی به گشتی له‌و دۆخه‌دایه که ((ئێمه‌یه‌کی یه‌کانگیر ein kohaerentes Wir )) یاخود وه‌ک ئه‌وه‌ی ڕۆسۆ پێی ده‌ڵێت ((خواستێکی سه‌رانسه‌ری کارا volonte generale )) پێک بهێنێت؟
هه‌ڵبه‌ت له‌م ساته‌دا ته‌نیا دوو شت هه‌ن که ئێمه لێیان دڵنیاین: یه‌که‌میان، ئه‌وه‌یه ڕیفۆرمسازی که‌شناسی، که ئێمه وا سه‌ره‌تاکانی ده‌ژین، توانیویه‌تی ڕوانینێک له‌سه‌ر چاخی مه‌سه‌له‌یه‌کی گه‌وره بکاته‌وه، دووه‌میشیان، ئه‌وه‌یه که سه‌ده‌ی ٢١ هه‌ر وه‌ک بازاڕێکی ساڵانه‌ی پووچه‌ڵی فریادڕه‌س خۆی ده‌کات به‌ناو مێژوودا، که له کۆتاییه‌که‌یدا مرۆڤ تامه‌زرۆی بهفریاوهچوونی فریادڕه‌سه‌که و تامه‌زرۆی ڕزگارکردنی ڕزگارکه‌ره‌که‌ی ده‌بێت. له‌هه‌مانکاتیشدا وه‌ک چاخی ڕیاکاری و دوو مۆراڵی ده‌رده‌که‌وێت. له‌خۆڕانییه له‌م کاته‌دا، واته له‌ئه‌ودیوی پووچه‌ڵی و ترس و ڕه‌وانبێژی ڕیاکارانهوه، هه‌میشه مه‌سه‌له‌کان له‌باره‌ی ئه‌م پرسیاره ههندئامێزهوهن: ئایا له‌سه‌ر زه‌وی که‌شتی بۆشایی ده‌شێت ڕژێمێکی جێگیری گلۆباڵ دابمه‌زرێنرێت؟ لێره‌دا ده‌بێت سه‌رنجی ئه‌وه بدرێت که‌وا له‌چه‌مکێکی وه‌کو ((جێگیرکردن))دا داواکان هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه ده‌بێت میانڕه‌وانه بمێننه‌وه. له‌به‌رئه‌وه‌ی گه‌شه‌ی کوولتوری چ هاوسه‌نگییه‌کی جێگیر ناناسێت، به‌ڵکو له‌وپه‌ڕی ئه‌گه‌ردا ده‌کرێت بگوێزرێته‌وه سه‌ر دۆخێکی ناهاوسه‌نگی زیندووی دواتر.
هه‌ر له‌ئه‌مڕۆشه‌وه ئێمه سیماکانی ئه‌م شه‌ڕی ئاینده‌یه‌ی دێوه‌کان ده‌ناسینه‌وه، که تیایدا لایه‌نه ئیدیالیستیهکه له‌ڕێی نوێنه‌ری ناچیزهیهکی نوێی تره‌وه نوێنه‌رایه‌تی ده‌کرێت، که به‌و داخوازییه ڕووبه‌ڕووی لایه‌نه ماتهریالیستییه دژه‌که‌ی خۆی ده‌بێته‌وه، که‌وا هه‌موو شێوه‌کانی ده‌ربڕین یاخود دهرچوونخوازی جووڵه‌یی kinetischer Expressionismus ده‌بێت که‌م بکرێنه‌وه بۆ سه‌ر پله‌یه‌کی گونجاو و قه‌بوڵکراوی گچکه‌ترین Minimum سیاسه‌تی زه‌وی. ئه‌گه‌ر ئێمه‌ش له‌وه تێگه‌یشتین که‌وا ئه‌م دهرچوونخوازییه له‌گه‌ڵ شێوازی ژیانی کوولتوره خۆشنوودهکانی سه‌ر ئه‌م هه‌ساره‌یه‌دا هاوشێوه بێت، ئه‌وا به‌نێو ته‌واوی ((کاردانه‌وه وزههێنهکانمان له‌گه‌ڵ سروشتدا)) و بهرههمهێنانهکانمان و بهکاربردنهکانمان و نیشتهجێبوونهکانمان و هاتوچۆکانمان و هونهرهکانمان و په‌یوه‌ندییه کۆمینیکاسیۆنهکانماندا گوزه‌ر ده‌کات و خۆی ده‌گه‌یه‌نێته هه‌ر هه‌موویان و له هه‌ریه‌کێک له‌م بوارانه‌دا ئاماژه‌ی ئه‌م ساته هێشتا لاسارانه خراوه‌ته سه‌ر خاڵه‌کانی گه‌شه‌کردن و زێده پێشکه‌وتن، ئه‌وسا ڕاسته‌وخۆ له شتێک تێده‌گه‌ین، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه: ئیتیکی دژه دهرچوونخوازی و دژه ده‌رکردن له داهاتوودا دواجار ده‌گاته سه‌ر ڕێی ((وه‌رگێڕانه‌وه))ی ئه‌و ئاراسته‌یه و ((وه‌رچه‌رخان))ی ئه‌و ئاقاره‌ی که تا ئێستا شارستانیه‌ت گرتوێتیه‌به‌ر. ئه‌م ئیتیکه داوای که‌مکردنه‌وه