وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکی فەرمیدا کە لە ١٧ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ بڵاوکراوەتەوە، ئامار و داتای وردی دەربارەی پشکی ڕاستەقینەی هەرێمی کوردستان لە بوودجەی گشتیی عێراق لە ماوەی ١٢ ساڵی ڕابردوودا (له نێوان ساڵانی ٢٠١٤ تا ٢٠٢٥) ئاشکرا کرد. داتاکان نیشان دەدەن کە حکوومەتی فیدراڵ پابەند نەبووە بە ناردنی پشکی یاسایی هەرێم و تەنها ڕێژەیەکی کەمی ڕەوانە کردووە.
پشکی کرداریی هەرێم لە بوودجەی عێراق
بەپێی ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی دارایی، تێکڕای ڕێژەی کرداریی نێردراو لە بوودجەی گشتیی عێراق دوای لێبڕینەکانی تایبەت بە (سەروەری، قەرز و پابەندییەکانی تر) بۆ هەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە، تەنها ٤.٢٪ بووە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە دەبوو بەپێی یاسا پشکی هەرێم لە نێوان ١٢.٦٧٪ بۆ ١٧٪ی بوودجەی گشتیی عێراق بێت.
بڕی پارەی نێردراو و کورتهێنانی مووچە
وەزارەتی دارایی لە ڕووی داراییەوە ئاستی تەمویلکردنی پارەکەی بەم شێوەیە ڕوون کردووەتەوە:
کۆی پارەی نێردراو: لەو ١٢ ساڵەدا وەزارەتی دارایی فیدراڵ تەنها ٤١ ترلیۆن و ٤٢ ملیار دیناری خستووەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم.
شایستەی ڕاستەقینە: ئەم تەمویلە لە کۆی ٢١٢ ترلیۆن و ٧٦١ ملیار دینار بووە کە دەبوو بۆ هەرێم بنێردرێت.
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونیکردووەتەوە، ئەم بڕە پارەیەی بەغدا ناردوویەتی، تەنها بەشی تەمویلکردنی ٤٦ مووچەی فەرمانبەران و سوودمەندانی هەرێمی کوردستانی کردووە لە کۆی ١٤٤ مووچە کە لەو ماوەیەدا شایستە بوون.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە ساڵانی ٢٠١٤، ٢٠٢٠، و ٢٠٢٢دا، حکوومەتی فیدراڵ بەهۆی نەبوونی یاسای بوودجەوە، ئەو پارەیەی بۆ هەرێمی کوردستانی ناردووە وەک قەرز هەژماری کردووە، تا دواتر لەگەڵ پەسەندکردنی یاسای بوودجەی گشتی لە پشکی هەرێمی ببڕێتەوە.
لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا، وەزارەتی دارایی سەرنجی خستووەتە سەر داتاکانی وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵی کە لە ساڵی ٢٠٢٤دا بڵاوکراونەتەوە. بەپێی ئەنجامەکانی سەرژمێریی دانیشتووان، دەبێت لەمەودوا پشکی یاسایی و ڕاستەقینەی هەرێمی کوردستان بکرێتە ١٤.١٤٪ی کۆی گشتیی بوودجەی گشتیی عێراق.
لە پاشکۆی ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، خشتەیەکی دارایی ورد بڵاوکراوەتەوە کە تەمویلکردنی ساڵانەی پشکی هەرێم لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە لە ماوەی ١٢ ساڵی ڕابردوودا دەخاتە ڕوو. داتاکان نیشانی دەدەن کە چۆن لە چەندین ساڵدا پڕۆسەی ناردنی شایستە داراییەکان بەتەواوی ڕاگیراوە یان کەم کراوەتەوە.
ئاماری ساڵانەی تەمویلکردنی کرداری و ڕێژەی لە بوودجەی عێراق:
ساڵی ٢٠١٤: کۆی بوودجەی عێراق ١٧١.٨ ترلیۆن دینار بووە؛ تەنها ٢.٢٨ ترلیۆن دینار بۆ هەرێم نێردراوە (ڕێژەی ١.٣٣٪)، کە بەشی ٣ مووچهی کردووە.
ساڵی ٢٠١٥: کۆی بوودجەی عێراق ١١٩.٤ ترلیۆن دینار بووە؛ ٢.٤٧ ترلیۆن دینار نێردراوە (ڕێژەی ٢.٠٧٪)، کە بەشی ٣ مووچەی کردووە.
