Site icon Zed Press

١٠٠ ملیۆن هێکتار دارستان لە ٢٠ ساڵ و ساڵانەیش ١٠٠ ملیۆن هێکتار زەوی کشتوکاڵی لەدەستدراوە

شکۆ شێرکۆ

 

لەماوەی ٢٠ ساڵدا، ١٠٠ ملیۆن هێکتار زەوی دارستان و لەوەتەی ساڵی ٢٠١٥یشەوە، ساڵانە ١٠٠ ملیۆن هێکتار لە زەوی کشتوکاڵی لەدەستدراون. نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات، ئەگەر بە هەمان ڕێژە زەوی لەدەست بچێت، ئەوا ملیارێک و ٥٠٠ ملیۆن هێکتاری دی تاوەکوو ٢٠٣٠ تەنیا لە زەوی کشتوکاڵی لەناودەچێت.

 

 

ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام

ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام (SDG) و بە ئامانجە جیهانییەکانیش ناودەبرێن. لە ١٧ ئامانجی جیهانی پێکدێت، کە هەریەک لەو ئامانجانەیش بەسەر ئامانجی دیکەی لاوەکیدا دابەشکراون، لەپێناو ئەوەی ببێت بە پڕۆگرامێکی هاوبەشی جیهانی بۆ ئاشتی، خۆشگوزەرانی بۆ خەڵک و ڕزگارکردنی هەسارەکە.

ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام لەلایەن کۆمیتەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەوەتەی ساڵی ٢٠١٥ەوە جێگیرکراون، بۆ گەیشتن بە ساڵی ٢٠٣٠ و درێژکراوەی ئامانجەکانی پەرەپێدانی هەزارەن، کە لە ساڵی ٢٠١٥ کۆتایی هات.

هەر ١٧ ئامانجەکەی گەشەپێدانی بەردەوام، بەیەکەوە گرێدراو و بەسەریەکترەوە کارتێکەرن. ئەوەی لەم بابەتەدا دەخرێتەڕوو، پێوەستە بە ئامانجی ژمارە ١٥ەوە؛ واتە “ژیان لەسەر زەوی” یان زۆرجار دەگوترێت ژیانی وشکانی و ئەوەش بۆ جیاکردنەوە لە ئامانجێکی دیکەی گەشەپێدانی بەردەوام، کە پێوەستە بە ژیانی ناو ئاوەوە.

 

ژیان لەسەر زەوی

بەڕێوەبردنی دوورمەودا، بەردەوامی دارستانەکان، بەرەنگاربوونەوەى بەبیابانبوون، ڕاگرتنی تێکچوونى زەوی و پێشگرتن لە لەناوچوونی فرەچەشنى، کرۆکیی ئامانجەکانی ژمارە پازدەن.

بەپێى ڕاپۆڕتی هەڵسەنگاندنی جیهانیی ساڵى ٢٠١٩ى تایبەت بە فرەچەشنى بایۆلۆژى و خزمەتگوزاریی سیستمى ئیکۆلۆژى، نزیکەى یەک ملیۆن جۆر گیاندار و گژوگیا هەڕەشەى لەناوچوون و نەمانى یەکجارییان لەسەرە، لەوانەشە زۆربەیان لە ماوەى چەند دەیەیەکدا بەتەواوى لەناوبچن.

 

نزیکەى یەک ملیۆن جۆر گیاندار و گژوگیا هەڕەشەى لەناوچوون و نەمانى یەکجارییان لەسەرە

 

ڕاپۆرتەکە داواى بەرپاکردنى چەند گۆڕانکارییەکى وەرچەرخێنەرى کردووە بۆ گەڕاندنەوە و پاراستنى سروشت. ئەوەشى ڕوونکردووەتەوە کە دروستیی سیستمەکانى ئیکۆلۆژى کەوا ئێمە و گشت جۆرەکانى دیکە پشتى پێ دەبەستین، زۆر خێراتر لە جاران بەرەو تێکچوون و شێوان دەچێت، ئەوەیش کاریگەریی بەسەر بنەمایەکانى ئابووریمان و ڕێگەکانى بژێوى و دەرامەتمان و جۆرى ژیانى سەرانسەرى جیهاندا دەبێت.

