Site icon Zed Press

دادگای فیدڕاڵی ڕوونکردنەوە لەسەر بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەدات

بەگوێرەی دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق، بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەشێت لە ڕێگەی بانکە حکوومییەکان یان بانکەکانی ڕێپێدراو لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە بێت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ چوارشەم، ٣ی تەمووزی ٢٠٢٤، دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق بە نووسراوێکی تایبەت کە ئاڕاستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی کردووە، وەڵامی نووسراوێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی داوەتەوە، سەبارەت بە پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

نووسراوەکەی حکوومەتی هەرێم هەر ئەمڕۆ چوارشەم ئاڕاستەی دادگاکە کراوە و هەر ئەمڕۆیش وەڵام دراوەتەوە.

بەگوێرەی نووسراوەکەی دادگای فیدڕاڵی، بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بانکە حکوومییەکان و ئەو بانکانەیش دەکرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە ڕێپێدانیان وەرگرتووە.

ڕوونکردنەوەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە وا لێکدانەوەی بۆ کراوە، کە پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەچوارچێوەی پڕۆژەی “هەژماری من” و لە ڕێگەی بانکە تایبەتەکانەوە هیچ گرفتێکی نییە، لەکاتێکدا سەرجەم بانکە تایبەتەکانی ناو پڕۆژەی “هەژماری من” ڕێپێدانیان لە بانکی ناوەندیی عێراق وەرگرتووە.

هەر ئەمڕۆ چوارشەم، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لەمەڕ ڕوونکردنەوەکەی دادگای فیدڕاڵی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: ” پێشوازی لە ڕوونکردنەوەی ئەمڕۆی دادگای باڵای فیدڕاڵی دەکەم سەبارەت بە بەشداربوونی بانکە حکومی و تایبەتەکان لە پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان”.

ئاماژەی بەوەش کردووە: “وەک هەمیشە داکۆکیم کردووە، دەبێت هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان هەمان مافی بەشەکانی دیکەی عێراقیان هەبێت لە هەڵبژاردنی بانکی دڵخوازی خۆیان بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان، بەو مەرجەی بانکەکان لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراق مۆڵەتیان پێبدرابێت و پەسەند کراو بن. ڕوونکردنەوەکەی ئەمڕۆ ئەو مافە بنەڕەتییە دووپات دەکاتەوە”.

مەسرور بارزانی هەر لە پەیامەکەیدا داوا لە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات “بە زووترین کات خۆیان تۆمار بکەن” و زیاتر دەڵێ: “ئەم پێشکەوتنەی ئەمڕۆ، زیاتر هانمان دەدات تا پڕۆسەی هەژماری من خێراتر بکەین و بەڵێنەکەمان جێبەجێ بکەین کە تا کۆتایی ئەمساڵ، یەک ملیۆن مووچەخۆر ببن بە خاوەن هەژماری بانکی. هەروەها دڵنیایی زیاتر بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەدات و ڕێگە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی دیکە خۆش دەکات”.

Exit mobile version