ئەمڕۆ یەکشەم، ١٠ی ئازاری ٢٠٢٤، پارێزگاری هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئاماژەیدا کە دەوامی فەرمانبەرانی دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێم لە سنوری پارێزگای هەولێر لەماوەی مانگی ڕەمەزاندا کاتژمێرێک کەم دەکرێتەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، کەمکردنەوەی دەوام نیو کاتژمێر لەکاتی دەستپێکی دەوام لە بەیانی و نیو کاتژمێر لەکاتی تەواوبوونی دەوامی فەرمی فەرمانبەران دەبێت.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
بە بۆنەی هاتنی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز، گەرمترین پیرۆزبایی لە موسڵمانانی كوردستان و عێراق و جیهان بەگشتی و هەولێری پایتەخت بەتایبەتی دەكەین، بەهیواین ئەو مانگە پیرۆزە ببێتە مانگی پتەوکردنی زیاتری تەبایی و برایەتی و یەكڕیزی و پێکەوە ژیانی ئاینی و نەتەوەیی لە کوردستان.
بەم بۆنەیەشەوە ڕایدەگەیەنین دەوامی فەرمی فەرمانبەرانی سەرجەم دامودەزگاكانی حكوومەت لە سنووری پارێزگاکەمان لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان بۆ ماوەی یەک کاتژمێر کەمدەکرێتەوە، نیو كاتژمێر لە کاتی بەیانیان و نیو کاتژمێر لە کاتی تەواوبوونی دەوامی فەرمی فەرمانبەران.
خودای گەورە ڕۆژ و عیبادەتی هەموو لایەک قەبوڵ بکات.
ئومێد خۆشناو
پارێزگاری هەولێر
2024.3.10