حکوومەتی فیدراڵیی عێراق گەیشتنی بارێکی نوێی دۆلاری کاشی ئەمریکی بۆ وڵاتەکە ڕاگەیاند، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی بازاڕی ناوخۆ لە دراوی بیانی و پاراستنی سەقامگیریی دارایی.
حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق لە لێدوانێکی فەرمیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراق (واع) ڕایگەیاند: “ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، کاروانێکی نوێی دۆلاری کاش گەیشتووەتە عێراق”. ناوبراو ڕوونی کردەوە کە ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی ئەو لێکتێگەیشتنە بەردەوامانەدایە کە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کراون، بە مەبەستی دڵنیابوون لە بەردەوامیی هاتنی دراوی بیانی بەپێی سیاسەتە پەسندکراوەکان.
گەیشتنی ئەم کاروانە نوێیە دوای ئەوە دێت کە پێشتر سەرۆک وەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی، لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ واشنتن لەگەڵ لایەنی ئەمریکی گەیشتبووە ڕێککەوتن بۆ بەردەوامبوونی ناردنی دۆلار بۆ بەغدا.
گوتەبێژی حکوومەت ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم لێکتێگەیشتنە داراییە، بەرئەنجامی ئەو پێشکەوتنە بەرچاوەیە کە عێراق لە ماوەی ڕابردوودا لە پتەوکردنی سیستمی چاودێری بەسەر دابەشکردنی دۆلار، ڕێکخستنی شێوازی بەکارهێنانی و ڕێگریکردن لە خراپ بەکارهێنانی دراوی بیانی بەدەستی هێناوە. هاوکات فراوانکردنی ئامرازەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی و هەنگاونان بەرەو ئابووری دیجیتاڵی، متمانەی زیاتری لایەنی نێودەوڵەتی بە سیستمی بانکیی عێراق بەخشیوە.
چاودێرانی ئابووری پێیان وایە کە گەیشتنی ئەم کاروانە کاشە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی گوشارەکانی سەر بازاڕی دراو و دابەزاندنی نرخی دۆلار بەرانبەر بە دیناری عێراقی لە بازاڕەکاندا.

