Site icon Zed Press

مینی دەریایی بە دوو کەشتیی زەبەلاحی نەوت لە گەرووی هورمزدا تەقییەوە

هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، دوو کەشتیی زەبەلاحی نەوتهەڵگر کە پێکەوە زیاتر لە ٤ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاویان گواستووەتەوە، دوای بەرکەوتنیان بە مینی دەریایی لە باشووری گەرووی هورمز بە تەواوی پەککەوتوون. تاران جەخت دەکاتەوە کە ئەم کەشتییانە ڕێوشوێنە دەریاییەکانیان پێشێل کردووە و بە شێوەیەکی ناڕەوا لە دەرەوەی ئەو هێڵە دەریاییەی کە بۆیان دیاری کراوە جووڵاون.

 

بەپێی زانیاریی دەزگا فەرمییەکانی ئێران، تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوەی توند لە ژووری بزوێنەری کەشتییەکاندا ڕووی داوە، ئەمەش وای کردووە دەستەی کەشتییەکان شوێنەکە جێبهێڵن. سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو کەشتییانە بە ئەنقەست سیستەمی دیاریکردنی شوێنیان (GPS) کوژاندووەتەوە و سەرەڕای چەندین هۆشداریی هێزە دەریاییەکان، هەوڵیان داوە لە کەناری باشووری گەرووی هورمزەوە تێپەڕن.

ئەم ڕووداوە لە چوارچێوەی زنجیرەیەک پەرەسەندنی مەترسیداردایە لە گەرووەکە؛ بە جۆرێک تاران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو کە بە گشتی زیاتر لە حەوت کەشتی لەو ئاوە ستراتیژییەدا کراونەتە ئامانج یان بە میندا تەقیونەتەوە.

 

سوپای پاسدارانی ئێران گرتە ڤیدیۆییەکانی ساتی تەقینەوەی کەشتییەکانی بڵاوکردەوە و هۆشدارییەکی توندی ئاڕاستەی سەرجەم کۆمپانیاکانی گواستنەوەی دەریایی کرد. ئێران ڕایگەیاندووە کە “پەیڕەوکردنی ڕێڕەوە دیاریکراوەکانی تاران ناچارکەرانەیە” و هەر کەشتییەک پابەندی ڕێساکان نەبێت یان سیستەمی دۆزینەوەی شوێن بکوژێنێتەوە، بە توندی ڕووبەڕووی دەبنەوە و خۆی بەرپرسیار دەبێت لە ئەنجامی بەرکەوتنی بە مینە دەریاییەکان یان ڕێوشوێنە سەربازییەکان.

 

لایەنەکانی نێودەوڵەتی و چاودێرەکانی وەک دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا (UKMTO) بە وردی چاودێریی بارودۆخەکە دەکەن. لە بەر بەرانبەردا، بەرپرسانی ئەمریکا پێشتر هۆشدارییەکانی ئێرانیان بە هەوڵێک بۆ بەرزکردنەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا و تێکدانی سەقامگیریی وزە وەسف کردووە. کێشەی سەرەکی ئێستا ئەوەیە کە پەککەوتنی ئەم کەشتییانە لە یەکێک لە گرنگترین ڕێڕەوەکانی وزەی جیهان، دڵنیایی گەشتە دەریاییەکانی خستووەتە ژێر پرسیارەوە.

 

 

Exit mobile version