وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە هەنگاوێکی ناوازەدا داشکاندنێکی یەکجارەیی بە ڕێژەی تا ٥٠٪ بۆ قەرزی کۆنی کارەبا، پێش جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕووناکی، جێبەجێ دەکرێت. ئەم هەڵمەتی داشکاندنە لە ٣ی ئاب تا ١٠ی ئەیلولی ٢٠٢٦ بەردەوام دەبێت.
بەپێی ڕاگەیەنراوی وەزارەت، ئەم ئاسانکارییە تەنها قەرزە کۆنەکانی پێش پڕۆژەی ڕووناکی دەگرێتەوە و هیچ پەیوەندییەکی بە پارەی پسوولەکانی پڕۆژەی ڕووناکی نییە.
وەزارەت ئاماژەی بەوە کردووە کە بۆ سوودمەندبوون لە داشکاندنەکە، هاوبەشان پێویستە تەواوی بڕی قەرزی داشکێندراو بە یەکجار بدەنەوە، چونکە پارەدان بە قیست لەخۆ ناگرێت.
بە پێی پلانی جێبەجێکردن، ٥٠٪ی داشکاندن بۆ هەموو هاوبەشانی ماڵان و کشتوکاڵ دابین کراوە، لە کاتێکدا ٢٥٪ داشکاندن بۆ هاوبەشانی پیشەسازی، بازرگانی و میری جێبەجێ دەکرێت، بەڵام ئەو هاوبەشانەی فیدەری تایبەتیان هەیە لەم بڕیارە بەدەرن.
وەزارەتی کارەبا هەروەها ڕایگەیاندووە کە وەک بەشێک لە ئامادەکارییە تەکنیکییەکان، خزمەتگوزاری پارەدان لە ڕێگەی ئی-پسوولە و هۆبەکانی فرۆشیاری ووزە، لە نێوان ٣٠ی تەمموز تا ٣ی ئاب بە شێوەی کاتی ڕادەگیرێت. بۆیە داوای لە هاوبەشان کردووە پارەی پسوولەکانی پڕۆژەی ڕووناکی پێش ٣٠ی تەمموز بدەن، بەر لە وەستاندنی کاتی خزمەتگوزارییەکە.
بەپێی وەزارەت، ئەم ڕێکخستنە بۆ ئەوەیە سیستەمی ٥٠ ڕۆژی پارەدانی پسوولەی کارەبا بە دادپەروەری لەنێوان هەموو هاوبەشاندا جێبەجێ بکرێت و هەمووان بە یەک شێوە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.
وەزارەت جەختی لەسەر ئەوەش کردووەتەوە کە ئەم داشکاندنە دوایین دەرفەتی یەکجارەیی بۆ لێخۆشبوون لە بەشێک لە قەرزی کۆنی پێش ڕووناکییە. بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، لەگەڵ نزیکبوونەوەی تەواوبوونی پڕۆژەی ڕووناکی، پێویستە هاوبەشان پابەندبن بە پارەدانی پسوولەکان لە وادەی خۆیاندا، بۆ ئەوەی سیستەمی دابینکردنی کارەبا بە شێوەیەکی بەردەوام و دادپەروەرانە بەردەوام بێت.