ده‌کات، له جێیه‌کدا که تاوه‌کو ئێستا ته‌نیا زۆرکردن و فره‌کردن له‌سه‌ر نه‌خشه‌که‌یدا نووسراوه، ئه‌و هانی بچووککردنه‌وه ده‌دات، له‌و شوێنه‌ی که تاوه‌کو ئێستا زلکردن داواکراو بوو. ئه‌و ده‌یه‌وێت خۆی دوور بخاته‌وه له‌و شوێنه‌ی که تاوه‌کو ئێستا ته‌نیا ته‌قینه‌وه ڕێپێدراو بوو. ئه‌و ئاکاری ده‌ستگرتنه‌وه له مه‌سره‌فکردنی زیاده داده‌هێنێت، له‌جێیه‌کدا که به‌فیڕۆدان و مه‌سره‌فی زیاده‌کردن به باڵاترین هه‌ستی گومڕایی داده‌نرا، ئه‌و ئاگادارمان ده‌کاته‌وه له‌وه‌ی ده‌ستکورتی بکه‌ین، له جێیه‌کدا که تا ئێستا ده‌ست نه‌گرتنه‌وه و خۆسهربهستکردن جه‌ژنی پێوه ده‌گێڕدرا. خۆ ئه‌گه‌ر تا کۆتایی بیر له‌م بیرگۆڕینانه بکه‌ینه‌وه، ئه‌وا له‌ناو ئه‌م ڕه‌وته‌ی چاکسازیکردنی که‌شناسیدا ده‌گه‌ینه جۆرێک له کالڤینیزمی ئابورییانه. ئه‌مه‌ش خۆی له‌سه‌ر ئه‌و به‌ڵگه‌نه‌ویسته‌یه هه‌ڵده‌چنێت که‌وا: مرۆڤایه‌تی ته‌نیا یه‌ک زه‌وی شک ده‌بات. له‌به‌رئه‌وه له‌ئه‌نجامدا ئه‌و ناتوانێت، له‌سزای خۆله‌ناوبردندا، شتێکی زیاتر له‌وه له‌بناغه‌ی ئه‌م زه‌وییه داوا بکات که له‌به‌رده‌ستدا هه‌یه. به‌م شێوه‌یه گلۆباڵگیری پارادۆکسانه له دژی ڕه‌وته بنچینه‌ییه‌کانی خۆی کارا ده‌بێت: به‌وه‌دا که به‌سه‌ر ته‌واوی هێڵی پهلهاویشتنهکهدا زاڵ ده‌بێت، ئه‌وا ده‌ست کورتکردنه‌وه به‌سه‌ر ته‌واوی هێڵه‌که‌دا ده‌سه‌پێنێت. به‌وه‌شدا که ده‌یه‌وێت خۆشنوودی گشتگیر بکات، ئه‌وا ئه‌و دۆزینه‌وه‌یه ئاشکرا ده‌کات، که‌وا دواجار ئه‌م گلۆباڵه ته‌نیا دژه‌که‌ی به‌کاره: ساده‌یی و ساکاری بۆ هه‌مووان.
زه‌به‌لاحه‌كان له سه‌ده‌ی داهاتوودا به‌یه‌کدا ده‌ده‌ن و ئێمه‌ش بازنه‌ی نێوان پهلهاویشتنخوازی Expansionismus و خۆبچووککردنهوهخوازی Minimalismus ده‌ژین و ده‌بینین.
زه‌به‌لاحه‌کان به‌م ئاماژانه هاتنه ئاراوه، ئه‌وان له سه‌ده‌ی داهاتوودا به‌یه‌کدا ده‌ده‌ن. دیاره ئێمه له‌داهاتوودا بازنه‌ی نێوان پهلهاویشتنخوازی Expansionismus و خۆبچووککردنهوهخوازی Minimalismus ده‌ژین و ده‌بینین. ئێمه ده‌بێت له‌نێوان ئیتیکی ته‌قه‌مه‌نی و ئیتیکی خۆڕاهێناندا ((زوهدگه‌رایی Askese)) هه‌ڵبژێرین. ئێمه ئه‌وسا هه‌ست به‌وه ده‌که‌ین که چۆن ئه‌و ئه‌ڵته‌رناتیڤه ناکۆکانه خۆیان له‌ناو هه‌سته‌کانی ژیانماندا کۆپی ده‌که‌نه‌وه و هه‌روه‌ها چۆنیش ئێمه له نێوان دۆخی مه‌سره‌فکردنی شێتانه و دۆخی ده‌ستگرتنه‌وه‌ی خهمۆکییانهماندا دیلانێ ده‌که‌ین. نیتچه له‌م ڕووه‌وه تێڕامانی له‌سه‌ر زه‌وی ئه‌وه‌یه که زەوی ده‌بێت وه‌ک، عه‌قڵێکی ده‌ره‌کی، ((ئه‌ستێره‌یه‌کی خۆڕاهێنان)) ده‌ربکه‌وێت، که له‌سه‌ریدا هه‌ڵبژارده‌یه‌ک له ڕۆحانییه خهمۆکێداره پڕ غه‌ریزه کینهئامێزهکان ڕابگه‌یه‌نرێت. له‌م نێوه‌نده‌شدا به‌شێکی خۆشنوودانهی ئه‌م زه‌وییه له‌سه‌ده‌ی ٢٠ه‌وه نمایشێکی چێژخوازی و هێدۆنیستی ده‌ژین و ده‌بینن، که ڕه‌نگه به‌رله‌وه‌ی سه‌ده‌ی ٢١ کۆتایی بێت، ئه‌و ته‌واو بێت.
