Site icon Zed Press

بانکی بازرگانیی عێراق هاووڵاتییانی کوردستان لە دۆلار بە نرخی فەرمی بێبەش دەکات

بانکی ناوەندیی عێراق بۆ هەر گەشتیارێک کە لە فڕۆکەخانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان گەشتی دەرەوە دەکەن، بە نرخی بانکی ناوەندی ئاڵوگۆڕی دینار بە دۆلار دەکات، بەڵام تەنیا ژمارەیەکی سنوردار لە گەشتیارانی هەرێمی کوردستان لەو ئاڵوگۆڕەدا سوودمەند دەکرێن، لەکاتێکدا سەرجەم گەشتیارانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق لە پڕۆسەکە سوودمەند کراون.

 

بەگوێرەی ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق، هەر گەشتیارێکی عێراق و هەرێمی کوردستان کە گەشتی دەرەوەی وڵات دەکات، بڕی سی هەزار دۆلاری ئەمریکی، بە نرخی بانکی ناوەندی ئاڵوگۆڕی دینار بە دۆلاری بۆ دەکرێت. پڕۆسەکە لە ڕێگەی بانکی بازرگانیی عێراق و بانکە حکوومییەکانی دیکە بەڕێوە دەچێت. سەرەتا، گەشتیارەکە سەردانی یەکێک لە لقەکانی ئەو بانکانە دەکات و پارەکەی بە دینار ڕادەستی بانک دەکات، پاشان لە ڕۆژی گەشتەکەیدا و لەو فڕۆکەخانەیەی کە گەشتەکەی تێدا دەکات، دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندی وەردەگرێت.

 

ئەو گەشتیارییانەی لەهەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانییەوە گەشتی دەرەوە دەکەن، بۆ ئاڵوگۆڕەکە سەردانی لقەکانی بانکی بازرگانیی عێراق دەکەن، بەڵام بەگوێرەی بەدواداچوونی زێدپرێس بانکی بازرگانیی عێراق، ڕۆژانە لە هەر لقێکدا مامەڵەی تەنیا لە نێوان (٢٠ تا ٢٥) گەشتیار ڕایی دەکات، بەو جۆرەیش تەنیا ژمارەیەکی زۆر کەم لە گەشتیارانی هەرێمی کوردستان لە پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی دینار بە دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندیی عێراق سوودمەند دەبن.

 

محەمەد حوسێن، شارەزا و شرۆڤەکاری ئابووری لەوبارەیەوە ئاماژە بەوە دەکات، ڕاییکردنی مامەڵەی ٢٠ کەسێک لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی، لەکاتێکدایە، کە لە فڕۆکەخانەکانی بەسڕە و بەغدا و نەجەف، دابینکردنی دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندی، بێسنوورە بۆ هەموو ئەو کەسانەی بەپێی ڕێنماییەکان مافی سوودمەندبوونیان هەیە لە وەرگرتنی دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندیی.

 

زیاتر دەڵێ: “ئەمە جیاکارییەکی ڕوون و ئاشکرایە لە دژی خەڵکی کوردستان و هەموو ئەو هاووڵاتییە عێراقییانەی لە سلێمانی و هەولێرەوە گەشتی دەرەوەی وڵات دەکەن، ئیتر بەمەبەستەوە بێت یان لەبەر هەر هۆکارێکی تر. ئینجا پێشێلکردنێکی ئاشکرای دەستووری هەمیشەیی عێراقە و کاتی ئەوەیە نوێنەرەکانی کوردستان لەسەری بێنە دەنگ”.

 

ئەو شرۆڤەکارە، لە وتارێکدا کە لە زێدپرێس بڵاوکراوەتەوە، ڕوونی دەکاتەوە، یەک دۆلار بە نرخی فەرمی لە فڕۆکەخانەکانی عێراق بە هەزار و ٣٢٠ دینار ئاڵوگۆڕ دەکرێت، لەکاتێکدا دۆلار بە نرخی بازاڕ، بە هەزار و ٥٠٠ دینار ئاڵوگۆڕ دەکرێت و جیاوازییەکە نزیکەی ١٣.٦٪ی بەهای هەموو پارەکەیە. لەکاتێکدا بەشی گەشتیارێک لە دۆلاری فەرمی ئەگەر سێ هەزار دۆلار بێت، بۆ هەر کەسێک ٥٤٠ هەزار دینار قازانج دەکات لە هەر گەشتێکدا، “کە خەڵکی ناوچەیەکی عێراق بێسنوور دەرفەتی سوودوەرگرتنیان هەیە لەم ئاڵوگۆڕەی دراو و هیی ناوچەیەکی تر بێ بەشدەکرێت، ئەمە تاوانە”.

 

زیاتر دەڵێ: “بەگشتی بێبەشکردنی خەڵکی کوردستان لە دۆلار بە نرخی فەرمی سەردەکێشێت بۆ زۆر گومان و پرسیار لەسەر کۆی گشتی پڕۆسەکە”.

