شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەم، ٩ی تەمووزی ٢٠٢٤، لێژنەی دیوانی چاودێری دارایی عێراق سەردانی وەزارەتی پێشمەرگە و یەکەی حەفتا و هەشتا دەکات و دوای ئەوە ڕەنگە هەر لەم دوو سێ ڕۆژەدا (گرفتی مووچە) چارەسەر ببێت”.
سەبارەت بە هەبوونی وادەیەکی دیاریکراو بۆ دابەشکردنی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە، شۆڕش ئیسماعیل گوتی: “مووچەکە لە بەغداوە دێت، من لە بەغدا نیم تا بزانم کەی دێت”.
وەزیری پێشمەرگە، لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسان سەبارەت بە هەڕەشە و لەشکرکێشییەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان و شەڕی پەکەکە، گوتی: “هیوادارم ئەو شەڕە نەبێتە هۆی ئەوەی خەڵکی مەدەنی زۆر تێیدا بچێت و ئەم شەڕ و ماڵوێرانییەش بەزوویی کۆتایی بێت”.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا و سەبارەت بە پڕۆسەی یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە ڕایگەیاند: “قۆناغەکان بەشێوەیەکی باش بەڕێوەدەچێت، پڕۆسەی چاکسازی کێشەی خۆی هەیە، بەڵام ئێمە وەک تیمیێکی یەکگرتوو لە وەزارەتی پێشمەرگە توانیومانە بەسەر بەشێکی زۆر لە گرفتەکاندا زاڵ بین، بەڵام کاتیشی دەوێت”.