Site icon Zed Press

زیانی لافاوەکەی هەرێمی کوردستان ٦٤ ملیار دیناری تێپەڕاندووە

بەگوێرەی خەمڵاندانی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان، زیانی لافاوەکەی هەولێر، دهۆک و زاخۆ زیاتر لە ٦٤ ملیار دیناری عێراقییە.

 

ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان سەربە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە خشتەیەکی تایبەتدا هەڵسەنگاندنی بۆ زیانەکانی باران بارین لەماوەی نێوان ١٨ تا ٢١ی ئازاری ٢٠٢٤ لە هەرێمی کوردستان و بەدیاریکراوی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کردووە.

بەگوێرەی ئاماری ناوەندەکە، لە ئەنجامی لافاوەکاندا، سێ هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و ١٣ هاووڵاتی دیکەیش بریندار بوون. لەکاتێکدا ٧٦٤ کەس ڕزگار کراون، سەرجەمی قوربانییەکان لە دهۆک و زاخۆن.

بەهۆی تێکچوون و داڕووخانی خانووی هاووڵاتییانەوە، کە ٢١ خانوو بە تەواوەتی ڕووخاون؛ ١٧ خانوو لە دهۆک، سێ خانوو لە زاخۆ و خانوویەک لە هەولێر، هەروەها هەزار و ٨١٢ خانوویش زیانیان بەرکەوتووە، بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان بۆ هۆتێل و مۆتێلەکان گواسترانەوە، کە ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان ئاماژەی بە گواستنەوەی هەزار و ٥٧٩ کەس کردووە و لەو ژمارەیەدا هەزار و ٤٩ هاووڵاتییان لە شاری دهۆک بوون.

هەر لە ئەنجامی باران بارین و دروستبوونی لافاودا، ٢٣٦ ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان زیانیان بەرکەوتووە و ٣٠ پڕۆژەی حکوومیش تووشی زەرەروزیان بوون.

ئامارەکە، ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ٤١٢ دووکان و مارکێت بە هەمان شێوە زیانیان بەرکەتووە و ٤٠٠ سەر ئاژەڵیش لە ئاوی لافاودا خنکاون، کە هەر هەموویان لە سنوری زاخۆ بوون.

ناوەندەکە، زیانی ماددی لافاوەکەی بە سەرووی ٦٤ ملیار و ١٢٥ ملیۆن خەمڵاندووە، کە زۆرترین زیان بەر دهۆک کەوتووە بە زیاتر لە ٤٧ ملیار دینار و لە پلەی دووەمیشدا زاخۆ کە زیاتر لە ١٥ ملیار دینار زیانی لێکەوتووە و پاشان پارێزگای هەولێر کە ٩٦٤ ملیۆن دینار زیانی هەبووە.

Exit mobile version