ئه‌گه‌ریش ئه‌م چاکسازییه بانگه‌شه بۆکراوه ببێته مایه‌ی سۆسیالیزمێکی که‌شناسی، ئه‌وا زه‌مین له داهاتوویه‌کی نزیکدا له دیوی ده‌ره‌وه‌یدا وه‌کو ئه‌ستێره‌یه‌کی ساده ده‌رده‌که‌وێت، که: هه‌ر تاکێک ده‌توانێت له‌سه‌ری بڕێکی باشه‌ی بۆ چوونه ده‌ره‌وه پێ هه‌ڵسووڕێت و به‌مه‌ش مرۆڤ وه‌کو به‌شدار و هاوبه‌شێکی ئه‌تمۆسفێره‌کان و توخمه‌کانی تریش ده‌ناسرێت. به‌وه‌شدا نیتچه له هه‌مانکاتدا شاره‌زایه‌کی لێهاتووی پرسی شه‌ڕی خوداکان و زه‌به‌لاحه‌کانیش بوو، ئه‌وەی ده‌زانی که، له کێشمه‌کێشی ڕێکخستنه‌وه‌ی ئه‌م زه‌به‌لاحانه‌دا شتێک نییه ناوی بێلایه‌نی بێت: ((ئای. ئه‌وه جادووی شه‌ڕه‌که‌یه، ئه‌وه‌ی ته‌ماشاشی بکات، ده‌بێت به‌شداری شه‌ڕه‌که بکات)).
هه‌ر هاونیشتمانییه‌کی نه‌ته‌وه ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان ئه‌م شه‌ڕه‌ی زه‌به‌لاحه‌کان نه‌ک هه‌ر له‌سه‌ر سینه‌ی خۆیدا ساغ ده‌کاته‌وه، بگره له‌ڕێی بڕیاری تایبه‌ت به‌خۆیه‌وه سه‌باره‌ت به شێوازی به‌کاربردن و کۆنسومکاری ئه‌وه ڕاده‌گه‌یه‌نێت که ئه‌و خۆی به‌سه‌ر چ لایه‌کدا زاڵ کردووه.
سێیه‌م: زۆربارکردنی زه‌وی
“که‌چی تاوه‌کو ئێستا هیچ که‌س به‌وه‌ی نه‌زانیوه ئاخۆ جه‌سته به‌ته‌واوه‌تی چی ده‌توانێت.” سپینۆزا.
له‌م باره‌دا تێڕامانه‌کان وه‌ها ده‌رده‌که‌ون وه‌ک ئه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی ڕەوان پاکسازی Puritanismus بزووتنه‌وه‌یه‌کی چاکسازیخوازی بوو له سه‌ده‌کانی ١٦ و ١٨دا له ئینگلستان و سکۆتلاند بۆ پاکتاوکردنی کڵێسه له پاپاگه‌رایی، ئه‌مڕۆ پوریتانیزم هاوناوێکه بۆ مۆڕاڵیزم. وه‌رگێڕ)) بتوانێت تاکه مۆڕاڵێکی ژیرانه بێت له‌سه‌ر ڕووی ئه‌م که‌شتی بۆشاییه‌ی زه‌ویدا. مرۆ چۆن بۆی بلوێت ده‌شێت وه‌های هه‌ڵبسه‌نگێنێت: شتێک که نکوڵی لێ ناکرێت ئه‌مه‌یه: له‌میانه‌ی سه‌ده‌ی ٢٠دا شێوه‌یه‌کی نوێی فه‌رماندانی ڕه‌های ئیمپه‌راتیڤی هاتۆته ئاراوه که بریتییه له فه‌رمانی: ((تۆ ده‌بێت ژیانت بگۆڕیت))، ئه‌م ڕسته‌یه هه‌ر له‌و کاته‌وه به ده‌سه‌ڵاتێکی خۆسه‌پێنه‌وه مهبهستگهری ئاکارییانه‌ی زۆر له هاوچه‌رخه‌کانی خستۆته ڕوو ئه‌م ڕسته ئیمپه‌راتیڤه هۆشیاریمان به داخوازییه‌ک ئاوس ده‌کات که هه‌ر ده‌بێت بیهێنینه دنیاوه، ئه‌ویش داهێنانی شێوازێکی نوێی ژیانه که گونجاو بێت به تێگه‌یشتنی سیاسه‌تی گه‌ردوونیانه و ژینگهناسییانهی کوولتورهکهمان. ئه‌م ڕسته‌یه له پله‌یه‌کی