لەلایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی هەوارەبەرزەی سەر بە بەشی پۆلیسی دەربەندیخان دوو تۆمەتبار بە بڕێک ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیركران.
ئەمڕۆ چوارشەم، ١٣ی ئازاری ٢٠٢٤، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، لەكاتی گەڕان و دەرچوونی مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی هەوارەبەرزە، دوو تۆمەتبار دەستگیركران كە لەنزیک تونێلی دەربەندیخان سەرقاڵی لێكردنەوە و دزینی پارچەی ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگر بوون.
هەر بەگوێرەی پۆلیسی سلێمانی، لەكاتی دەستگیركردنیشیاندا دەست بەسەر بڕێك ماددەی هۆشبەر لەجۆری كریستاڵ و ئۆتۆمبێلێكدا گیراوە كە بە تۆمەتباران بووە.
ئێستا هەریەك لەتۆمەتباران (ح. أ. ڕ) و (ب. ش. م) بە بڕیاری دادوەر ڕاگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.