بەبیابانبوون و نەهێشتن و لەنێوبردنى دارستانەکان- بەهۆى چالاکییە مرۆییەکان و گۆڕانى کەشوهەواوە- لەبەردەم گەشەپێدانێکى بەردەوام و دوورمەودادا چەندان ئالنگاریی گەورە دروست دەکەن، ئەوەیش کاریگەریی بەسەر ژیان و ڕێگەکانى گوزەران و دەرامەتى ملیۆنان کەسەوە هەبووە. دارستانەکان بۆ پاراستنى ژیانى سەر زەوى زۆر گرنگن، ڕۆڵێکى سەرەکیشیان لە بەرەنگاربوونەوەى گۆڕانى کەشوهەوادا هەیە.

 

 

سیستەمی ژینگەیی

ژیانی مرۆڤ چەندە پشت بە زەوی دەبەستێت هێندەش پشت بە زەریاکان دەبەستێت بۆ بەردەوامیپێدان و گوزەرانی. ڕووەکەکان ٨٠٪ ی خۆراکی مرۆڤ پێکدێنن، و پشت بە کشتوکاڵ دەبەستین وەکو سەرچاوەیەکی گرنگی ئابووریی و هۆکارێکی پەرەپێدان. دارستانەکان ٣٠٪ی ڕووکاری زەوی و ژینگەیەکی گرنگی ملیۆنان بوونەوەریش پێكدێنن و لەهەمان کاتدا سەرچاوەیەکی گرنگن بۆ هەوا و ئاوی پاکژ و بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانكارییەكانی کەشوهەوا.

لەكاتێكدا كە ڕێژەی ١٥٪ی زەوییەكان پارێزراوە، تاوەكوو ئێستا فرەیی بایۆلۆجی لە مەترسیدایە. نزیكەی ٧٠٠٠ جۆر لە ئاژەڵەكان و ڕووەكەكان بە شێوەیەكی نایاسایی بازرگانی پێكراوە. بارزگانی بە ژیانی سروشتی نەوەك تەنیا فرەیی بایلۆجی تێكدەدات، بەڵكو دەبێتە هۆی ناسەقامگیری و هۆكارێك بۆ تەشەنەكردنی ململانێیەكان و گەندەڵیی.

نزیکەی یەک ملیار و ٦٠٠ ملیۆن کەس لە جیهاندا، پشتیان بە دارستانەکان بەستووە بۆ بژێوی ژیانیان. ٨٠٪ی دارستانەکان لانەی زیاتر لە ٨٠٪ی هەموو بوونەوەرە وشکانییەکانن، وەکوو ئاژەڵ و ڕووەک و مێرووەکان.

هەروەها، دوو ملیار و ٦٠٠ ملیۆن کەس، ڕاستەوخۆ پشتیان بە کشتوکاڵ بەستووە بۆ بژێوییان. بەهای سیستەمی ژینگە (ئیکۆسیستەم) بۆ بژێوی مرۆڤ و خۆشگوزەرانیان، ساڵانە بە ١٢٥ تریلیۆن دۆلاری ئەمریکی خەمڵێندراوە.

هەرچی هەرێمی چیاکانە، بڕی ٦٠٪ تا ٨٠٪ی ئاوی سازگاری سەر زەوی دابین دەکەن.

بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژینگە لە ساڵى ٢٠١٦دا سەرنجەکانى بۆ سەر زیادبوونى ئاستى پەتاى ئاژەڵى ڕاکێشا و وەک پرسێکى جێگەى نیگەرانى دەستنیشانى کرد. هەروەها ئاماژەى بەوە کرد کە ٧٥٪ی کۆى ئەو نەخۆشییە گوزاراوانەى مرۆڤ دووچاریان دەبێت، چەند نەخۆشییەکن کە لە گیاندار و ئاژەڵەکانەوە سەرچاوە دەگرن، ئەو نەخۆشییە ئاژەڵییانەش پێوەندییەکى پتەویان بە تەندروستیی سیستمە ئیکۆلۆژییەکانەوە هەیە.

 

٧٥٪ی کۆى ئەو نەخۆشییە گوزاراوانەى مرۆڤ دووچاریان دەبێت، چەند نەخۆشییەکن کە لە گیاندار و ئاژەڵەکانەوە سەرچاوە دەگرن

 

ئینگەر ئاندرسۆن، یاریدەدەرى بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژینگە، دەڵێ “لە میانى کۆڤید- ١٩، هەسارەکەمان بەهێزترین هۆشدارى داوە لەوەى کە دەبێ مرۆڤایەتى بگۆڕێ.”

هەروەها بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژینگە لە ڕاپۆرتى کار لەگەڵ ژینگە، بۆ پاراستنى خەڵک، دەستنیشانى “چۆنییەتیی دووبارە بنیادنانەوەیەکى باشتر” دەکات لە میانى چەند زانستێکى بەهێزتر و چەند سیاسەتێک کەوا پاڵپشتیی هەسارەیەکى تەندروستتر و زۆرێک لەو وەبەرهێنانانە دەکات کەوا ڕەچاوى ژینگە دەکەن.

