Site icon Zed Press

ئەنجوومەنی وەزیران: دەبێت مووچەخۆران لەڕێگەی وەزارەتی دارایی و (هەژماری من) مووچە وەربگرن

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، (هەژماری من) پڕۆژەیەکی پێشکەوتووی بانکیی و پەسەندکراوی بانکی ناوەندیی عێراقە و دەبێت مووچەخۆرانی هەرێم لە ڕێگەی وەزارەتی دارایی و ئابووری و حیسابی بانکیان لە (هەژماری من)ەوە مووچە وەربگرن.

 

ڕۆژی ١٣ی ئازاری ٢٠٢٤، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیران کۆبووەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، مەسرور بارزانی تیشکی خستە سەر سەردانی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و دیدار و کۆبوونەوەکانی لە واشنتن لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوە و بەرگری و گەنجینە و کۆنگرێس لە ڕۆژانی ٢٦ی شوبات تا ٥ی ئازاری ٢٠٢٤.

سەرۆک وەزیران ڕوونیکردەوە کە لە کۆبوونەوە و دیدارەکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا، “گفتوگۆ لە بارەی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیی دۆستانە و تایبەتی دوولایەنە و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵ و دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم و پاراستنی قەوارەی دەستووری و فیدڕاڵی هەرێمی کوردستان و مافی پێکهاتەکانی کوردستان و پێکهێنانی ئەنجوومەنی فیدڕاڵی کرا”.

پاشان شۆڕش ئیسماعیل وەزیری کاروباری پێشمەرگە، ئاماژەی بەوەدا کە “سەردانەکە زۆر سەرکەوتوو بوو و لەلایەن بەرپرسانی باڵای ئەمریکاوە گرنگییەکی زۆر بە شاندەکە درا و بەردەوامبوونی پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان دووپات کرایەوە”، لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە.

بڕگەی دووەم بریتی بوو لە خستنەڕووی یەکەمین ڕاپۆرتی دەستەی دەستپاکی هەرێم سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی ئاستی جێبەجێکردنی (ستراتیژی نیشتمانی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان) کە پێشتر لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ٢٠٢١ لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسەند کرابوو لە پێناوی هێنانەکایەی چەند ئامانجێکی دیاریکراو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و برەودان بە شەفافیەت و لێپرسینەوە، لە ڕێگەی چەند میکانیزمێکی دیاریکراو، پوختەی ڕاپۆرتەکە لەلایەن ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکی دەستەی دەستپاکییەوە خرایەڕوو. ڕاپۆرتەکە چەندین ڕاسپاردە و پێشنیاری دامەزراوە فەرمییەکانی لەخۆگرتبوو لە چوارچێوەی ستراتیژەکە، لە ناویشیاندا بواری هۆشیارکردنەوەی دژە گەندەڵیی و پەرەپێدان بە چاودێری ناوخۆیی و هەموارکردنەوەی چەند یاسا وڕێنماییەک و برەودان بە توانای فەرمانبەران و ڕاهێنانیان و هەروەها هێنانەکایەی دادگایەکی تایبەت بە تاوانەکانی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان.

ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لەبەرانبەر پێشکەشکردنی ڕاپۆرتەکە، هەڵوێستی خۆی دووپات کردەوە لە بەردەوامبوون لە ڕێکارەکانی پەرەپێدانی شەفافیەت و لێپرسینەوە و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و لە هەمانکاتدا وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردران بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی ئەو ڕاسپاردە و پێشنیارانەی خرانەڕوو.

هەر وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، پاشان لەلایەن ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، هەنگاو و ڕێکارەکانی ئەم دواییەی وەزارەتی دارایی و ئابووری و وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە مووچەی مووچەخۆرانی لە بەر ڕۆشنایی دوا پێشهات و گۆڕانکارییەکان خرایەڕوو.

وەزیری دارایی و ئابووری ئاماژەی دا بەوەی کە وەزارەتەکەی، داوای تەمویلکردنی تەواوی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی لەلایەن وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدڕاڵ کردبوو بەبێ جیاوازیی بۆ مانگی شوباتی 2024 بە بڕی (949,813,146,170) ملیار دینار، بەڵام وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدڕاڵ تەنیا بڕی 560 ملیار و 219 ملیۆن دیناری تەمویل کردووە کە دەکاتە ڕێژەی تەنیا (%59) لە کۆی گشتی مووچەی هەرێم و ئەمەش وا دەکات کە کورتهێنان لە پێدانی مووچەی هەرێم بۆ مانگی شوبات دروست ببێت.

وەزیری دارایی و ئابووری ڕوونیکردەوە کە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی (هەژماری من)، لە مێژە دەستی کردووە بە پرۆسەی (تەوتین) لەژێر سەرپەرشتی بانکی ناوەندی عێراق.

ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە کە نابێت هیچ لەم ڕێکارانەی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدڕاڵ، ببنە مایەی بێبەشکردنی مووچەخۆرانی هەرێم لە لەمووچەکانیان کە شایستەی دارایی خۆیانە و دەبێت هاوشێوەی مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق، مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، بۆیە “جەخت دەکەینەوە کە پێویستە مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکرێت و نابێت مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بێبەش بکرێن لە ماف و شایستەی دارایی خۆیان، چونکە ئەمە مافی دەستوریی و یاسایی مووچەخۆرانی هەرێمە و نابێت تێکەڵی هیچ ناکۆکیەکی نێوان هەردوو حکوومەت بكرێ و کۆسپ و تەگەرە بخرێتە بەردەم خەرجکردنی”.

ئەنجوومەنی وەزیران هەروەها جەختی کردەوە کە “هیچ ڕێگرییەک نییە بۆ پشت بەستن بە پڕۆژەی (هەژماری من) کە پڕۆژەیەکی گرنگ و پێشکەوتووی بانکییە و هاوشێوەی پڕۆسەی (تەوتین)ە و تێچووەکەشی کەمترە و خزمەتگوزاریشی زیاتر و باشترە و لە ژێر سەرپەرشتی و ڕێگەپێدانی بانکی ناوەندی عێراق کراوە، بۆیە دەبێت مووچەخۆرانی هەرێم، لە ڕێگەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و (هەژماری من)ەوە، مووچەی خۆیان وەربگرن و سوودمەندبن لە زۆر خزمەتگوزاریی بانکیی و پێدانی پارە و تەنانەت وەرگرتنی ئاسانکاریی قەرز”.

زیاتر هاتووە: “پڕۆسەکەش بەردەوامە و بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ، هەموو مووچەخۆرانی هەرێم، حیسابی بانکیان بۆ بکرێتەوە، ئەو بانکانەی لە (هەژماری من)یش بەشدارن، مۆڵەتپێدراوی بانکی ناوەندی عێراقین و بەشێکن لە پڕۆسەی (تەوتین) کە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق کراوە”.

ئەنجوومەنی وەزیران جەختیشی کردەوە کە “وەک چۆن مووچەخۆرانی عێراق، ئازادن لە هەڵبژاردن و دەستنیشانکردنی ئەو بانکانەی حیسابی لێ دەکەنەوە، بە هەمانشێوە، پێویستە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش، ئازادبن کە لە چوارچێوەی (هەژماری من)دا، لە چ بانکێک حیساب بکەنەوە. کە ئێستا پێنج بانک بەشدارن لە پڕۆژەکە و لە ماوەیەکی نزیکیشدا، چەندین بانکی تریش دەبنە بەشێک لە پڕۆژەکە”.

Exit mobile version