مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی زەڕایەنی سەر بەبەشی پۆلیسی شارەزوور ئەو تۆمەتبارەیان دەستگیرکرد کە ئەمڕۆ لەناحیەی زەڕایەن تەقەی لەکەسێک کرد و کوشتی.
پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی ئەمڕۆ ٢٠٢٤/٤/٣٠، تۆمەتبارێک لەناحیەی زەڕایەن تەقەی لەکەسێک کرد و کەسەکە گیانی لەدەستداو تۆمەتبار بۆ شوێنێکی نادیار هەڵات، دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوە لەڕووداوەکە دەستیپێکرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیس، پاش گەیشتنە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان و وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانراوە لەماوەی کەمتر لەکاتژمێرێکدا تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی زەڕایەنەوە دەستگیربکرێت.
پۆلیسی سلێمانی دەڵێ، ئێستا تاوانبار (م، ع، س) لەدایکبووی 1983 بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی 406 لەیاسای سزادان ڕاگیراوەو لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە.