پێشەوا هەورامانی درەنگانی شەوی ١٧/١٨ی ئازاری ٢٠٢٤، ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق ئامادەیە تەنیا مووچەی ٥٩٪ی فەرمانبەرانی هەرێم خەرج بکات، ئەویش بەئامانجی دروستکردنی فیتنە و جیاوازی لە نێوان فەرمانبەراندا.
هەورامانی لەو ڕوانگەیەوە دەڵێ: “نەسوکایەتی قبوڵدەکەین و نەجیاکاری لەنێوان فەرمانبەرانمان دەکەین”.
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێم، هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا، ئاماژەی بەوە کردووە، کە سەرەتای دروستبوونی کێشەی مووچە لەهەرێمی کوردستاندا لەوە دەستیپێکرد، کە “لایەنێکی سەرەکی و پێکهێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوای لایەنێکی ئۆپۆزسیۆن کەوتن و ئەوان ڕێنیشاندەری ناحەزانی هەرێمی کوردستان بوون بۆ دروستکردنی فشار بۆ بڕینی مووچەی فەرمانبەران”.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە؛
سەرەتای دروستبوونی کێشەی مووچە لەهەرێمی کوردستاندا لەوە دەستیپێکرد کە لایەنێکی سەرەکی و پێکهێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوای لایەنێکی ئۆپۆزسیۆن کەوتن و ئەوان ڕێنیشاندەری ناحەزانی هەرێمی کوردستان بوون بۆ دروستکردنی فشار بۆ بڕینی مووچەی فەرمانبەران.
لەم کاتەدا وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدڕاڵ ئامادەیە تەنیا لەسەدا ٥٩ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدات ئەویش دوای یەک مانگ لە دواخستنی، کە مووچەی پێشمەرگە و شەهیدان و بەشێکی زۆری فەرمانبەرانی هەرێمی تێدا نییە، ئەمەش بۆ دروستکردنی فیتنە و جیاکاری و سوکایەتییە بە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
لەم کاتەشدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت بەڕێز سەرۆک وەزیران سەرقاڵی چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی هەموو فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە.
ئەوانەی لەدەرەوەی نیەتی نیشتیمانی و پاراستنی قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان موزایەدە و قسەی دیکە دەکەن ئەگەر ڕاست دەکەن با بفەرموون لەگەڵ وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدڕاڵ ئەو بڕە مووچەیە خۆیان دابەشی بکەن، چونکە ئێمە نەسوکایەتی قبوڵدەکەین و نەجیاکاری لەنێوان فەرمانبەرانمان دەکەین.
دووپاتیشیدەکەینەوە داکۆکی لەسەرجەم مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەین و پێشێلکردنی مافە دەستورییەکانمان و جیاکاری و سیاسەتی برسیکردن بەهەموو شێوەیەک ڕەتدەکەینەوە دژی دەوەستین.
پێشەوا هەورامانی
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان