Site icon Zed Press

“نابێت گۆڕستانی قوربانییانی ئەنفال و زێدەکەیان بە تەرمی بەعسی و خۆفرۆشان پڕ بکرێتەوە”

یەکێتی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان داوا دەکات ڕێگە نەدرێت تەرمی پارێزگاری پێشووتری سلێمانی بهێنرێتەوە کوردستان و لە زێدی قوربانییانی ئەنفال بەخاک نەسپێردرێت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ یەکشەم، ٢٨ی تەمووزی ٢٠٢٤، یەکێتی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان پەیامێکی لەبارەی هێنانەوەی تەرمی شێخ جەعفەر بەرزنجی پارێزگاری پێشووتری سلێمانی بڵاوکردەوە و داوا دەکات ڕێگە نەدرێت تەرمەکەی لە سنوری قادرکەرەم و لە زێدی قوربانییانی ئەنفالکراو بەخاک بسپێردرێت، بەهۆی ئەوەی ناوبراو “چاوساغی حکوومەتی بەعس بوو دژی خەڵکی لادێکان و هێزەکانی پێشمەرگە”.

شێخ جەعفەر بەرزنجی لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، پارێزگاری سلێمانی بووە و دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ گەڕاوەتەوە کەرکووک و ناوچەکانی ژێر دەستی بەعس و لەگەڵ ئازادکردنی عێراق لە ٢٠٠٣ بۆ دەرەوەی عێراق هەڵاتووە و دوێنێ هەواڵی مردنی ناوبراو لە نەخۆشخانەیەکی دەرەوەی عێراق ڕاگەیەندرا.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

 

ئەمڕۆ تەرمی کەسێک کە پێشتر پارێزگاری سلیمانی بووە، دەهێنرێتەوە قادرکەرەم، ئەو شوێنەی خاوەن دەیان هەزار قوربانی ئەنفالە، کە ئەو پارێزگارە نەک نەیتوانی هیچیان بۆ بکات، بەڵکو چاوساغی حکوومەتی بەعس بوو دژی خەڵکی لادێکان و هێزەکانی پێشمەرگە.

بۆیە لای خۆمانەوە داواکارین تەرمی ئەو کەسایەتییەی بەعس و لە داهاتووشدا تەرمی هیچ خۆفرۆشێک نەهێنرێتەوە کوردستان و زێدی قوربانییانی ئەنفالکراو، هاوکات گرنگە کەسانی تێکۆشەری بنەماڵەکەی شێخ جەعفەر، خۆیان ڕێگە نەدەن بە تێکەڵاوکردنی گۆڕستانی قوربانییانی خۆیان و ئەو پارێزگارەی تەنانەت کەسە نزیکەکانی خۆیانیشی بۆ ڕزگار نەکرا.

ئیتر لە هەر شارێکی وەکو بەغداد یان وڵاتانی دەرەوە بە خاکی دەسپێرن، ئەوە خۆیان لەو تاوانانە پاک دەکەنەوە کە پێشتر ئەوان کردوویانە. هەر حزب و لایەنێکیش خۆی بە دڵسۆزی قوربانییانی ئەنفال بزانێت، نابێت گۆڕستانی قوربانییانی ئەنفال و زێدەکەیان، بە تەرمی بەعسی و خۆفرۆشان، پڕ بکاتەوە.

 

 

یەکێتی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان

٢٨ی تەمووزی ٢٠٢٤

Exit mobile version