ساڵانی ٢٠١٦ و ٢٠١٧ (سەردەمی بڕینی تەواوەتی): لە کۆی بوودجەی گشتیی عێراق (کە نزیکەی ١٠٥ و ١٠٧ ترلیۆن دینار بووە)، هیچ بڕە پارەیەک (٠ دینار – ٠.٠٠٪) بۆ هەرێمی کوردستان نەنێردراوە و هیچ تەمویلێک بۆ خەرجکردنی مووچە ئەنجام نەدراوە.
ساڵی ٢٠١٨: کۆی بوودجەی عێراق ١٠٤.١ ترلیۆن دینار بووە؛ ٢.٨٥ ترلیۆن دینار نێردراوە (ڕێژەی ٢.٧٤٪)، کە بەشی ٣ مووچەی کردووە.
ساڵی ٢٠١٩: کۆی بوودجەی عێراق ١٣٣.١ ترلیۆن دینار بووە؛ بەرزترین تەمویلی ساڵانە لەو ماوەیەدا تۆمارکراوە کە ٥.٣١ ترلیۆن دینار بووە (ڕێژەی ٣.٩٩٪)، کە بەشی ٦ مووچەی کردووە.
ساڵی ٢٠٢٠: کۆی بوودجەی عێراق ١٤٨ ترلیۆن دینار بووە؛ ٢.١٨ ترلیۆن دینار نێردراوە (ڕێژەی ١.٤٨٪)، کە بەشی ٣ مووچەی کردووە.
ساڵی ٢٠٢١: کۆی بوودجەی عێراق ١٢٩.٩ ترلیۆن دینار بووە؛ تەنها ١.٢ ترلیۆن دینار نێردراوە (ڕێژەی ٠.٩٢٪)، کە بەشی ١ مووچەی کردووە.
ساڵی ٢٠٢٢: کۆی بوودجەی عێراق ١٢٢ ترلیۆن دینار بووە؛ کەمترین تەمویلی ساڵانە (جگە لە ساڵانی بڕینی تەواوەتی) تۆمارکراوە کە تەنها ٤٠٠ ملیار دینار بووە (ڕێژەی ٠.٣٣٪)، کە تەنها بەشی ١ مووچەی کردووە.
ساڵی ٢٠٢٣: کۆی بوودجەی عێراق ١٩٨.٩ ترلیۆن دینار بووە؛ ٤.٦٩ ترلیۆن دینار نێردراوە (ڕێژەی ٢.٣٦٪)، کە بەشی ٥ مووچەی کردووە.
ساڵی ٢٠٢٤: کۆی بوودجەی عێراق ٢١١.٨ ترلیۆن دینار بووە؛ ١٠.٠٢ ترلیۆن دینار نێردراوە (ڕێژەی ٤.٧٣٪)، کە بەشی ١١ مووچەی کردووە.
ساڵی ٢٠٢٥: کۆی بوودجەی عێراق ٢١١.٨ ترلیۆن دینار بووە؛ ٩.٥٩ ترلیۆن دینار نێردراوە (ڕێژەی ٤.٥٣٪)، کە بەشی ١٠ مووچەی کردووە.
کۆی گشتیی داتاکان (٢٠١٤ – ٢٠٢٥):
کۆی گشتیی بوودجەی بەکارهاتووی عێراق: ١,٧٦٤,١٥٥,٣٤٢,٠٠٠,٠٠٠ دینار (سەروو ١.٧ کوادڕیلیۆن دینار).
کۆی گشتیی ئەو پارەیەی بە کرداری بۆ هەرێم نێردراوە: ٤١,٠٤٢,٣٠٢,٠٠٠,٠٠٠ دینار (زیاتر لە ٤١ ترلیۆن دینار).
تێکڕای ڕێژەی نێردراو بۆ هەرێم لە کۆی بوودجەی عێراق: تەنها ٢.٠٤٪ (کە لە ڕاگەیەنراوەکەدا دوای لێبڕینەکان بە تێکڕای ٤.٢٪ ئەژمار کراوە).
کۆی مووچە تەمویلکراوەکان: لە کۆی ١٤٤ مانگ، تەنها ٤٦ مووچە لەلایەن بەغداوە تەمویل کراوە.

