لیژنەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق، بە سەرۆکایەتی بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور، ڕاپۆرتێکی لەمەڕ توانا و ئاستی بەرهەمهێنانی کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ حکوومەتی عێراق ئامادە کرد، دوای سەردانیکردنی مەیدانی بۆ هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکە، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستاندا بۆ تەنیا ٨١ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە لە کورتی داوە، ئەوەش بەدوای ئەو هێرشە درۆنییانەی لەماوەی ڕابردوودا بەشێک لە کێڵگەکانی نەوتیان بەئامانج گرت.
لەماوەی چەند ڕۆژێکدا زنجیرەیەک هێرش لە ڕێگەی درۆنی بۆمبڕێژکراوە کرایە سەر ژمارەیەک لە کێڵگەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستاندا، لەناویاندا کێڵگەکانی تاوکێ و پیشخابوور لە دەڤەری زاخۆ، کێڵگەکانی شێخان و عەین سفنی لە سنووری شارۆچکەی شێخانی سەر بە پارێزگای دهۆک، کێڵگەی خورمەلە لە سنووری پارێزگای هەولێر و کێڵگەی سەرسەنگ لە پارێزگای دهۆک.
جگە لە کۆمپانیاکانی وەک دی ئێن ئۆ و ئێچ کەی ئێن کە ڕاستەوخۆ کێڵگەکانیان بە ئامانج گیرابوون، چەند کۆمپانیای دیکەیش لەناویاندا گەڵف کیستۆن بەرهەمهێنانیان بەشێوەی کاتی ڕاگرت، ئەوەش لەپێناو پاراستنی سەلامەتی کارمەندەکانیان، وەک ئەوەی لە ڕاگەیەندراوە فەرمییەکاندا ئاماژەیان بۆ کردووە.
کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکۆر) کە نوێنەرایەتی کۆمپانیا بیانییە بەرهەمهێنەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات، ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە، هەرێمی کوردستان ٢٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی لەدەست داوە.
کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەکاتێکدایە، لە بەگوێرەی ئەو دەقەی وەک ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسندکراوە، ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەستراوەتەوە بە گەیشتنی ٢٣٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان بە سۆمۆ، ئەوەش لەمپەرێک لەبەردەم ناردنی مووچە دروست دەکات.
ڕۆژی ٢٠ی تەممووزی ٢٠٢٤، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانەی گوتارێک کە لە مەراسیمی کردنەوەی پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاوی هەولێر پێشکەشی کرد، ئاماژەی بەوە کرد، کە لەلایەن بەغداوە خاڵێکی دیکە بۆ ئەو لەیەکترتێگەیشتنە دروستکراوە کە لە نێوان هەردوو حکوومەتی عێراق و کوردستان هەبووە و لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی لەسەر دراوە. ئەویش ناردنی مووچە، دوای گەیشتنی ٢٣٠ هەزار بەرمیل نەوتەکە بە سۆمۆ.
مەسرور بارزانی، نیگەرانی بەرانبەر بەزیادکردنی ئەو بڕگەیە پیشان دا و گوتی، لەلایەک داوای ٢٣٠ هەزار بەرمیل نەوت دەکەن و لەلایەکی دیکە تیرۆریستان هێرشی درۆنی دەکەنە سەر کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان و بڕی بەرهەم لە کورتی دەدات یان نامێنێت.
هەمان ڕۆژ، لە کۆبوونەوە لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی عێراق، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە کەی یان چۆن دەست بە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکەن، بەڕوونی ئاماژەی بەوە کردبوو، کە ناردنی مووچە، دوای وەرگرتنی ٢٣٠ هەزار بەرمیلەکە لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆوە دەست پێدەکات.