 

 

ئامانجی ١٥

پارێزگاریکردن، بووژاندنەوە و برەودان بە بەکارهێنانی بەردەوامانەی ئیکۆسیستەمە وشکانییەکان، خزمەتکردنی بەردەوامانەی دارستانەکان، وەستان لە دژی بەبیابانبوون، هەروەها ڕاگرتن و پێچەوانەکردنەوەی خراپبوونی زەویی کشتوکاڵی و ڕێگریکردن لە کەمبوونەوەی هەمەجۆری زیندەوەران.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی هەڵسەنگاندن لەسەر ئامارەکانی گەشەپێدانی بەردەوام، جیهان لە قەیرانێکی مەترسیداردایە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا، پیسبوون و کەمبوونەوەی هەمەجۆری زیندەوەران. لەناوچوونی دارستانەکان، خراپبوونی زەوییە کشتوکاڵییەکان و نەمانی ئاژەڵە دەگمەنەکان ڕوو لە زیادبوونن، ئەوەش هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ تەندروستی هەسارەکە و مرۆڤایەتی. تەنیا ئەو کاتە بە ئامانجی ١٥ دەگەین، ئەگەر پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ژینگە بە ڕێژەیەکی بەرچاو پتەوتر بکەین.

 

جیهان لە قەیرانێکی مەترسیداردایە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا، پیسبوون و کەمبوونەوەی هەمەجۆری زیندەوەران

 

ئامانجی ١٥، وەک هەریەک لە ئامانجەکانی دی، ئامانجی لاوەکیی هەڵسەنگێندراو لەخۆدەگرێت، کە پێوەریان بۆ دانراون و ساڵانە هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت تا چەند وڵاتان بەسەر کاریگەرییە نەرێنییەکان زاڵبوون و بە ئاڕاستەیەکی دروست هەنگاو دەنێن. ئەم ئامانجەیان لە ١٢ ئامانجی لاوەکی پێک دێت. گشت ئامانجە لاوەکییەکان لە خوارەوە، لەپاڵ هەڵسەنگاندنی دۆخەکانی گرنگترینیان، ئاماژەیان پێ دراوە.

 

ئامانجی ١٥.١: تاوەکوو ٢٠٢٠، دڵنیایی لە پاراستن، بووژاندنەوە و بەکارهێنانی بەردەوامی ئیکۆسیستەمەکانی ئاوی سازگار و وشکانی بدرێت، لەپاڵ ناوچە پەیوەندیدارەکان پێیانەوە، وەک دارستانەکان، زۆنگاوەکان، چیاکان و ناوچە وشکەکان، هەموو ئەوانەش بەگوێرەی مەرجە نێودەوڵەتییەکان بن.

 

ئامانجی ١٥.٢: تاوەکوو ٢٠٢٠، پەرە بە بەڕێوەبردنی بەردەوامانەی هەموو جۆرە دارستانەکان بدرێت، لەناوچوونی دارستانەکان ڕابگیرێت، ئەو دارستانانەی ڕوو لە لەناوچوونن ببووژێنرێنەوە، هەروەها بەڕێژەیەکی بەرچاو دارستانەکان و بووژاندنەوەیان لە جیهاندا زیاد بکرێت. ناوچەی دارستانی لە جیهاندا لە کەمبوونەوەدایە، لە ٣١.٩٪ ساڵی ٢٠٠٠ بۆ ٣١.٢٪ ساڵی ٢٠٢٠ دابەزیوە، ئەوەش ئاماژە بە بڕی ١٠٠ ملیۆن هێکتار دارستانی لەدەستچوو دەدات. کشتوکاڵ هۆکاری ٩٠٪ ئەم لەناوچوونەیە. هەرچەندە، لە جیهاندا، بەڕێوەبردنی بەردەوامانەی دارستانەکان و ژمارەی ئەو دارستانانەی لەژێر چاودێری ڕاستەوخۆدان زیادی کردووە.

