Site icon Zed Press

سه‌ركۆماری توركیا به‌رده‌وامیی پشتگیریی وڵاته‌كه‌ی بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه‌.

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سه‌رۆک كۆماری توركیا به‌رده‌وامیی پشتگیریی وڵاته‌كه‌ی بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه‌.

 

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌م،‌ 2024/4/22 له‌ چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ عێراق، ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌ركۆماری توركیا و شاندێكی یاوه‌ری، گه‌یشته‌ هه‌رێمی كوردستان و له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر له‌لایه‌ن نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، مه‌سروور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیران، قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و ژماره‌یه‌ك له‌ وه‌زیران و به‌رپرسانی باڵای هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ پێشوازی لێكرا.

دواتر له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا سه‌ردانی ئه‌مڕۆی ئه‌ردۆغان بۆ به‌غدا و دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای عێراقی فیدڕاڵ، په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی له‌ بواری ئابووری و بازرگانی و هاریكاریی ئه‌منیدا، تاوتوێ كران.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا نێچیرڤان بارزانی خواستی هه‌رێمی كوردستانی بۆ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ كۆماری توركیا له‌ هه‌موو بواره‌كاندا ده‌ربڕی و دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ “هه‌رێمی كوردستان وه‌ك هه‌میشه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ فاكته‌ری ئارامی و سه‌قامگیری ده‌بێت، هه‌روه‌ها سوپاسی هاوكاری و پشتگیریی توركیای بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌ كاته‌ سه‌خته‌كاندا، كرد”.

“هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا مه‌سروور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختی له‌ ئاماده‌ییی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌كان و هاریكاریی هاوبه‌شی ئابووری و بازرگانی له‌گه‌ڵ توركیادا كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها باسی له‌ ده‌رفه‌ته‌كانی كار و وه‌به‌رهێنان بۆ كۆمپانیا توركییه‌كان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا كرد و سوپاسی كردن كه‌ له‌ دۆخی سه‌ختی ئابووریشدا، به‌رده‌وامییان به‌ كار و ئه‌نجامدانی پرۆژه‌كان داوه”‌.

لای خۆیه‌وه‌ ئه‌ردۆغان “به‌رده‌وامیی پشتگیریی وڵاته‌كه‌ی بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه‌ و ئاماده‌ییی وڵاته‌كه‌ی بۆ هاریكاریی هاوبه‌ش و بره‌ودانی زیاتر به په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌ هه‌موو بواره‌كاندا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی كوردستان نیشان دا، هه‌روه‌ها داكۆكی له‌ پێویستی و گرنگیی پاراستنی ئارامی و سه‌قامگیری له‌ ناوچه‌كه‌ و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و مسۆگه‌ركردنی مافی پێكهاته‌كان كرده‌وه‌”.

هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، “ڕێککه‌وتتنامه‌ و یاداشته‌کانی لێکگه‌یشتنی تورکیا و عێراق، پاراستنی ئاسایشی سنوور، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر، دوایین پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه به‌گشتی و ‌چه‌ند باس و بابه‌تێكی جێی بایه‌خی هه‌ردوولا، ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون”.

Exit mobile version