فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە زاری عەبدولڕەحمان سدیق سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ڕووبەری سەوزایی لە هەرێمی کوردستاندا گەیشتووەتە ١٩٪ تا ٢٠٪. ئەوەش بەسەر دوو پانتاییدا دابەش دەبێت کە ڕووبەری سەوزایی ناو سنوری شارەوانییەکان و ڕووبەری سەوزایی لە دەرەوەی سنوری شارەوانییەکان بەتایبەت ناوچە دارستانییەکان دەگرێتەوە.
ئەو داتایەی حکوومەتی هەرێم لەکاتێکدا دێت، کە بەگوێرەی بەرنامەیەکی تایبەت کە لەلایەن ڕێکخراوی هەسارەوە دروستکراوە، ڕێژەی سەوزایی لە شارەکاندا یەکجار لەو ژمارەیە کەمترە کە لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە ڕاگەیەندراوە.
بەرنامەکە لە ڕێگەی ئەپلیکەیشنێکەوە کار دەکات و هەر کەس دەتوانێت لای خۆیەوە بەکاری بهێنێت، تەنیا ڕووبەری سەوزایی بەگوێرەی درەختی سێبەردار لە سنوری شارەکاندا دەستنیشان دەکات.
بەپێی داتای دەستکەوتوو لەڕێگەی ئەم بەرنامەیەوە، ڕووبەری سەوزایی لە شارە گەورەکانی هەرێمی کوردستاندا، بە تەواوەتی سنوردارە، بەنموونە لە ڕووبەری سەوزایی لە هەولێر ٢.٧٪، لە سلێمانی ١.٧١٪ و لە کەرکووک ١.٠٩٪ و لە باشترین حالەتدا و لەسەر ئاستی شارە گەورەکاندا ڕووبەری سەوزایی لە پارێزگای دهۆک ٨.٦٤٪ دەبێت و هەروەها لە شاری هەڵەبجە کە ٦.١٥٪ دەبێت.
دروستکردنی بەرنامەیەک کە ڕووبەری سەوزایی بەگوێرەی دار و درەختی سێبەردار دەستنیشان بکات، لەو ڕوانگەیەوە دێت کە لە پرسی گۆڕانی کەشوهەودا بەتایبەت درەختی سێبەردار ڕەچاو دەکرێت، نەک ڕووبەری داپۆشراو بە گوڵ و چیمەن، کە بایەخێکی ئەوتۆی نییە.
هەر بەگوێرەی داتاکانی دەستکەوتوو لە ڕێگەی بەرنامەکەی ڕێکخراوی هەسار، ڕووبەری سەوزایی لە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستاندا بەگشتی لە نێوان کەمتر لە ٤٪ تا ٢٪ دەبێت. لەناویاندا ڕووبەری سەوزایی لە سۆران ٣.٨١٪ و لە زاخۆ ٣.٤٩٪ دەبێت، هەروەها ڕووبەری سەوزایی لە کەلار ٢.١٣٪ و لە شاری کۆیە ٢.١٩٪ دەبێت. لە بەرزترین ئاستدا ڕووبەری سەوزایی لە قەزای شەقڵاوە دێت کە گەیشتووەتە ٢٠.١٦٪.
وا دەردەکەوێت ڕاگەیاندنی داتای جیاواز لە دەستنیشانکردنی ڕووبەری سەوزایی لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە، بە ڕەچاوکردنی ڕووبەری داپۆشراو بە گوڵ و چیمەن بێت، کە لە پرسی گۆڕانی کەشوهەودا گرنگییەکی ئەوتۆ نابەخشێت.