به‌ڵگه‌نه‌ویستانه‌ی ئه‌وتۆدایه که هاوتایه به هێزی هه‌موو ئه‌و حوکمانه‌ی له سه‌رده‌مه‌کانی زوودا هه‌ر لای بودییه‌کان و لای فه‌لسه‌فه‌ی خۆئارامگرتن Stoizismus و لای مه‌سیحییه‌کان و لای ئیسلامییه‌کان و لای ئیتیکی هیومانیستیدا به‌سه‌ر تاکه‌کان و کۆمه‌ڵگاکاندا سه‌پێنرابوون، تاوه‌کو ئێستاش هه‌ر ده‌سه‌پێنرێن. له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م فه‌رمانه ئیمپه‌راتیڤه نوێیه ((واته تۆ ده‌بێت ژیانت بگۆڕیت)) وه‌ک هه‌موو ئه‌و سه‌لمێنه ئیتیکییه گه‌ورانه‌ی که هه‌ن بانگهێشتی هه‌مووان ده‌کات که‌وا شتێکی ڕیالیستییه ئه‌گه‌ر پێشبینی شه‌پۆڵێکی به‌ربڵاوی جۆشی ئیتیکی بکه‌ن. له‌ناو ئه‌م ڕسته‌یه‌دا، هه‌م له‌ناو ئاینه باوه‌کاندا و هه‌م له ده‌ره‌وه‌یاندا ((ویستیی هه‌نووکه‌ی ژیان)) له‌گه‌ڵ ((هه‌ستی هه‌نووکه))دا له‌پێناوی ((شته باشه‌که)) و ((شته ڕاسته‌که))دا به پاڵهێزێکی توند و بگره جیهانبزوێنهوه خۆیان پێکهوهگرێدهدهنهوه. به‌هه‌مانشێوه‌ش ئه‌وه‌ش شتێکی ڕیالیستییانهیه که به شه‌پۆڵێکی ستایشئامێزی ملدان و نوچدان و دۆڕان و به‌زین و گاڵته‌جاڕییه‌وه ((له‌دوای خۆمانه‌وه لافاوه‌که)) له‌به‌رچاو بگرین.
زوو یان دره‌نگ خۆیان ناچار ده‌بیننه‌وه له‌سه‌ر هه‌رێمه‌که‌ی خۆیاندا بانگه‌شه‌ی جۆرێک له مافی جه‌نگی ژینگهئارایی ((ئیکۆلۆگی)) ڕابگه‌یه‌نن
دیاره به‌پێی خوێندنه‌وه‌یه‌کی به‌رایی، شته‌که وه‌ها ده‌رده‌که‌وێت، وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌م فه‌رمانه هه‌نووکه‌ییه‌وه جگه له ئیتیکێک بۆ میانڕه‌وییه‌کی جیهانی نه‌شێت چ ئه‌نجامێکی تری لێ بکه‌وێته‌وه. به‌ڵام دیاره ئه‌و پرسیاره‌ی به‌کراوه‌یی ده‌مێنێته‌وه ئه‌وه‌یه، ئاخۆ وه‌رچه‌رخان و گۆڕان به‌ره‌و ناچیزه‌یی و ساده‌یی، خاوبوونه‌وه و نه‌رمی نواندنێکی ئازادانه‌ی خه‌ڵکی له‌ناو ئه‌و کوولتورانهی به‌شێوه‌یه‌کی چڕ بهربڵاوبوونهتهوه ده‌هێنێته دی، ئاخۆ حکوومه‌ته‌کانی نه‌ته‌وه ده‌وڵه‌مه‌ند و دارا‌کان، له‌حاڵه‌تی نوقسانی هه‌رێمێکی گڵۆباڵی فه‌رمانڕه‌وایی تاوه‌کو ئه‌و ماکرۆسیستهمه توانای مامه‌ڵه‌کردنی ده‌بێت، زوو یان دره‌نگ خۆیان ناچار ده‌بیننه‌وه له‌سه‌ر هه‌رێمه‌که‌ی خۆیاندا بانگه‌شه‌ی جۆرێک له مافی جه‌نگی ژینگهئارایی ((ئیکۆلۆگی)) ڕابگه‌یه‌نن، جه‌نگێک لێوه‌ی ئه‌وانه ناچار بکرێن که به‌پێی بنه‌ما ئازاد و خۆبه‌خشه‌که پێی ناگه‌ن و به‌ده‌ستی ناهێنن.
