پەیامی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بەبۆنەی 36 ساڵەی ئەنفالی بەدناو
بەداخەوە لە ڕۆژێکی ئاوادا ڕژێمی لەناوچووی ئەوکاتی بەغدا هەڵمەتی قڕکردن و جینۆساید و تێکدانی گوندەکانی کوردستانی خستە بواری جێبەجێکردنەوە و هەزاران ژن و منداڵ و پیر و پەککەوتەی ڕاپێچی کۆمەڵگە زۆرەملێکان کرد لە بیابانەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و سەدانی تری لەگۆڕە بەکۆمەڵەکان کوشت و جینۆسایدی کردن بە دڕندەترین شێوازی نامرۆڤانە.
ئەو ڕژێمە بێگوێدانە هیچ بەها و یاسایەک دەستی بە لەناوبردنی میللەتێک کرد لە پێناو کۆتاییهێنان بەناسنامە و بوونیان، بۆیە هەموو جۆرە تاوانەکانی بەرانبەر گەلی کورد بەکارهێنان.
هەرچەندە ڕژێمی لەناوچووی بەغدا بەبێ جیاوازی لە ناوچەکانی کوردستان دەستی بەو کۆمەڵکوژی و لەناوبردنە کرد و کەسی نەپاراست.
بەپێی هەموو پێوەر و یاساکان جینۆسایدی هەر میللەت و گەلێک تاوانێکی نێودەوڵەتییە و نەفرەتلێکراوە و پێچەوانەی بنەما و ڕێککەوتنامەکانی مافی مرۆڤە.
ئەگەرچی دوای چارەگە سەدەیەک دوای لەناوچوونی ئەو ڕژێمە هێشتا ڕووفاتی سەدان کەس لە ئەنفالکراوان نەدۆزراینەوە و نەگەڕێنراوەنەوە خاکی خۆیان و کەسوکاریان تا ئێستاش لە چاوەڕوانی ئەوانن.
پێویستە هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ دۆزینەوە و گەڕانەوەی ئەو ڕووفاتانە و ئەرکی حکوومەتی عێراقە بەو کارە هەڵسێ بەهەماهەنگی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
پێوستە هەوڵەکان چڕ بکرێنەوە بۆ ئەوەی کەیسی ئەنفال لە ئاستی نێودەوڵەتی بەجیهانی بکرێت و وەک تاوانی نێودەوڵەتی بناسرێت کە دەبێتە مایەی قەرەبووکردنەوەی کەسوکار و خانەوادەکانیان.
ئێمە لەو ڕۆژەدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ قوربانیانی ئەنفالکراو دادەنوێنین و وەفا و دڵسۆزی بۆ کەسوکارەکانیان دووپات دەکەینەوە.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان
13ی نیسانی 2024