لە پێناو ئاسانکاریکردن بۆ خاوەنکاران و هاندانیان بۆ پابەندبوون بە شایستە داراییەکان، ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی نوێی خستە بواری جێبەجێکردنەوە کە تایبەتە بە لێخۆشبوونی تەواوەتی لە سزاکانی دواکەوتنی بەشدارییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران.
بڕیارەکە بە ژمارە (٣٠٧)ی ڕێکەوتی ١٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦ بە واژۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران دەرچووە، لە ڕێگەی نووسراوێکی فەرمیی سکرتاریەتی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بە ژمارە (١٤٠٦٩) لە ڕێکەوتی ٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ ئاڕاستەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کراوە بۆ ئەوەی ڕێکاری پێویست بۆ جێبەجێکردنی بگرنەبەر.
بەپێی ڕاگەیەنراوی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، ئەم هەنگاوەی حکومەت لە کۆبوونەوەی ژمارە (١٧٦)ی ئەنجوومەنی وەزیراندا و لەسەر پێشنیاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گەڵاڵە کراوە. بە ئامانجی ڕەخساندنی دەرفەتێک بۆ پشتبەستن بە سیستەمی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و پێدانی شایستەکان بەبێ بارگرانی سزای دارایی و کۆکردنەوەی قەرزە کۆنەکان بۆ ناو سندووقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و هاوکات پاراستنی مافی کرێکاران کە خۆی لە دابینکردنی کۆمەک و داهاتی پێویست لە پێناو خزمەتکردنی چین و توێژی کرێکاران، پاراستنی شایستەکانیان و دابینکردنی مووچەی خانەنشینی داهاتوویان دەبینێتەوە.
بەپێی دەقی بڕیارەکە، خاڵە جێبەجێکارییەکان بەم شێوازەی خوارەوە دەبن:
١. لێخۆشبوونی گشتگیر بە مەرجی کات: لێخۆشبوونی تەواوەتی (١٠٠٪) لە سزای دواکەوتنی پارەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەکرێت، بەڵام ئەم لێخۆشبوونە بەو مەرجەیە کە خاوەن قەرزەکان لە ماوەی (٩٠) ڕۆژی کاردا لە ڕێکەوتی دەرچوونی ڕێنماییەکانەوە، تەواوی پارەی قەرزە کەڵەکەبووە سەرەکییەکە بگەڕێننەوە.
٢. دەرکردنی ڕێنمایی نوێ: وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕاسپێردراوە کە لە ئایندیەکی نزیکدا ڕێنمایی تایبەت و ئاسانکاری پێویست بۆ چۆنیەتی جێبەجێکردنی بڕیارەکە بۆ ڕای گشتی و خاوەنکاران بڵاو بکاتەوە.
بڕیارەکە پاش گرتنەبەری ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان لە لایەن وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە، لە ڕۆژنامەی فەرمیی (وەقائیعی کوردستان) بڵاو دەکرێتەوە تاوەکو بچێتە بواری جێبەجێکردنی کۆتاییەوە.
ئەم بڕیارە وەک هەنگاوێکی گرنگی حکومەتی هەرێم سەیر دەکرێت بۆ جوڵاندنەوەی بازاڕی کار و هاوکاریکردنی کەرتی تایبەت، هاوکات لەگەڵ گرەنتی ڕاگرتنی مافە یاساییەکانی هێزی کاری ناوخۆیی.

