Site icon Zed Press

ناوی حەوت وەزارەت و دامودەزگا لە لیستی مووچەدا نین

بەگوێرەی خشتەی دابەشکردنی مووچە، لانیکەم ناوی حەوت وەزارەت و دامودەزگا لە خشتەکەدا نییە و وەزارەتی دارایی و ئابوورییش دەڵێ، خشتەکە بەپێی ئەو تەرخانکردنە داراییە ئامادەکراوە کە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە نێردراوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەم ١٥ی ئایاری ٢٠٢٤، بڕی ٤٤٣ ملیار دینار وەک شایستەی مانگی نیسانی وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق. دواتر، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، خشتەیەکی دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی ڕاگەیاند.

بەگوێرەی خشتەکە، دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسان، لە ئەمڕۆوە دەست پێ دەکات و تا ٢٠ی ئایاری ٢٠٢٤ دەخایەنێت.

خشتە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری، لانیکەم ناوی حەوت وەزارەت و دامودەزگای تێدا نییە، لەناویاندا: وەزارەتی پێشمەرگە و لیواکانی، هێزی بەرگری و فریاکەوتن، هێزەکانی یەکەی حەفتا و هەشتا، هێزەکانی زێرەڤانی، ئەنجوومەنی ئاسایش، دەزگای ئاسایش و پۆلیسی دامودەزگا نەوتییەکان.

وەزارەتی دارایی و ئابووری، دەڵێ، خشتەی دابەشکردنی مووچەکە، بەگوێرەی ئەو تەرخانکردنە داراییە ئامادەکراوە، کە لەلایەن وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدڕاڵیی عێراقەوە نێردراوە.

Exit mobile version