باندێکی ساخکردنەوەی دراوی ساختە لەلایەن هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی/ناوشار بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی، دەستگیرکران.
دەزگای ئاسایشی هەرێم/ سلێمانی، ڕایگەیاند، هێزەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، لەچەند هەڵمەتێکدا توانیان سەرجەم ئەندامانی باندێکی ساخکردنەوەی دراوی ساختە دەستگیر بکەن، کە لەمانگی ڕەمەزاندا دۆلاری ئەمریکی ساختەیان بە دووکاندار و فرۆشیاران داوە، لە پێناو ساسکردنەوەی پارە تەزویرەکەیان و دیناری عێراقیان وەرگرتووەتەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی دەزگای ئاسایشی هەرێم، باندەکە لە چوار کەس پێکهاتوون و دوای دەستگیرکردنیان، دەستیش بەسەر تەواوی پارەکەیاندا گیراوە.
“تۆمەتباران تەمەنیان لە نێوان ( ٢٤ بۆ ٣٠ ) ساڵیدایە و دانیشتووی شاری سلێمانی و قەزای چەمچەماڵن. ئێستا سەرجەم تۆمەتباران بە ماددەی ( ٢٨١ ) لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکانیان بەردەوامە”، دەزگای ئاسایشی هەرێم وای گوتووە.