Site icon Zed Press

گرژییەکانی پەرلەمان دەگوازرێتەوە بۆ کەرتی وزە

ئێوارەی دوێنێ چوارشەم، ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، هێزێکی ئەمنیی سەر بە سنووری پارێزگای سلێمانی هەڵیانکوتایە سەر هەر سێ نووسینگەکەی کۆمپانیای کار گرووپ لە سنووری قەزای چەمچەماڵ و بە تەواوی دایانخستن. بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو لە ناو تیمی کۆمپانیاکە، پرۆسەکە لەژێر ڕێکارێکی ئەمنیی توونددا بەڕێوەچوو، تێیدا هێزە ئەمنییەکە داوایان کردووە کە دەبێت سەرجەم ئەو کارمەندانەی خەڵکی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکن، دەستبەجێ سنووری پارێزگای سلێمانی جێبهێڵن. لەم چوارچێوەیەدا، لە کۆی نزیکەی ٢٠٠ کارمەندی کۆمپانیاکە لە کێڵگەی کۆرمۆر و چەمچەماڵ، ١٥٠ کارمەندیان کە خەڵکی هەولێر و دهۆک بوون، کارەکانیان جێهێشتووە و بە سەلامەتی گەڕێندراونەتەوە ماڵەکانیان، لە کاتێکدا کارمەندەکانی تری خەڵکی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین نێردراونەتەوە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان لە ناوچەکە.

 

ئەم پێشهاتە دەنگدانەوەی خێرا و کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتووەتەوە؛ ئاسۆ بەکر، قایمقامی چەمچەماڵ، بێئاگایی تەواوی خۆی لەم ڕووداوە نیشان داوە و بە میدیاکانی ڕایگەیاندووە کە ئاگاداری داخستنی نووسینگەی هیچ کۆمپانیایەک نین لە سنوورەکەیان. قایمقام ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم کۆمپانیایانە گرێبەستی فەرمییان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و کۆمپانیای دانەگاز هەیە و پەیوەندییان بە ئیدارەی ناوخۆییەوە نییە، لە کاتی بوونی هەر کێشەیەکیشدا دەتوانن پەیوەندی بە قایمقامییەتەوە بکەن، بەڵام کار گرووپ تا ئێستا هیچ پەیوەندییەکی پێوە نەکردوون. لای خۆشیانەوە سەرچاوەکانی کۆمپانیاکە پشتڕاستیان کردەوە کە لە کاتی جێهێشتنی ئۆفیسەکاندا ئازاری هیچ کارمەندێک نەدراوە، کەس دەستگیر نەکراوە و کەرەستەکانیش نەشکێندراون، بەڵام لە دوای دەرچوونیان چیتر ئاگاداری دۆخی ناو ئۆفیسەکان نین.

 

تیمەکانی کار گرووپ لەم سنوورەدا سەرقاڵی کارپێکردنی تاقیکاری و سەرەتایی ئەو بۆرییە نوێیانەی گازی سرووشتی بوون کە سەرەتای ئەم مانگە لەلایەن شێخ باز بەرزنجی، سەرۆکی گرووپی کۆمپانیاکانی کار، تەواوبوونی پڕۆژەکە و بەستنەوەی کۆرمۆر بە دهۆکەوە ڕاگەیێندرابوو بە مەبەستی دابینکردنی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا و کارگەکان.

 

سەبارەت بە کاریگەرییەکانی ئەم ڕووداوەش لەسەر پڕۆژەی گەیاندنی کارەبای ٢٤ کاژێری ناسراو بە “پڕۆژەی ڕووناکی”، سەرچاوەکان دڵنیایی دەدەن کە ئەم دوورخستنەوەیەی تیمە تەکنیکییەکان هیچ کاریگەرییەکی خێرا لەسەر بەرهەمهێنانی کارەبای هەولێر و دهۆک نابێت، چونکە پڕۆژەکە هێشتا لە قۆناغی تاقیکاریدایە.

 

ئەم پەرەسەندنە توندە ڕاستەوخۆ دوای دانیشتنەکەی دوێنێی پەرلەمانی کوردستان دێت کە تێیدا بە بەشداریی سێ ئەندامی جیابووەوەی فراکسیۆنی یەکێتی، ڕێژەی یاسایی تەواو کرا و پەرلەمان کاراکرایەوە، ئەمەش وەک تۆڵەکردنەوەیەکی سیاسی لەو هه‌نگاوه‌ لێکدەدرێتەوە.

 

بەگوێرەی زانیارییەکانی زێدپرێس، بۆ ڕێگریکردن لەم جۆرە کێشە ئەمنییانە، کار گرووپ پێشتر کۆمپانیایەکی نزیک لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەناوی “ناترۆن” کردبووە هاوبەشی خۆی لە پرۆژەی دروستکردنی بۆرییە نوێیەکەی گاز لە چەمچەماڵەوە بۆ هەولێر. هەرچەندە ئێستا کارمەندانی کۆمپانیای ناترۆن لە کارەکانیان بەردەوامن و ڕێگرییان لێ نەکراوە، بەڵام شارەزایان پێیان وایە کە کۆمپانیای ناترۆن توانای تەکنیکی و لۆجیستی تەواوی نییە تا بتوانێت بە تەنیا و بێ هاوکاری تیمەکانی کار گرووپ ئەم پڕۆژە ستراتیژییە بگەیەنێتە کۆتایی.

Exit mobile version