له سه‌رنجی دووه‌میشدا ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌که‌وێت، که داخوازیکردنی ئیتیکێکی جیهانی بۆ میانڕهویکردن، هه‌روه‌ها هیواخواستن به سۆسیالیزمکردنی که‌شوهه‌وا دوو شتی خهیاڵپڵاوین. ئه‌وان ته‌نیا له‌دژی ئه‌و هه‌موو پاڵهێزانهی شارستانیه‌ته ده‌رپه‌ڕیوه‌کان نین، به‌ڵکو ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ش به‌رپه‌رچ ده‌ده‌نه‌وه که له غه‌ریزه بزوێنه‌ره‌کانی کوولتوره باڵاکانیشدان. واته ئه‌مانه به‌بێ هه‌بوونی په‌یوه‌ستی و ئهڤیندارییهک Liasion له‌نێوان هه‌وڵ بۆ خۆڕاگرتن و ئیراده بۆههڵکشاندا ناکرێن بێنه بیرمان. له‌نێو ئه‌م پهیوهندارییهی خۆڕاگرتن و خۆهه‌ڵکشاندا له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی کوولتورێک بڕیارێکی پێشتر هه‌یه که تیایدا زۆرههبوونی و، به‌فێڕۆدان و مه‌سره‌فگه‌رایی و لوکسوس به مافێکی هاونیشتمانیان دانراوه. پلاتۆنیش ده‌بوو له تێڕامانه‌کانیدا له‌سه‌ر دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵگایه‌کی ئیدیال ئه‌و شیمانه‌یه‌ی بۆ شاری ساده frugale polis ده‌ربڕێت: ئه‌م حه‌کیمه گریکییه نه‌یده‌زانی وه‌ڵامێکی گونجاوتر له‌وه بداته‌وه کاتێک گلاوکۆن Glaukon له دوای وه‌سفکردنی ژهمهخوانێک له شارێکی به‌قه‌ناعه‌ت و ساده‌دا به‌و پرسیاره زبره به‌رپه‌رچی ده‌داته‌وه: “ئه‌گه‌ر تۆ شارێکت بۆ به‌راز دابمه‌زراندایه، ئه‌ی سوکرات، جگه له‌مه‌ی به‌رده‌ست تۆ چیترت ده‌دانێ بیخۆن؟”، ئه‌م وه‌ڵامه به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی نووچ به سوکرات بدات و ڕازی بێت له‌سه‌ر دامه‌زراندنی شارێکی لوکسوس و خۆشنوودئامێز üppige Stadt.
مرۆڤی نه‌ته‌وه ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان به‌رپه‌رچی ئه‌وه ده‌ده‌نه‌وه له‌گه‌ڵ داهاتوویه‌کدا ببنه دۆست که خۆی له‌سه‌ر بنه‌مای خۆبچووککردنه‌وه و خۆڕاگرتن هه‌ڵچنرابێت.
به‌هه‌مان ئه‌م شێوه‌یه ئه‌مڕۆ ئێمه ناچارین له هه‌موو ئه‌و پێشهات و پرۆژانه‌ی سه‌باره‌ت به جیهانی سبه‌ینێن، ده‌بێت مرۆڤی نه‌ته‌وه ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان خۆشنوودییهکهیان و پێشمه‌رجه ته‌کنیکییه‌کانیان، که دیاره ئه‌مڕۆ چیتر ده‌ستبه‌رداری ئه‌وانه نابن، بۆ داگیرکردن و زه‌وتکردنی دنیا ڕابگرن. ئه‌وان هه‌ر به‌و باوه‌ڕه‌وه ده‌مێننه‌وه که‌وا ئه‌وه ئه‌رکی گه‌شه‌کردنه له‌ڕێی فراژووبوونێکی به‌رده‌وامه‌وه، ئه‌و خۆشنوودییه ماتهریالییه و ئه‌و سووده دهرکهوتووانهی ئه‌مان ده‌یچێژن دواتریش به جیهانی بکرێن. ئه‌وان به‌رپه‌رچی ئه‌وه ده‌ده‌نه‌وه له‌گه‌ڵ داهاتوویه‌کدا ببنه دۆست که خۆی له‌سه‌ر بنه‌مای خۆبچووککردنه‌وه و خۆڕاگرتن هه‌ڵچنرابێت.
