Site icon Zed Press

٢٠٠ پڕۆژەی نوێ لە چوارچێوەی “ڕێککەوتنی چینی” لە عێراق جێبەجێ دەکرێن

ئەنجوومەنی بازرگانی عێراقی – چین زیاتر لە 200 پڕۆژەی نوێی ئاشکرا کرد، کە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان عێراق و چین لە داهاتوودا جێبەجێ دەکرێن.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

حەیدەر ڕوبەیعی سەرۆکی ئەنجوومەنەکە، بە میدیاکانی عێراقی ڕاگەیاندووە، زیاتر لە ٢٠٠ پڕۆژەی نوێ لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی چین و عێراق لە داهاتوودا جێبەجێ دەکرێن و لە بەرانبەردا عێراق ١٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بۆ چین دابین دەکات و دواتریش بۆ ١٥٠ هەزار بەرمیل بەرز دەبێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە: “ئەو پارەیەی عێراق لە چین کە لە ئەنجامی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەدا هاتووەتە ئاراوە بە پێنج ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت”.

عێراق و چین لەژێر ناونیشانی “نەوت بەرانبەر بونیادنان و ئاوەدانکردنەوە” ڕێککەوتنەکانیان دەستپێکردووە.

ڕوبەیعی لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێ: “لیژنەکە پێشنیازی بۆ باڵیۆزی چین لە عێراق کردووە، بانگهێشتی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیران بکات بۆ چین بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات”.

جەختی لەوەش کردووەتەوە، کە ژمارەیەک لە بانکەکانی ئیسلامی عێراقی، شام، بانکە نیشتمانییەکان، زەین عێراق، بانکی نێودەوڵەتیی عێراق و بانکەکانی ئاشوور و گەشەپێدان خواستی خۆیان دەربڕیوە بە کردنەوەی هەژماری هاوبەش لەگەڵ هاوتا چینییەکان و کۆمەڵەکە نامەیەکی بۆ باڵیۆزخانەی چین ناردووە بۆ هەڵبژاردنی یەکێکیان.

کۆمپانیا چینییەکان تا دێت ئامادەییەکی بەرفرەوانتر لە کەرتی نەوت و بوارە جیاجیاکانی دیکەی بازرگانی و وەبەرهێنان لە عێراق پەیدا دەکەن. لە هەرێمی کوردستانیش، سەرمایەی کۆمپانیا چینییەکان لە کەرتەکانی وەبەرهێناندا، تا ساڵی ڕابردوو گەیشتووەتە پێنج ملیار دۆلاری ئەمریکی، بەگوێرەی داتا فەرمییەکانی دەستەی وەبەرهێنانی کوردستان.

Exit mobile version