 

بەگوێرەی بەدواداچوونی مەیدانی زێدپرێس، لە هەردوو لقی سەرەکی بانکی بازرگانیی عێراق لە هەولێر و هەروەها لقی دووەمی بانکەکە لەناو ماجدی مۆڵ، دەرکەوت ڕۆژانە لە هەر کام لەو لقانەدا، مامەڵەی نزیکەی (٢٥) گەشتیار ڕایی دەکرێت، بەڵام هەر گەشتیارێک دەبێت لەماوەی (٧٢) کاتژمێری پێش گەشتەکەی لەبەردەم بانکەکە ئامادە بێت بۆ ڕاییکردنی پڕۆسەکە.

 

لە بەدواداچوونی مەیدانی زێدپرێسدا دەرکەوت، کاتێک گەشتیار بەمەبەستی وەرگرتنی دۆلار بە نرخی فەرمی، سەردانی هەرکام لە لقەکانی بانکی بازرگانیی عێراق دەکات، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی بانکەکەوە پێی دەگوترێت کە پێویست دەکات لە دوو ڕۆژی پێش گەشتەکەیەوە، لەبەردەم بانک ئامادە بێت، بەڵام بەهۆی هەبوونی داخوازییەکی زۆر لەلایەن گەشتیارانەوە، کە بەمەبەستی ئاڵوگۆڕی دۆلار بە دینار بە نرخی فەرمی سەردانی بانکەکە دەکات، پێویستە گەشتیارەکە لە شەوی پێشترەوە لەبەردەم بانکەکە نۆرە بگرێت.

 

لە هەردوو لقەکەی بانکی بازرگانیی عێراق کە نێردراوی زێدپرێس لە ڕۆژانی چوارشەم و پێنجەمی هەفتەی ڕابردوو بەدواداچوونی کرد، کاتێک گەشتیار بۆ نۆرەگرتن لەبەردەم بانکەکە دەوەستێت، دەبێت چاوەڕوانی چەند کەسێکی نەناسراو بکات، تا ئەو کەسانە لە ڕێگەی چاودێریکردن و تێبینیکردنەوە دەچنە لای ئەو گەشتیارانەی لە چاوەڕوانیاندان و دوای دۆزینەوەیان، بەرانبەر بڕێک پارە کە وەک بەرتیل لە گەشتیارەکانی داوا دەکەن، ناوەکانیان دەخەنە نۆرەی بانکەوە.

 

زێدپرێس لەبەردەم هەر یەک لە لقەکانی بانکی بازرگانیی عێراق، چاوی بە ژمارەیەک لەو گەشتیارانە کەوت، کە لە چاوەڕوانی کەسە نەناسراوەکاندا بوون. سەرجەمیان لەلایەن دەستەی بەڕێوەبەرایەتی بانکەکەوە، ئاڕاستە کرابوون بۆ ئەو (نۆرەگرتن)ە لە شەقامی بەردەم بانکەکەدا و لەوێش لە چاوەڕوانی ئەو کەسانەی وەک دەردەکەوێت بە ڕێککەوتن لەگەڵ بەڕێوەبەرانی بانکەکە و بە پێدانی بەرتیل، ناوی گەشتیارەکان دەخەنە لیستی ڕاییکردنی مامەڵەکەیان لەلایەن بانکەکەوە.

 

وەک محەمەد حوسێن شارەزا و شرۆڤەکارە ئابوورییەکە دەڵێ ئەو جیاکارییەی لە پڕۆسەیەدا و لە بەرانبەر هاووڵاتییان و گەشتیارانی هەرێمی کوردستان دەکرێت: “دەبێتە فاکتەرێک بۆ تێکدانی هاوسەنگی نێوان خواست و خستنەڕوی دۆلار لە کوردستان. ئەوەی لە فڕۆکەخانەکان دۆلاری دەست ناکەوێت دێت لە بازاڕە ڕەشەکەدا دەیکڕێت، لە دواجاردا دۆلار گران دەکەن. ئینجا دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی گەشتیاریش لە فڕۆکەخانەکانی سلێمانی و هەولێر و لە زۆر ڕووەوە زیانی دەبێت بۆ ئابووری و بازاڕی کوردستان”.

 

“بانکی ناوەندیی عێراق و هەموو بانکەکانی تریش دەبێت بە یەک دوورایی سەیری هەموو فڕۆکەخانە و ناوچەکانی عێراق بکەن، نەک لە شوێنێک خزمەتگوزارییەکەیان بۆ هەزاران کەس بێت و لە شوێنێکیش تەنها ٢٠ کەس. ئەم جیاکارییە ئەگەر بەهۆی گەندەڵییەوە بێت، یان سیاسەت، هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە پێشێلکردنێکی ئاشکرای مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستانە”، شارەزا ئابوورییەکە وای گوت.

 

Exit mobile version