شایستەی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و دامودەزگا ئەمنییەکان گەیشتووەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری و هەر ئەمڕۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەکانیان دەکرێت.
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کەمێک لەمەوبەر بڕی ٣٤٤ ملیار و ٨٧٥ ملیۆن دینار وەک شایستەی مووچەی مانگی نیسانی هێزەکانی پێشمەرگە و دامودەزگا ئەمنییەکان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
بەگوێرەی خشتەی دابەشکردنی مووچەی پێشمەرگە و دامودەزگا ئەمنییەکان، کە لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە ڕاگەیەندراوە، ئەمڕۆ دووشەم، ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤، مووچەی دامەزراوەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش، دەزگای ئاسایش، هێزەکانی زێرەڤانی، بەرگری و فریاکەوتن، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پاراستنی دامودەزگاکانی نەوت و پاسەوانی وەزارەتی ناوخۆ/سلێمانی دابەش دەکرێت.
هەروەها بەیانی سێشەم، ١١ی حوزەیران دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسانی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، هێزەکانی حەفتا و هەشتا دەکرێت.