له‌به‌رابه‌ری ئه‌مه‌دا بانگه‌شه‌که‌ره نوێکانی خاکەڕایی و سادهییخوازی Bescheidenheit به‌رپه‌رچی ئه‌وه ده‌ده‌نه‌وه و پێیانوایه له ماوه‌یه‌کی کورت یان درێژدا خۆشگوزه‌رانه‌کانی ئه‌مڕۆ هیچ پاشماوه‌یه‌کیان بۆ نامێنێته‌وه، ئه‌وه نه‌بێت خۆیان بۆ ئه‌و ڕاستییه ئیکۆلۆگییه بچه‌مێننه‌وه. به‌م پێیه به‌رهه‌مهێنه‌ره نوێکان و به‌کاربه‌ره‌کانیان تا ژماره‌ی ئه‌ندامه‌کانیان له یانه‌ی به‌کاربه‌ری و مهسرهفگهریدا گه‌وره‌تر بێت، ئه‌وا سنووره‌کانی ده‌رچوون و ده‌ربڕین دراماتیکیانهتر ده‌بن و زووتریش ده‌بینرێن. لێره‌دا ئه‌و سهلمێنهیه Axiom ده‌که‌وێته به‌ر مه‌ترسییه‌وه که ده‌ست له هه‌موو سنووره‌کانی بیانووی گه‌شه‌سه‌ندن ده‌دات. ئه‌ویش ئه‌وه‌یه: زه‌وی ته‌نیا یه‌ک دانه‌یه و به‌س، که‌چی نه‌ته‌وه ده‌وڵه‌مه‌ند و داراکانی ئه‌مڕۆ وه‌ها ده‌ژین، وه‌ک ئه‌وه‌ی بۆیان هه‌بێت په‌ل بهاوێژن بۆ ده‌ره‌وه‌ی زه‌ویش. ئه‌گه‌ریش شێوه‌ژیانی Lebensstil ئه‌وان به‌سه‌ر هه‌موو دانیشتوانی تری ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌دا بڵاوە پێ بکرێته‌وه، ئه‌وا مرۆڤایه‌تی نابێت به‌لایه‌نی که‌مه‌وه له چوار زه‌وی که‌متری هه‌بێت. به‌ڵام به‌وه‌دا که زه‌وی یه‌کێکی تاقانه‌یه و نابێته مۆنادێک ((گه‌ردێک/یه‌که‌یه‌ک)) که شیانی فرهبارکردنی هه‌بێت multiplizierbare Monade، ئه‌وا ئێمه ده‌بێت ڕێزی پێشینه‌یی سنوورڕاگرتن بده‌ین به‌سه‌ر پێشینه‌یی هانده‌ری سنووربهزاندندا.
ئه‌م بیانووه (ئه‌رگومێنته) بۆ ئه‌وه‌ی یه‌که‌میان شتێکه شیاوی نکوڵی لێکردن نییه. تا ئه‌وکاته‌شی مرۆڤ زه‌وی و زیندهکایهکهی خۆی Biosphäre هه‌ر به‌و شته تاکه دابنێت که شیاوی زۆرکردن نییه، ئه‌وا ده‌بێت ئه‌و هه‌ڵوێسته بڵاوه‌پێکراوه و بهرفرەوانبووهی شارستانیه‌تی ده‌ربڕین و خۆشگوزه‌رانی مۆدێرن وه‌ک ناعهقڵانیهتێکی ده‌ربکه‌وێت که شیاوی لێبوردن نییه.
ده‌پرسین: تاوه‌کو ئێستا هیچ که‌س ئه‌وه‌ی دیاری نه‌کردووه، ئاخۆ جه‌سته‌ی زه‌وی توانای چی هه‌بێت. ئێمه جارێک ئه‌وه‌ش نازانین، چ گه‌شه‌سه‌ندنێک شیاو ده‌بێت
به‌رخوردی مرۆڤ له‌گه‌ڵ هه‌ساره‌که‌ی خۆیدا له‌و فیلمه کاره‌ساتاوییه ده‌چێت که تێیدا چه‌ند گرووپێکی مافیایی دژبه‌یه‌ک لهسهرڕووتهختی فڕۆکه‌یه‌کدان له به‌رزایی ١٢٠٠٠ مه‌تره‌وه به چه‌کی پڕ فیشه‌کی عه‌یاره گه‌وره‌وه ده‌که‌ونه ته‌قه‌کردن له‌یه‌کتری. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شتێکی ڕه‌وایه ئه‌م پرسیاره هه‌ڵده‌ین، ئاخۆ ئێمه به‌هۆی شیکاری مۆنادۆلۆگیمانهوه بۆ زه‌وی ئه‌نجامه گونجاوه‌کانمان پچڕاندووه. ئایا ئێمه دروست له دۆخی خۆمان تێده‌گه‌ین، کاتێک ئه‌م هه‌ساره‌یه و زیندهکایهکانی وه‌کو یه‌کێکی لهزۆرکردننههاتوو unmultiplizierbare Eins شیبکه‌ینه‌وه و ئه‌مه‌ش به نه‌گۆڕێک Fixum دابنێین که شیاوی تێپه‌ڕاندن نییه؟ ئێمه ده‌بێت ئاگامان له‌وه بێت: ئێمه چیتر کارمان ته‌نیا به مێژووی دێرینی گهردوونناسییانهی زه‌مین و به دیارده گه‌شه‌سه‌ندووه دێرینه‌که‌ی ژیان نییه. چونکه له‌ڕه‌وتی گه‌شه‌سه‌ندنی کۆمه‌ڵایه‌تیدا ئه‌و کایهتهکنیکییه Technoisphaere خراوه‌ته سه‌ر ئه‌م بنه‌ما گه‌وره‌یه، که ئه‌میش خۆی به عه‌قڵێک Noosphaere ده‌بزوێنرێت و ده‌برێت به‌ڕێوه. (نووسفێر ده‌سته‌واژه‌یه‌کی گریکی کۆنه له بنه‌ڕه‌تدا له بواری تیۆلۆگی و فه‌لسه‌فه‌دا به‌کارده‌هێنرێت، لێره‌دا سلۆته‌ردایک وه‌ک ئاماژه‌یه‌ک بۆسه‌ر قۆناغی گه‌شه‌سه‌ندنی ڕۆحی و عه‌قڵی به‌کاری ده‌هێنێت. وه‌رگێڕ). به ته‌ماشاکردنی هه‌ردوو ئه‌و ڕه‌هه‌ندانه‌ی گه‌شه‌کردن ئێمه ڕاست ده‌که‌ین گه‌ر ڕسته‌که‌ی سپینۆزا بهێنینه‌وه، که ده‌ڵێت: تاوه‌کو ئێستا هیچ که‌س ئه‌وه‌ی دیاری نه‌کردووه ئاخۆ جه‌سته توانای چی هه‌یه. ئه‌وه لێره‌دا په‌یوه‌سته به جه‌سته‌ی مرۆییه‌وه، به‌ڵام ئێمه وه‌ریده‌گێڕینه سه‌ر زه‌وی و ده‌پرسین: تاوه‌کو ئێستا هیچ که‌س ئه‌وه‌ی دیاری نه‌کردووه، ئاخۆ جه‌سته‌ی زه‌وی توانای چی هه‌بێت. ئێمه جارێک ئه‌وه‌ش نازانین، چ گه‌شه‌سه‌ندنێک شیاو ده‌بێت، ئه‌گه‌ر کایهیگیۆگرافی Geosphaere و کایهیژیان Biosphaere له‌ڕێی کایه‌یه‌کی ژیری ته‌کنیکی Technosphaere و کایه‌ی عه‌قڵه‌وه Noosphaere درێژه به گه‌شه‌پێدانیان بدرێت. ئه‌وه‌ش شتێک نییه پێشتر مه‌حاڵ بێت، که‌وا له‌م ڕێیه‌وه ئه‌و ئه‌نجامانه ده‌رده‌که‌ون که هاوتای زۆرکردنی زه‌وین.
ته‌کنیکیش هێشتا دواهه‌مین وته‌ی خۆی نه‌گوتووه. ئه‌گه‌ر ئێمه‌ش تاوه‌کو ئه‌مڕۆ ته‌کنیک به وێرانکه‌ری ژینگه و به ژیانبهرههمهێن دابنێین، ئه‌وا ئه‌مه ته‌نیا ئه‌وه‌مان بۆ ده‌درکێنێت که‌وا، ته‌کنیک هێشتا له هه‌ندێک ڕووه‌وه خۆی له سه‌ره‌تاکانیدا ده‌بینێته‌وه. به‌ر له ماوه‌یه‌کیش ئه‌و پێشنیاره خرایه ڕوو، که جیاوازی بکرێت له نێوان ته‌کنیکی جیاواز Heterotechnik و هاوتهکنیک Homoeotechnikدا، که یه‌که‌میان په‌یوه‌سته به ڕێکاره‌کانی Prozeduren توندوتیژی نواندن به‌رانبه‌ر به سروشت و فێڵ لێکردنی سروشت و دووه‌میان په‌یوه‌سته به ڕێکاره‌کانی لاساییکردنه‌وه‌ی سروشت و درێژه‌پێدانی بنه‌ماکانی به‌رهه‌مهێننان له ئاستێکی سروشتییه‌وه بۆ سه‌ر ئاستێکی ده‌ستکردانه. دیاره له‌ڕێی خۆچهککردنهوهی کایه‌ی ته‌کنیک/تهکنۆسفێر به پێوه‌رێکی هاوتهکنیکی homoötechnik و لاساییکه‌ره‌وه‌ی ژیانه‌وه biomimetisch له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕینی کاتدا وێنه‌یه‌کی ته‌واو جیاوازی پێکهوهیاریکردنی نێوان ژینگه و ته‌کنیک هاتۆته ئاراوه. ئه‌وکاته ئێمه ده‌زانین جه‌سته‌ی زه‌وی توانای چی هه‌یه ئه‌گه‌ر مرۆڤ مامه‌ڵه‌کردنی له‌گه‌ڵ زه‌ویدا له لێده‌رهێنان و سوودلێوهرگرتنهوه بگۆڕێ بۆ به‌رهه‌مهێنانی هاوبه‌ش. دیاره له‌سه‌ر ڕێی لێدهرهێناندا زه‌وی بۆ هه‌موو کاتێک به مۆنادێکی سنوردار ده‌مێنێته‌وه، به‌ڵام له‌سه‌ر ڕێی هاوبهرههمهێناندا Koproduktion له‌نێوان سروشت و ته‌کنیکدا ده‌شێت زه‌وی ببێته ئه‌و هه‌ساره موتوربهکراوهی Hybridplanet له‌سه‌ریدا شتی زیاتر له‌وه‌ی گیۆلۆگه کۆنسه‌رڤاتیڤه‌کان باوه‌ڕیان پێیه‌تی شیاو ده‌بێت.
ئه‌وان ئه‌وه‌یان بۆ ئهژمارکردووین، که مرۆڤ چۆن له ته‌واوی جیهاندا له‌ڕێی بهنیوهکردنی به‌کارهێنانی سه‌رچاوه‌کانه‌وه دۆخی خۆشگوزه‌رانی ده‌بێته دووقات.
دیاره هاوشێوه‌ی ئه‌م بیرۆکانه له‌لایه‌ن گه‌لێک عه‌قڵی داهێنه‌رانه‌ی بزووتنه‌وه ژینگه‌ییه‌کانه‌وه له ته‌واوی جیهانه‌وه هێنراوه‌ته ئاراوه. ئه‌وان ئه‌وه‌یان بۆ ئهژمارکردووین، که مرۆڤ چۆن له ته‌واوی جیهاندا له‌ڕێی بهنیوهکردنی به‌کارهێنانی سه‌رچاوه‌کانه‌وه دۆخی خۆشگوزه‌رانی ده‌بێته دووقات. له‌هه‌مان ئاقاردا سه‌رنجێکی نیشانه‌پێکی بوکمینستهر فوله‌ر ده‌گاته هه‌مان ئه‌و جێیه: که پردێک له‌نێوان ئه‌و زۆربوونه سهرسامهێنهی نان له کتێبی په‌یمانی نوێ‌دا (ئینجیل) و مێژووی به‌میتافیزیک ڕاڤه‌کراوی ته‌کنیکدا لێده‌دات: “”به‌هۆی به‌کارهێنانی یاساکانی ده‌سکی مه‌کینه‌کانه‌وه، به‌ته‌واوه‌تی ئه‌وه شیاو بووه له‌ڕێی که‌مترین شته‌وه بگه‌یت به زۆرترین شت. له‌وانه‌یه هه‌ر ئه‌م بهرفرەوانبوونه ژیرانه‌یه بوو بێت که مه‌سیح ویستبێتی له ئامۆژگارییه‌کانیدا له‌سه‌ر چیاوه وه‌کو وانه‌یه‌ک بیداته‌وه به‌و مێژووه تاریکه‌ی نان و ماسی””. کۆتایی ((ڕێنمایی به‌کارهێنان))ه‌که‌ی به‌شێوه‌یه‌کی لۆگیکیانه په‌یوه‌ست ده‌کاته‌وه به بانگه‌وازێکه‌وه بۆ ئیتۆسی داهێنه‌رانه: “”به‌م شێوه‌یه، پلاندانه‌ره‌کان، ته‌لارسازه‌کان و ئه‌ندازیاره‌کان ده‌ستپێشخه‌رییه‌که‌یان ده‌قۆزنه‌وه. بچنه سه‌ر کار و پێکه‌وه‌ش ئیش بکه‌ن و له‌ودیوی چیاکه‌وه له‌به‌رده‌می یه‌کتریدا ڕامه‌وه‌ستن، له‌هه‌مووشیان زیاتر شته‌کان، و هه‌وڵیش مه‌ده‌ن له‌سه‌ر تێچووی ئه‌وانیتر قازانج بکه‌ن. چونکه هه‌موو ده‌ستکه‌وتێکی له‌م جۆره کورت ده‌خایه‌نێت. ئه‌وانه ئه‌و یاسای پێکهوهکارکردنهن که لێیانه‌وه گه‌شه‌سه‌ندن به‌فیڕۆده‌چێت و هه‌وڵی ئه‌وه‌ش ده‌ده‌ن ئه‌وه‌مان بۆ ڕوون بکه‌نه‌وه. ئه‌و یاسایانه هیچ مرۆڤ داینهناون، به‌ڵکو ئه‌و یاسابهخشنده ناکۆتادارانهی عه‌قڵه دڵسۆز و پیاوچاکهکانن که فه‌رمانڕه‌وایی گه‌ردوون ده‌که‌ن.””
مرۆ ده‌بێت خۆی له‌وه بپارێزێت که ئه‌م گوته‌یه کورت بکاته‌وه بۆ ئه‌و سافیلکهییهی که هه‌یه‌تی. ئه‌گه‌ر خۆفێرکهره Autodidaktik گه‌وره‌کان وه‌ها دوور بڕۆن، که ده‌رچوونی جه‌هاله‌ت له سنوورێکدا ڕاگرن: ئه‌وا، ئه‌مه ته‌نیا له‌و حاڵه‌ته‌دا ده‌شێت ڕووبدات به فه‌زلی پیاوچاکی هه‌موو ئه‌و عه‌قڵانه‌ی که ئه‌مڕۆ ئه‌و به‌رپرسیارێتییه بۆ زانینه پۆزهتیڤهکهیان و هه‌روه‌ها بۆ نوقڵانهلێدانه تاریکه‌که‌یان ده‌گرنه ئه‌ستۆ.