چاوەڕوان دەکرێت لەم هەفتەیە وەزارەتی کارەبا بە فەرمی بڕیاری لێخۆشبوونی قەرزی کارەبای پێش پڕۆژەی ڕووناکی ڕابگەیەنێت؛ بڕیارێک کە بە پێی زانیارییەکان، داشکانێکی ڕاستەوخۆ بە ڕێژەی 50% بۆ ماڵان و هاوبەشە کشتوکاڵییەکان، و 25% بۆ هاوبەشە بازرگانی و پیشەسازییەکان دابین دەکات.
بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، وەزارەت لە ماوەی دوو بۆ سێ ڕۆژی داهاتوودا ڕێنمایی و ڕێکارە جێبەجێکارییەکان، هەروەها ڕێکەوتی دەستپێکردنی پرۆسەی لێخۆشبوون، بە فەرمی ئاشکرا دەکات.
بڕیارە پرۆسەکە لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە دەست پێ بکات و بۆ ماوەی پێنج هەفتە بەردەوام بێت. لە ماوەی ئەم هەڵمەتی لێخۆشبوونەدا، خاوەن قەرزەکان تەنها نیوەی بڕی قەرزی خۆیان دەدەنەوە، بەڵام بۆ هاوبەشە بازرگانی و پیشەسازییەکان ئەم داشکانە بە ڕێژەی 25% دەبێت.
زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لێخۆشبوونەکە بە شێوەی ڕاستەوخۆ جێبەجێ دەکرێت، نەک وەک باڵانسی هەژمار بۆ مانگەکانی داهاتوو. بۆ نموونە، ئەگەر هاووڵاتییەک یەک ملیۆن دینار قەرزدار بێت، تەنها 500 هەزار دینار دەداتەوە. بەڵام مەرجی سوودمەندبوون لەم داشکانە ئەوەیە کە تەواوی بڕەکە بە یەک جار بدرێت، چونکە پارەدان بە قیست ناخرێتە خانەی ئەم بڕیارەوە.
هاووڵاتیان دەتوانن بڕی قەرزەکەیان بە شێوەی ئەلیکترۆنی، لە ڕێگەی سیستەمەکانی ئی-پسوولە، کارتی هەژماری من، FIB، FastLink و ئاسیا حەواڵە بپارێزن، یان بە ئامادەبوون لە فەرمانگەکانی کارەبا و پێدانی پارەی کاش بە کارمەندانی یەکەکانی وەزارەت.
ئەم لێخۆشبوونە تەنها قەرزی کۆنی کارەبا، واتە قەرزەکانی پێش دەستپێکردنی پڕۆژەی ڕووناکی، دەگرێتەوە و هیچ پەیوەندییەکی بە پارەی کارەبای پڕۆژەی ڕووناکیی ئێستا نییە. بۆیە ئەو هاوبەشانەی قەرزی پڕۆژەی ڕووناکیان هەیە، پێویستە بڕەکەیان بە خێرایی بدەنەوە.
بۆ زانینی بڕی قەرزی کۆن، هاووڵاتیان دەتوانن سەیری دوایین پسوولەی کارەباکەیان بکەن، کە بڕی «قەرزی کۆن – پێش ڕووناکی» لەسەری تۆمار کراوە، یان پەیوەندی بە هێڵی گەرمی پڕۆژەی ڕووناکی لە ژمارەی 1992 بکەن و بە پێدانی ژمارەی هەژماری کارەباکەیان، زانیاریی تەواوی قەرزەکەیان وەربگرن.
لە هەمان کاتدا، تیمی پڕۆژەی ڕووناکی هۆشداری داوە کە ئەم هەنگاوە دەرفەتێکی کاتییە و هێشتا هیچ بڕیارێک بۆ دووبارەکردنەوەی لێخۆشبوونی 50% یان درێژکردنەوەی ماوەی پێنج هەفتەییەکە نەدراوە. بەپێی تیمەکە، ئامانجی ئەم هەنگاوە کەمکردنەوەی بارە داراییەکانی هاووڵاتیان و لە هەمان کاتدا دابینکردنی داهاتێکی پایداری پڕۆژەکەیە، بۆ ئەوەی بتوانرێت کارەبای 24 کاتژمێری بەردەوام دابین بکرێت و پێویست نەکات دووبارە پشت بە کارەبای مۆلیدە ببەسترێت.

