Site icon Zed Press

“دادگەی فیدڕاڵی داوای لیستی مووچەی حەشدی شەعبی بکات بە دوو کاتژمێر هەڵیدەوەشێننەوە”

فراکسیۆنی پارتی: تا ئێستا وەزارەتی دارایی ڕێنمایی جێبەجێکردنی بودجەی دەرنەکردووە Zed Press news زێدپرێس هه‌واڵ تا وەزارەتی دارایی عێراق ڕێنمایی بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە دەرنەکات، بودجەکە ناکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە
جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەتوندی ڕەخنە لە بڕیارەکانی دادگەی فیدڕاڵی دەگرێت و دەڵێ: ئەگەر دادگەی فیدڕاڵی داوای لیستی مووچەی حەشدی شەعبی بکات، بە دوو کاتژمێر دەڵێن دادگاکە دەستووری نییە و هەڵیدەوەشێننەوە.

 

مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاند، “ماوەیەكە دادگای فیدڕاڵیی عێراق بەردەوام بڕیار دەدات، هەموو بڕیارەكانیش لە قازانجی مەركەزگەرایی عێراق و كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستانە”.

قەرەنی ئاماژەی بەوە کردووە، “بەكارخستنی دادگای فیدڕاڵی بۆ ئەم جۆرە بڕیارانە، جگە لەوەی ئامانج لێی دژایەتیكردنی سیستەمی فیدڕاڵیی عێراقە كە زۆر كەس و لایەن كردوویانە بە پاساو بۆ شاردنەوەی شكست و گەندەڵی و كەموكوڕییەكانی خۆیان، هەروەها ڕێیەكە لەو ڕێگایانەی كە بە پاڵپشتیی وڵاتێكی ئیقلیمی، بۆ هەمواركردنەوەیەكی ڕانەگەیەندراوی دەستوور پەنای بۆ دەبات”.

زیاتر دەڵێ: “دەستووری ٢٠٠٥ی عێراق ڕێوشوێنی ئاڵۆزی بۆ هەمواركردنەوە داناوە كە زۆر زەحمەتە بە ئاسانی بتواندرێت ئەو هەمواركردنەوەیە تێپەڕێندرێت، بەڵام لە لایەن دادگای فیدڕاڵییەوە لەژێر ناوی تەفسیر و چاودێریكردنی دەستووریەتی بڕیارەكان، زۆر بە ئاسانی تەفسیری ئەوتۆ دەخەنە ڕوو كە جێگەی دەقە دەستوورییەكان دەگرێتەوە”. لەو ڕوانگەیەشەوە دەڵێ: “بە ڕای ئێمە، ئەمە ئەوپەڕی ناڕاستگۆییە لەگەڵ گەل، چونكە دەستوور لە لایەن گەلەوە بڕیاری لەسەر دراوە، بەڵام دادگای فیدڕاڵی تەنیا چەند دادوەرێكن كە دادگاكەشیان بەپێی ماددە ٩٢ی دەستوور دروست نەبووە و خۆی پرسیاری لەسەرە”.

لە بەشێکی دیکەی نووسینەکەیدا باس لەوە دەکات، “وێڕای هەموو ئەمانە، جێی پێكەنینە كاتێك دەبینین ئەوەی كە دادگاكە بۆ هەرێمی كوردستان بە نادەستووری و حەرامی دەزانێت، كەچی بۆ عێراق ئاساییە و دادگاكەش هیچ هەڵوێستێكی نییە” و بۆ سەلماندنی بۆچوونەکەیشی دوو نموونەی خستووەتەڕوو.

ئەو دەڵێ، ⁠دادگای فیدڕاڵی سیستەمی كۆتای مەسیحی و توركمان و ئەرمەنی لە هەرێمی كوردستان بە نادەستووری دانا، كەچی لە پەرلەمانی عێراقدا پێكهاتەكان كۆتایان هەیە و دادگای فیدڕاڵیش ناڵێت نادەستوورییە. هەروەها سەرنج دەخاتە سەر ئەو خاڵەی کە ⁠دادگای فیدڕاڵی لە بڕیارەكەیدا هەرێمی كوردستانی بەوە پابەند كردووە كە لیستی سەرجەم مووچەخۆرانی بۆ وەزارەتی دادی عێراق بنێرێت، “لە كاتێكدا وەزارەتی دارایی عێراق تەنانەت ناشزانێت هێزەكانی حەشدی شەعبی چەند سەد هەزار كەسن و هەر ڕۆژەی ژمارەیەك دەگوترێ!”.

“دیسان بە كورتییەكەی، دادگای فیدڕاڵی دەزانێ بڕیارەكانی لە بەرژەوەندیی تاقمێكی سیاسیی عێراقە (كە ئەو تاقمەش خۆیان سەر بە وڵاتێكی ئیقلیمین) بۆیە ئاوا كەوتۆتە وێزەی كورد، ئەگینا نە دادگای فیدڕاڵی و نە غەیری دادگاكەش حەدیان نییە داوای لیستی مووچەی هێزەكانی حەشدی شەعبی بكەن، بڕیارێكی ئاواش بدەن، بە دوو كاتژمێر دەڵێن دادگاكە دەستووری نییە و هەڵیدەوەشێننەوە!”، مەریوان قەرەنی جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وا دەڵێ.

Exit mobile version