Site icon Zed Press

وەزارەتی دارایی: بەغدا ٤١٪ی مووچەخۆرانی هەرێم لە مووچەکانیان بێبەش دەکات

Ministry of Finance and Economy وەزارەتی دارایی و ئابوریی هه‌رێمی كوردستان زێدپرێس
وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕایدەگەیەنێت، ئەو بڕە پارەیەی لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە، ٤١٪ی مووچەخۆرانی هەرێم لە شایستەی مووچەکانیان بێبەش دەکات.

 

ئەمڕۆ سێشەم، ١٢ی ئازاری ٢٠٢٤، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا بۆ ڕای گشتی، ڕایگەیاند، وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدڕاڵ تەنیا بڕی ٥٦٠ ملیار و ٢١٧ ملیۆن دیناری تەمویل کردووە، کە دەکاتە ڕێژەی تەنیا (٥٩٪) لە کۆی گشتی مووچەی هەرێم و بێبەشکردنی ڕێژەی (٤١٪)ی مووچەخۆرانی هەرێم لە شایستەی مووچەکانیان، و تا ئێستا ئەو بڕە پارەیەش کە بڕیاری تەمویلکردنی دراوە نەگەیشتۆتە دەستی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم.

 

دەقی ڕوونکردنەوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری:

 

ڕوونکردنەوەیەک بۆ ڕای گشتی

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە نووسراوی ژمارە (٢١٤٧/٤/٧ ) لەبەرواری ( ٢٠٢٤/٣/٥ ) داوای لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ کردبوو بە تەمویلکردنی تەواوی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە بێ جیاوازیی بۆ مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٢٤  بە بڕی ( ٩٤٩،٨١٣،١٤٦،١٧٠ ) دینار.

بەڵام وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ تەنها بڕی ٥٦٠ ملیار و ٢١٧ ملیۆن دیناری تەمویل کردووە کە دەکاتە ڕێژەی تەنها ( ٥٩٪) لە کۆی گشتی مووچەی هەرێم و بێ بەشکردنی ڕێژەی (٤١٪ )ی مووچەخۆرانی هەرێم لە شایستەی مووچەکانیان، و تا ئێستا ئەو بڕە پارەیەش کە بڕیاری تەمویلکردنی دراوە نەگەیشتۆتە دەستی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم.

ئەم ڕێکارەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵی وایکردووە کە کورتهێنان لە پێدانی مووچەی هەرێم بۆ مانگی شوبات بە نزیکەی ( ٣٩٠) ملیار دینار دروست بێت  وگرفتی گەورەی دارایی دروستدەکات ودەبێتە هۆی بێ بەشکردنی بەشێکی زۆری مووچەخۆران ودروستکردنی فەرق و جیاوازی لە نێوان مووچەخۆران.

جگە لە کەمی ئەو بڕە پارەیەی کە نێردراوە بۆ مانگی شوبات، بەپێی ئەو نوسراوانەی کە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدرال دەریچواندوون، بۆ مووچەی مانگی ئاداری ٢٠٢٤ ، هیچ تەمویلێکی حکومەتی هەرێم ناکرێت ئەگەر مووچەی هەرێم (توتین) نەکرێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی هەژماری من لە مێژە دەستی کردووە بە پرۆسەی توتین لەژێر سەرپەرشتی بانکی ناوەندی عێراق و گفتوگۆکان لەم بارەیەوە بەردەوامن، و نابێت هیچ لەم ڕێکارانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ  ببنە مایەی بێبەشکردنی مووچەخۆرانی هەرێم لە لەمووچەکانیان کە شایستەی دارایی خۆیانە و دەبێت هاوشێوەی مووچەخۆرانی عێراق لە ناوچەکانی دیکەی عێراق مامەڵە بکرێن.

لێرەوە وەکو وەزارەتی دارایی و ئابووری جەختدەکەینەوە لە نووسراوی سەرەوەمان بۆ خەرج کردنی تەواوی مووجەی هەرێم، ونابێت مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بێبەش بکرێن لە ماف و شایستەی دارایی خۆیان و داوا دەکەین وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق بەمەرجی تەعجیزی ئەو مافە لە هەرێمی کوردستان زەووت نەکات و بۆ مووچەی مانگی ئازار هیچ کۆتو بەندێک بۆ تەمویلکردنی مووچەخۆران دانەڕێژن چونکە ئەمە مافی دەستوری و یاسایی مووچەخۆرانی هەرێمە ونابێت تێکەڵی هیچ ناکۆکیەکی نێوان هەردوو حکومەت بکرێن.

 

وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان

٢٠٢٤/٣/١٢.

Exit mobile version