ئێوارەی ڕۆژی سێشەم، ٢ی نیسانی ٢٠٢٤، شاندەکە گەیشتە بەغدا، کە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرۆکایەتی دەکات.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری، ئامانج لە سەردانەکە گفتوگۆکردنە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکوومەتی فیدڕاڵیی عێراق بۆ چارەسەرکردنی پرسی بودجە و مووچەی فەمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و ناردنی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان.
هەر ئەمڕۆ چوارشەم، ٣ی نیسانی ٢٠٢٤، لەگەڵ کۆبوونەوەکانی شاندەکەی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، زیاتر لە سەرچاوەیەکی هەواڵی لە حکوومەت و وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەیان بە ڕەزامەندی تەیف سامی وەزیری دارایی کردووە لەسەر ناردنی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایشی هەرێمی کوردستان.
لە چەند ڕۆژی ڕابردووەوە، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کراوە و هەوڵەکانی شاندەکە بۆ دەستەبەرکردنی مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی زێدپرێس، هەوڵێک هەیە بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە پێش جەژن و لەگەڵ ناردنی بڕە پارەی پێویست لەلایەن بەغداوە.