بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی کارەبا، زۆرینەی هاووڵاتیان لە مانگی چوار ماوەی خوولی پسوولەکەیان نزیکەی ٤٠ ڕۆژە. لەم مانگەدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند بڕی سێ ملیار دیناری وەک داشکاندن گەڕاندەوە بۆ هاوبەشانی ماڵان وەک بەشێک لە ڕێکارە بەردەوامەکانی ڕاستکردنەوەی پڕۆسەی پسوولەکردن.
خشتەی یەکەم: نیوەی ماڵان لە پڕۆژەی ڕووناکی کەمتر لەم بڕانەی خوارەوەیان بەکارهێناوە و بۆیان گەڕاوەتەوە لە مانگی چوار
بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، تاوەکو ئەمڕۆ، زیاتر لە ٩٠٪ی هاووڵاتیانی کوردستان کارەبای ٢٤ کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە لەڕێگای پڕۆژەی ڕووناکی.
حکوومەتی هەرێم ئاماژەی بەوە کردووە، بەپێی نرخە نوێیەکان، ٨٠٪ی هاووڵاتیان، بەتایبەتی کەمدەرامەتان، بەردەوام پارەیەکی کەمتر دەدەن لە جاران بە بەراورد بەو پارەیەی پێشتر دەیاندا بۆ کارەبای مۆلیدە و کارەبای نیشتمانی.
مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤ سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی، پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند. دواتر لە مانگی ئایاری ئەمساڵ، ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەکۆی دەنگ لەسەر نرخە نوێیەکانی کارەبا بڕیاریدا لەچوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکی بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان تاوەکو کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ هەموو ماڵ و شوێنە بازرگانییەکانی کوردستان دابین دەکات تاوەکو کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦.

