فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نوێترین ئامار و وردەکاریی تایبەت بە پڕۆسەی دیجیتاڵکردنی مووچە و دابەشکردنی کارتی بانکی لە چوارچێوەی پڕۆژەی نیشتمانیی “هەژماری من” بڵاوکردەوە. بەپێی داتاکان، پڕۆژەکە قۆناغی زۆر پێشکەوتووی بڕیوە و توانیویەتی زۆرینەی ڕەهای مووچەخۆرانی هەرێم بخاتە ناو سیستەمی بانکییەوە.
بەپێی ڕاپۆرتە فەرمییەکە، ئاستی تۆمارکردنی سەرجەم مووچەخۆران گەیشتووەتە 99%، کە دەکاتە 1.14 ملیۆن مووچەخۆری تۆمارکراو. لەم ڕێژەیەش:
کارتە دابەشکراوەکان: یەک ملیۆن مووچەخۆر (واتە 94%ـی کارتەکان) بە سەرکەوتوویی وەرگیراونەتەوە.
وەرگرتنی مووچەی دیجیتاڵی: پڕۆسەکە ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی هەبووە، بە جۆرێک بۆ مووچەی مانگی ئەیلوول، 1.02 ملیۆن مووچەخۆر (کە دەکاتە 90%ـی کۆی گشتی) مووچەکانیان بە شێوازی دیجیتاڵی و لە ڕێگەی کارتەوە وەرگرتووە.
ژێرخانی بانکی: بۆ ئاسانکاریی مووچەخۆران، لە ئێستادا نزیکەی 800 ئامێری ڕاکێشانی پارە (ATM) لە 200 شوێنی جیاواز جێگیر کراون.
ڕاپۆرتەکە ئاشکرای دەکات کە فەرمانبەرانی مەدەنی پشکی شێریان لە وەرگرتنی مووچەی دیجیتاڵی بەرکەوتووە. کۆی گشتیی ئەو کەسانەی ئێستا بەشێوەی دیجیتاڵی مووچە وەردەگرن 1,016,290 کەسن و بەم شێوەیە دابەش بوون:
فەرمانبەرانی مەدەنی: 398,293 سوودمەند (39.2%)
خانەنشینان: 313,844 سوودمەند (30.9%)
هێزە سەربازییەکان: 237,763 سوودمەند (23.4%)
بنەماڵەی شەهیدان: 66,390 سوودمەند (6.5%)
لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، پارێزگای هەولێر لە پلەی یەکەم و پارێزگای سلێمانی لە پلەی دووەم دێت لە ڕووی ژمارەی ئەو مووچەخۆرانەی هاتوونەتە ناو سیستەمەکەوە:
هەولێر: 422,130 سوودمەند (%41.5)
سلێمانی: 372,194 سوودمەند (%36.6)
دهۆک: 196,741 سوودمەند (%19.4)
هەڵەبجە: 25,225 سوودمەند (%2.5)
ئەم هەنگاوە وەک بەشێک لە چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەیر دەکرێت بۆ شەفافیەت لە دابەشکردنی مووچە، کەمکردنەوەی ڕۆتین و بەهێزکردنی کەرتی بانکی و پاشەکەوتی هاووڵاتیان لە هەرێمی کوردستاندا.

