ئەمڕۆ چوارشەم، ٢٠ی ئازاری ٢٠٢٤، مەسعوود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەلاحەددین، پێشوازی لە ئەلینا ڕومەنسکی باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا باڵیۆزی ئەمەریكا پیرۆزبایی نەورۆزی لە بارزانی و گەلی كوردستان كرد. هەروەها وێڕای ئاماژەدان بە بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستان و دواپێشهاتەكان، نیگەرانیی خۆی و وڵاتەكەی لە دوا پێشهاتە سیاسیەكان دەربڕی و داواشی كرد كە پارتی دیموكراتی كوردستان ڕۆڵی خۆی ببینێت و لەگەڵ لایەنەكانی تر پێكەوە كێشە و نیگەرانی و تێبینیەكانی پەیوەست بە هەڵبژاردنەكانی هەرێم چارەسەر بكەن.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی “بارەگای بارزانی”، لەو دیدارەدا بارزانی ئاماژەی بە هۆكارەكانی دەرچوونی بەیاننامەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان دا و ئەوەی بۆ شاندی میوان ڕوونکردەوە كە هەر لە سەرەتای نەوەدەكانی سەددەی ڕابردوو پارتی دەستپێشخەری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بووە و خۆی لە ساڵی ١٩٩١ داوای كردووە كە پێویستە شەرعیەتی شۆڕشگێڕی جێگەی خۆی بداتە شەرعیەتی دەستووری و هەڵبژاردن بكرێ. پارتی هەمیشە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بووە ترسی لە هەڵبژاردن نیە بەڵكو تێبینی لەسەر شێوازی هەڵبژاردن و مەترسیی تێكدانی بنەماكانی پێكەوەژیان و نەهێشتنی بەشداریی پێكهاتەكان لە ژیانی سیاسیدا هەیە. بارزانی ئەوەشی خستەڕوو كە “بە بیانووی جۆراوجۆر دووساڵ هەڵبژاردنیان دواخست، دەستی نامۆ و دەرەكی خرانە ناو ئەو بابەتە و لە بەها و پێگەی هەرێمیان كەم كردەوە. هەروەها بە شێوەیەکی نا دەستوری و نا یاسایی بڕیار و یاساکانی هەرێمی کوردستانیان گوڕی و ستەمێکی گەورەیان لە پێكهاتەكان و تێكڕای خەڵكی كوردستان كرد.”
وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەرۆكی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەشی دووپات كردەوە كە “پارتی بایكۆتی هەڵبژاردنی نەكردووە بەڵكو لەگەڵ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد و شەفاف و جێگەی دڵنیایی و دوور لە دەستوەردانی دەرەكی و بەرنامەی پێشوەختەیە كە تێیدا دەنگدەران لە مافی دەنگدان بێبەش نەكرێن و پڕۆسەی دیموكراسی بێ بەها نەكرێت و یاساکانی هەرێم پێشێل نەکرێن”. لە درێژەی وتەكانیدا بارزانی ئاماژەی بە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دا و ئەوەی خستەڕوو كە ڕێككەوتنێكی ڕوون و هەمەلایەنە لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی لەژێر ناوی ئیئتیلافی دەوڵەت هەیە كە بەداخەوە هیچ یەك لە” خاڵە گرنگەكانی ئەو ڕێككەوتنامەیە جێبەجێ نەكراوە. ڕێككەوتنەكە لەپێناو ئەوە بوو كە سەقامگیری بێتە دی و خەڵك بگاتە خوشگوزەرانی و بنەماكانی شەراكەت و تەوازون و تەوافوق پیادە ببن، بەڵام هیچ یەك لەمانە نەكران”. بارزانی جەختی كردەوە كە “لە ڕاوێژ و هەماهەنگیی بەردەوامدا دەبن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و نەهێشتنی نیگەرانییەكان.”