 

ئامانجی ١٥.٣: تاوەکوو ٢٠٣٠، شەڕ لە دژی بەبیابانبوون بکرێت، زەویی کشتوکاڵی خراپبوو ببووژێنرێتەوە، وەک ئەو زەویانەی بەبیابانبوون، وشکەساڵی و لافاو کاری تێکردوون. پێویستە بەرەو جیهانێک هەنگاوبنرێت کە خراپبوونی زەوی نەمێنێت. لە ساڵانی ٢٠١٥ – ٢٠١٩، ساڵانە زیاد لە ١٠٠ ملیۆن هێکتار زەویی کشتوکاڵی لەدەستدراوە، ئەوەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر ڕێژەی ئاو و خۆراک لە جیهان دروست کردووە. چالاکییەکانی مرۆڤ و خراپتربوونی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا هۆکاری سەرەکین. ئەگەر بە هەمان ڕێژە زەوی لەدەست بچێت، ئەوا ١.٥ ملیار هێکتاری دی تاوەکوو ٢٠٣٠ دێتە سەر. بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، پێویستە ڕێگری لە خراپبوونی زەوی بکرێت و بەلانی کەم یەک ملیار هێکتاری خراپبوو ببووژێنرێتەوە.

 

ئامانجی ١٥.٤: تاوەکوو ٢٠٣٠، دڵنیایی لە پاراستنی ئیکۆسیستەمی چیاکان بدرێت، بە گرنگیدان بە هەمەجۆری زیندەوەرانیشیانەوە، لەپێناو پێشکەشکردنی ئەو سوودانەی بۆ پەرەپێدانی بەردەوام پێویستن.

 

ئامانجی ١٥.٥: ڕێکاری دەستبەجێ و ڕژد بگیرێتەبەر بۆ کەمکردنەوەی خراپبوونی ناوچەی نیشتەجێبوونە سرووشتییەکان، ڕاگرتنی لەناوچوونی هەمەجۆری زیندەوەران، هەروەها تاوەکوو ٢٠٢٠، پاراستنی زیندەوەرە هەڕەشەلەسەرەکان. لەناوچوونی زیندەوەران پێچەوانە نەکراوەیە و ڕەنگە گەورەترین کاریگەری مرۆیی بێت بەسەر زەوییەوە. لە جیهاندا، پێوانەی لیستی سوور، کە لە هەڵسەنگاندنی بەردەوامی زیندەوەرانی هەمەچەشن لە پۆلەکانی شیردەرەکان، باڵندەکان، وشکاوەکییەکان، مەرجان و سایکادەکان (جۆرە درەختێکی ناوچە کەمەرەیییەکانە، هەڕەشەی لەناوچوونی لەسەرە)، وەردەگیرێت، لە ٢٠١٥ – ٢٠٢٣ بە ٤٪ خراپتر بووە. لە سێ سەدەی ڕابردووەوە، لە ساڵی ١٩٩٣ بەدواوە، ئەم پێوانەیە بە ١١٪ کەمی کردووە. لە هەڵسەنگاندنێک بۆ خشۆکەکان لە ساڵی ٢٠٢٢، زانراوە کە ٢١٪ جۆری خشۆکەکان هەڕەشەی لەناوچوونیان لەسەرە. هەموو نیشانەکان تاوەکوو ئێستا، بە پێچەوانەی ئامانجە خوازراوەکان هەنگاویان ناوە و هەمەجۆری زیندەوەران لە مەترسیدایە.

 

ئامانجی ١٥.٦: پەرەپێدان بە دابەشکردنی دادپەروەرانەی ئەو دەستکەوتانەی لە ئەنجامی سەرچاوە جینۆمییەکانەوە دەست دەکەون، هەروەها هەوڵدان بۆ بەردەستبوونی ئەو سەرچاوانە، بەگوێرەی مەرجە نێودەوڵەتییەکان. لە کۆتایی ٢٠٢٢، ٦٨ وڵات بەلانی کەم پێوەرێکی یاسایی، ئیداری یان پێڕەوی هەبوو بۆ دڵنیاییدان لە بەدیهاتنی ئەو ئامانجە، بە پابەندبوون بە پڕۆتۆکۆڵی ناگۆیا (لە ٢٠١٦ تەنیا ٦ وڵات پێوەریان هەبوو). هەروەها، ٨٨ وڵاتیش ئاماژەیان بەوە داوە کە ڕێکاریان گرتووەتەبەر بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی لەسەر سەرچاوە جینۆمییەکانی ڕووەکەکان بۆ خۆراک و کشتوکاڵ (لە ١٢ وڵاتی ساڵی ٢٠١٥ بەرز بووەتەوە).

 

ئامانجی ١٥.٧: ڕێکاری خێرا بگیرێتەبەر بۆ کۆتایی هێنان بە ڕاوکردن و مامەڵەکردن بە جۆرە زیندەوەرە پارێزراوەکانی ناوچە دیاریکراوەکانی خۆیان، هەروەها بابەتی خواست و سەرچاوەی بەرهەمە ئاژەڵییە نایاسایییەکان هەڵوێستەی لەسەر بکرێت.

