سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بۆ بەدواداچونی جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی تایبەت بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەنووسراوی ژمارە (٧٨٠/د لە ٣/٦/٢٠٢٤) داوای لە وەزیری دارایی عێراق کردووە، چییان کردووە بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی تایبەت بە بانکیکردنی مووچە لە بانکە فیدراڵییەکان.
لەبەرانبەردا وەزیری دارایی عێراق بەنووسراوی ژمارە (٥٧٧٩ لە ٢٣/٧/٢٠٢٤) ئاماژە بەوە دەکات لە ٧/٤/٢٠٢٤ بەنووسراوی ژمارە (٩٤٢٩) داوای زانیاری فەرمانبەرانی هەرێمیان کردووە بۆ بانکیکردنی مووچەکانیان لە بانکی ڕەشید و ڕافیدەین و TBI و چاوەڕوانی وەڵامی حکوومەتی هەرێمن.
بەگوتەی سۆران عومەر، “تا ئەمڕۆ حکوومەتی هەرێم ئامادە نییە لیستەکان بدات بۆ بانکیکردن و دەستی بەفشار کردووە لەسەر فەرمانبەران تاکو هەژماری من لە بانکی ئەهلی پڕ بکەنەوە”.
زیاتر دەڵێ: “دوای ئەم وەڵامەی وەزیری دارایی فیدڕاڵ ئاشکرایە حکوومەتی هەرێم پاش ١١٢ ڕۆژ لە داواکردنی زانیاری مووچەخۆران ئامادە نییە تەوتین بکات بەهۆی ئەوەی دەیەوێت جڵەوی پارەی مووچە لای خۆی بێت و و خەریکی فشاری نایاساییە لەسەر مووچەخۆران بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی هەژماری من.”
ڕاشیگەیاند: “لەدوای ئەم بێ وەڵامییەی حکوومەتی هەرێم بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی لەسەر تەوتین هەنگاوی دی دەگرینە بەر”.

