Site icon Zed Press

قایمقامیەتی سلێمانی: شامپۆی بریم لێس مەترسی شێرپەنجەی لێ دەکرێت

به‌هۆی هه‌بوونی ئه‌و مادانه‌ی كه‌ مه‌ترسی تووشبوون بە شێرپه‌نجه‌یان لێده‌كرێت، قایمقامیه‌تی سلێمانی بڕێكی زۆر شامپۆ له‌جۆری (بریم لێس) له‌ناوده‌بات.

 

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م، ٢٨ی ئازاری ٢٠٢٤، كه‌یوان خه‌لیل، نوێنه‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كوالێتی كۆنتڕۆڵی جۆری له‌ قایمقامیه‌تی سلێمانی ڕایگه‌یاند: دوای به‌دواداچوونیان بۆ سكاڵای ئه‌و هاووڵاتییه‌ی كه‌ به‌هۆی به‌كارهێنانی شامپۆی جۆری (بریم لێس)ی چینی ‌تووشی دۆخێكی نه‌خوازراوی ته‌ندروستی كردبووه‌وه‌، لیژنه ‌هاوبه‌شه‌كان توانیان له‌سه‌رجه‌م ماركیت و شوێنه‌كانی فرۆشتندا، ڕێگری له‌ فرۆشتنی ئه‌و جۆره‌ شامپۆیه‌ بكه‌ن، كه‌ گومانی لێكرا له‌ ئه‌گه‌ری به‌كارهێنانیدا زیان به‌ ته‌ندروستی هاووڵاتییان بگه‌یه‌نێت.

گوتیشی: له‌ژێر چاودێری قایمقامیه‌تی سلێمانی پشكنینی تاقیگه‌ی بۆ‌ ئه‌و جۆره‌ شامپۆیه‌ ئه‌نجامدراوه، و له‌ ئه‌نجامیشدا ده‌ركەو‌تووه‌ له‌ پێكهاته‌كانی ئه‌و جۆره‌ شامپۆیەدا‌، دوو ماده‌ی سه‌ره‌كی هه‌ن كه‌ هۆكار‌ن بۆ تووشبوون به‌ شێرپه‌نجه،‌ هه‌روه‌ها ده‌بێته‌ هۆی ڕووشانی پێست و سوربوونه‌وه‌ و خوران و ئاوسان، بۆیه بە‌ بڕیاری قایمقامی سلێمانی ته‌واوی ئه‌و جۆره‌ شامپۆیه‌ ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراو له‌ لایه‌ن لێژنه‌ی له‌ناوبردنه‌وه‌ له‌ناوده‌بردرێت.

ماوەی ڕابردوو، هاووڵاتییەک لە شاری سلێمانی ڕایگەیاند بەهۆی بەکارهێنانی ئەم جۆرە شامپۆیەوە، تووشی دۆخێکی نەخوازراوی تەندروستی بووەتەوە و وێنەی هاووڵاتییەکە بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوویەوە، کاتێک بە دەموچاو و ڕووخسارێکی هەڵئاساوەوە دەرکەوت.

Exit mobile version