ئەو کۆبوونەوەیەی بڕیاربوو لە نێوان شاندی هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵی کوردستان و عێراق سەبارەت بە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی کوردستان بکرێت، هەڵوەشایەوە.
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ دووشەم، بڵاویکردەوە، بڕیار وابوو ئەمڕۆ دووشەم، ١٣ی ئایاری ٢٠٢٤، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان و تیمی یاوەری لەگەڵ وەزیر و تیمی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کۆببێتەوە، لەسەر بابەتی یەکلاییکردنەوەی چۆنیەتی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی کوردستان، بەڵام وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “هەرچەندە پێداگیری و ئامادەکاری تەواو کراوە لەلایەن شاندەکەی هەرێم، بەڵام کۆبوونەوەکە لەسەر داواکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دواخراوە”.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ، بەرپرسانی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ڕۆژی دووشەمی هەفتەی داهاتوویان بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە دیاریکردووە.