لە لایەن نووسینگەی ساختەكاری بەشی نەهێشتنی تاوانی سلێمانییەوە تۆمەتبارێك بەتۆمەتی ساختەکردنی گرێبەستی کڕینی شوقە دەستگیر کرا.
ئەمڕۆ یەکشەم، ٣١ی ئازاری ٢٠٢٤، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، لەسەر سكاڵای چەند هاووڵاتییەك و لە لایەن نووسینگەی ساختەكاری بەشی نەهێشتنی تاوانی سلێمانییەوە تۆمەتبارێكی بەناسنامە عەرەب دەستگیركرا كە گرێبەستی كڕینی شوقەی ساختە کردووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیسی سلێمانی، تۆمەتبارەکە بەناوی (ف. ع. ڕ) لە دایكبووی ساڵی ١٩٧٠ و بەناسنامە عەرەبە.
پۆلیسی سلێمانی ئاشکرای کردووە، تۆمەتبارەکە پێنج سكاڵای لەسەرە و ئێستا بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی ٢٨٩-٢٩٨ی یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.
زیاتر هاتووە، کە تۆمەتبار پێشینەی تاوانی هەیە و پێشتر لەسەر هەمان دۆسیە دەستگیركراوە.

