مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە فەرمانێکی فەرمیدا وەزارەتی دارایی و شاندی دانوستانکاری هەرێمی ڕاسپارد کە کار بکەن بۆ جێگیرکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی خەرجییە سیادییەکانی بودجەی گشتیی فیدراڵیدا.
بەپێی نووسراوێکی فەرمیی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بە ژمارە (12,649) کە لە ڕێکەوتی 6ی تشرینی یەکەمی 2026 دەرچووە، جەخت لەوە کراوەتەوە کە هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی پشکی خۆیەوە لە بودجەی فیدڕاڵی، بەشداریی ڕاستەوخۆ دەکات لە دابینکردنی خەرجییە سیادییەکان، کە پێویستە خەرجییەکانی هێزی پێشمەرگەش بگرێتەوە.
سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوە کردووە کە پێویستە لە دانوستانەکانی پەیوەست بە بودجەی فیدراڵیی ساڵی 2027، کار بۆ ئەوە بکرێت کە مووچە، دەرماڵە، پڕۆژەکان، ڕاهێنان و پڕچەککردنی هێزەکانی پێشمەرگە بە پێوەرێکی یەکسان و هاوشێوەی هاوتاکانیان لە هێزە ئەمنییەکانی تری حکومەتی فیدراڵی دابین بکرێت.
لە بەشێکی تری فەرمانەکەدا، جەخت لەسەر پێویستیی دروستکردنی هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کراوەتەوە. ئەمەش بە مەبەستی داکۆکیکردن لەم مافە دەستوورییە لە قۆناغەکانی ئامادەکردن و پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027 لە بەغدا.
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە دۆسیەی مووچە و شایستە داراییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە هەمیشە یەکێک بووە لە تەوەرە سەرەکی و جێی مشتومڕەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، و ئەم بڕیارەش وەک هەنگاوێکی یاسایی نوێی هەرێم دادەنرێت بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانی ئەو هێزانە.

