لەماوەی مانگی تەممووزدا، کۆمپانیای سۆمۆ زیاتر لە ١٠٤ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کردووە، داهاتی نەوت لەو مانگەدا زیاتر لە حەوت ملیار دۆلار بووە.
وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەم، ٢٨ی ئابی ٢٠٢٥، لە ڕاگەیەندراوێکدا، بڕی هەناردە و داهاتی نەوتی بۆ مانگی تەممووزی ئەمساڵ ئاشکرا کرد.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، پاڵپشت بە داتاکانی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق- سۆمۆ، قەبارەی هەناردەکردنی نەوتی خاوی عێراق گەیشتووەتە ١٠٤ ملیۆن و ٧٥٠ هەزار و ٧٨٨ بەرمیل؛ داهاتی بەدەستهاتوو لەو مانگەدا زیاتر لە حەوت ملیار و ١٨٤ ملیۆن و ٨٠٤ هەزار دۆلار بووە.
وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوە کردووە، کۆی گشتی بڕی هەناردەکراوی نەوتی خاو بۆ مانگی تەممووزی ڕابردوو لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق گەیشتووەتە ١٠٤ ملیۆن و ٢٥٥ هەزار و ١٤٣ بەرمیل، لەپاڵ بڕی ٤٩٥ هەزار و ٦٤٥ بەرمیل نەوتی دیکە کە لە کێڵگەی گەیارەوە هەناردە کراوە.