 

ئامانجی ١٥.٨: تاوەکوو ٢٠٢٠، ڕێکاری نوێ بهێنرێنە کایەوە بۆ ڕێگریکردن، هاتنەناوەوە و کەمکردنەوەی کاریگەری جۆرە زیندەوەرە زیانبەخشەکان لە ئیکۆسیستەمە وشکانی و ئاوییەکان، هەروەها کۆنتڕۆڵکردن یان لەناوبردنی زیندەوەرە زیانبەخشە بەرلێنەگیراوەکان. نزیکەی هەموو وڵاتانی ئێستا لە یاسای ناوخۆدا باسیان لەم ئامانجە کردووە، بە زۆری گرێیانداون لەگەڵ سێکتەرەکانی تەندروستی ئاژەڵ، تەندروستی ڕووەکەکان، حەوزەکانی ماسی و زیندەوەرە ئاوییەکانی دیکە؛ ٨٧٪ خۆیان لەگەڵ ئامانجە جیهانییەکان گونجاندووە. پەتای کۆڤید-١٩ سەرنجێکی زیاتری هێناوەتەسەر نەهێشتن، کۆنتڕۆڵکردن و بەڕێوەبردنی هێرشی زیندەوەرە زیانبەخشەکان، بە تایبەت ئەوانەی بۆ مرۆڤەکان دەگوازرێنەوە، بۆ ئەوەی کاریگەریان بەسەر هەمەجۆری زیندەوەران و تەندروستی مرۆڤ کەم بکەنەوە.

 

ئامانجی ١٥.٩: تاوەکوو ٢٠٢٠، بەها پەیوەندیدار بە ئیکۆسیستەم و هەمەجۆری زیندەوەران تێکەڵی پلانەکان، پڕۆسەکانی گەشەپێدان، ستراتیجییەکانی نەهێشتنی هەژاری لەسەر ئاستی ناوخۆ و هەرێمەکان، بکرێن. گەشەیەکی بەرچاو بۆ ئەم ئامانجەیان تێبینی دەکرێت، تاوەکوو کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، زۆربەی وڵاتان (٩٠٪) ئامانجی نەتەوەییان بەگوێرەی ئامانجی دووەمی هەمەجۆری زیندەوەری ئایچی، دانابوو. هەرچەندە، تەنیا سێیەکی ئەو وڵاتانە باسیان لەوە کردووە کە دەگەن بە ئامانجە نەتەوەیییەکانیان یان تێیان دەپەڕێنن. لەپاڵ ئەوانەدا، ٩٢ وڵات لە ساڵی ٢٠٢٢ ئاماژەیان بە جێبەجێکردنی سیستەمی هەژماری ئابووریی ژینگەیی (SEEA) داوە. هەروەها پێشبینی زیادبوونی ژمارەی وڵاتەکان دەکرێت بەهۆی ڕۆڵی (SEEA) لە چوارچێوەی هەمەجۆری زیندەوەران لە جیهاندا.

 

ئامانجی ١٥.ئەی: بەگەڕخستن و زیادکردنی بەرچاوی ماددە دارایییەکان لە هەموو سەرچاوەکانەوە، بۆ پاراستن و بەکارهێنانی بەردەوامانەی ئیکۆسیستەمەکان و هەمەجۆریی زیندەوەران.

 

ئامانجی ١٥.بی: بەگەڕخستنی سەرچاوەی زەبەلاح لە هەموو سەرچاوە و ئاستەکان، بۆ پارەدانی بەڕێوەبردنی بەردەوامانەی دارستانەکان، هەروەها بەردەستخستنی پاڵنەری پێویست بۆ ئەو وڵاتانەی لە گەشەکردندان لە پێناو بەرەوپێشبردنی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە، ئەوەش پاراستن و دووبارە بەدارستانکردنەوە بگرێتە خۆی.

 

ئامانجی ١٥.سی: پاڵپشتیی جیهانی پەرە پێبدرێت بۆ چڕترکردنەوەی هەوڵەکان لە دژی نەهێشتنی ڕاوکردن و مامەڵەکردن بە ئاژەڵە پارێزراوەکان، لەڕێی برەودان بە توانای کۆمەڵگە ناوخۆیییەکان لە دابینکردنی هەلی کاری جێگیر بۆ هاووڵاتیان.

Exit mobile version